(كەركوك ناو) زانیاریی لەسەر بازنەكان و چۆنیەتی دابەشبونی كورسییەكانی كەركوك بۆ پەرلەمانی عیراق بڵاودەكاتەوە. ئەوەش بە پشتبەستن بە خشتەیەكی لقی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عیراق.
پارێزگای كەركوك بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی عیراق بەسەر سێ بازنەی هەڵبژاردندا دابەشكراوە، ئەوەش بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، هەر 12 كورسییەكەی پارێزگا لەو سێ بازنەیەدا جێكراونەتەوە.
بازنەی یەكەم
ئەم بازنەیە گەورەترین بازنەی هەڵبژاردنە لە پارێزگای كەركوك و لەكۆی 12 كورسی پارێزگاكە، پێنج كورسی پەرلەمانی داهاتوی عیراق بەسەر ئەم بازنەیەدا دابەشبووە، (جگە لە كورسی كۆتای كریستیانەكان).
ئەم بازنەیە زیاتر بەشی خۆرهه‌ڵاتی قه‌زای ناوه‌ندی كه‌ركوك و باكوری ناوشار دەگرێتەوە، بەپێی خشتەكەی كۆمسیۆن كە كۆپییەكی لای (كەركوك ناو)ە، ناوچه‌كانی وه‌ك ره‌حیماوه، عه‌ره‌فه، شۆریجه، موسه‌ڵا، ئیسكان، بەشێكی قۆرییە، قادسیەی یەك، حوریه، پردێ، دوبز، له‌یلانی تێدایه.
لەكۆی پێنج كورسی ئەم بازنەیە یەكێكیان بۆ كۆتای ژنانە.
بازنەی دووەم
بە دووەم بازنەی هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركوك دادەنرێت و چوار كورسی پەرلەمانی بەردەكەوێت.
ئەم بازنەیە ناوه‌ڕاستی قه‌زای ناوه‌ندی؛ شوێنه‌كانی وه‌ك تسعین یەك و دوو، داقوق، قۆریه - ئەڵماس، رێگای بەغدا، واستی، قادسیه‌ی 2، تازه-رشاد1، چه‌ند ناوه‌ندێكی موسه‌ڵا، حه‌ی عه‌سكه‌ری، خاسه، سەورە، ریاز3 و یایچی تێدایە.
یەكێك لەو چوار كورسییەش بۆ كۆتای ژنانە.
بازنەی سێیەم
بچوكترین بازنەی هەڵبژاردنە لە پارێزگاكە و سێ كورسی بەردەكەوێت و یەكێكیان بۆ كۆتای ژنانە.
ئەم بازنەیە زیاتر باشور و باشوری خۆرئاوای پارێزگای كەركوك دەگرێتەوە و پێكهاتووە لە ناوەندی حەویجە، تەواوی هەردوو ناحیەی عەباسی و زاب، لەگەڵ زۆرینەی ناحیەی رەشاد و تازە.
په‌رله‌مانی عیراق؛ لە 29ی تشرینی یەكەمی 2020، ده‌نگیدا له‌سه‌ر بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردنی پارێزگای كه‌ركوك، كه 12 كورسی لە خۆدگرێت، لەگەڵ كورسییەكی كۆتای كریستیانەكان.
یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردنی كه‌ركوك، دوابه‌دوای چه‌ندین كۆبونه‌وه‌ی نێوان په‌رله‌مانتارانی پارێزگاكه هات لە هەمان مانگدا، كه پێشنیازی جیاوازیان بۆ چۆنیه‌تی دابه‌شكردنی یه‌كه ئیدارییه‌كان به‌سه‌ر بازنه‌كان و كورسییه‌كانی كه‌ركوك هەبوو.