عه‌یازییه‌ چاوه‌ڕێی ده‌ستی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یه‌

نه‌ینه‌وا، زستانی 2020، وێرانكارییه‌كانی شه‌ڕی داعش له‌ ناحیه‌ی عه‌یازییه‌ فۆتۆ: جه‌عفه‌ر ته‌له‌عفه‌ری

جه‌عفه‌ر ته‌له‌عفه‌ری – نه‌ینه‌وا

ئه‌و وێرانكارییه‌ شوێنی نیشته‌جێبون نییه‌ و ئه‌وه‌شی پاره‌ی نه‌بێت ناتوانێت خانوه‌كه‌ی بنیاتبنێته‌وه‌، "خۆزگه‌ رێگه‌یان پێده‌دام بمێنمه‌وه‌ و بۆ ئه‌م وێرانه‌یه‌ نه‌گه‌ڕێمه‌وه‌" ئه‌مه‌ ئاواتێكی دره‌نگوه‌ختی ئه‌شره‌ف جه‌میل-ـه‌، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ كه‌مپی یه‌حیاوه‌ی كه‌ركوكه‌وه‌ بۆ ناحیه‌ی عه‌یازییه‌ له‌ باكوری ته‌له‌عفه‌ر.

جه‌میل (35 ساڵ) كه‌ چه‌ند مانگێكه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئاماژه‌دان به‌ كه‌لاوه‌ی خانوه‌كه‌ی له‌ گه‌ڕه‌كی شه‌هیدلار به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "وابڕیاره‌ لێره‌ بژیم، چه‌ند پاره‌م پێویسته‌ تا ئه‌م وێرانه‌یه‌ دوباره‌ بنیاتبنێمه‌وه‌؟، له‌كاتێكدا ده‌بێت كارێك‌ بدۆزمه‌وه‌ و بژێوی خێزانێكی پێنج كه‌سی په‌یدا بكه‌م".

"ئه‌و خێوه‌ته‌ی تیایدا ده‌ژیام، سه‌رباری نه‌هامه‌تییه‌كانی زۆر له‌و سه‌رلێشێواوییه‌ی ئێستام باشتر بوو.. ناتوانم خانوه‌كه‌م بنیاتبنێمه‌وه‌ و له‌ توانامدا نییه‌ خانوو به‌كرێ بگرم له‌كاتێكدا هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی بژێویم نییه‌".

ناحیه‌ی عه‌یازییه‌ی زۆرینه‌ توركمان، به‌دوری 13كم ده‌كه‌وێته‌ باكوری ته‌له‌عفه‌ر له‌ باكوری خۆرئاوای موسڵ، له‌ حوزه‌یرانی 2014دا كه‌وته‌ ده‌ستی داعش و له‌ ئابی 2017دا كۆنتڕۆڵكرایه‌وه‌ و له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی هه‌ڵوه‌شاوه‌ی پارێزگای نه‌ینه‌واوه‌ به‌ ناوچه‌یه‌كی وێرانه‌ هه‌ژماركراوه‌، به‌هۆی ئه‌و زیانه‌ زۆره‌ی به‌هۆی شه‌ڕه‌وه‌ به‌ریكه‌وت.

telafar
نه‌ینه‌وا، زستانی 2020، هاوڵاتییه‌ك له‌به‌رده‌م خانویه‌كی روخاودا راوه‌ستاوه‌ فۆتۆ: جه‌عفه‌ر ته‌له‌عفه‌ری

سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرس له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ناحیه‌ی عه‌یازییه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "290 خێزانی ئاواره‌ی كه‌مپه‌كانی كه‌ركوك له‌ دوو هه‌فته‌ی كۆتایی تشرینی دوه‌می 2020دا گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ ناحیه‌كه‌" ئاماژه‌ی به‌وه‌دا "له‌ دوای كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌وه‌ ته‌واوی ئه‌و ئاوارانه‌ی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ گه‌یشتۆته‌ هه‌زار و 694 خێزان (هه‌شت هه‌زار و 490 كه‌س)، ئه‌وه‌ش له‌ كۆی سێ هه‌زار و 120 خێزانی ئاواره‌".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ كه‌ داوایكرد ناوی بڵاونه‌كرێته‌وه‌ وتی "573 خانوو به‌جۆرێك وێرانبون به ‌كه‌ڵكی نیشته‌جێبون نه‌ماون، ده‌یان خانوی دیكه‌ش زیانیان به‌ركه‌وتووه‌ یان به‌شێكی خانوه‌كان‌ روخاون‌".

573 خانوو به‌جۆرێك وێرانبون به ‌كه‌ڵكی نیشته‌جێبون نه‌ماون

هه‌روه‌ها جه‌ختیكرده‌وه‌ "رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هاوكاری ئاواره‌ گه‌ڕاوه‌كان ده‌كه‌ن به‌پێدانی پاره‌، ئه‌وه‌ش پاڵپشت به‌ ژماره‌ی ئه‌ندامانی خێزان وه‌ك له‌ كۆبۆنی خۆراكدا هاتووه‌، جگه‌له‌وه‌ش هاوڵاتیان ده‌توانن له‌به‌رانبه‌ر كاركردن بۆ رێكخراوه‌كان پاره‌ وه‌ربگرن و پلانیان هه‌یه‌ هاریكاری دیكه‌ش پێشكه‌ش به‌ هاوڵاتیان بكه‌ن".

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت رێكخراوه‌كانی تایبه‌ت به‌ هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی مین و ته‌قه‌مه‌نیش كاره‌كانیان چڕكردۆته‌وه‌ و هه‌ڵمه‌تی به‌رفراوانی هۆشیارییان ده‌رباره‌ی مه‌ترسی پاشماوه‌كانی جه‌نگ هه‌یه‌.

شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی، له‌ 23ی تشرینی دوه‌می 2020 ئاشكرایكرد "به‌شی ئه‌ندازیاری ته‌قه‌مه‌نی سه‌ربازی 17 بۆمبی چێنراوی داعشیان له‌ ده‌وروبه‌ری عه‌یازییه‌ ته‌قاندۆته‌وه‌".

سه‌رچاوه‌یه‌كی له‌ فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی خۆرئاوای نه‌ینه‌وا به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و 209 خێزانه‌ی له‌مدواییانه‌دا گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ عه‌یازییه‌، به‌ وردبینی ئه‌منیدا تێپه‌ڕبون و له‌ ئاسایشیان دڵنیابوینه‌ته‌وه دوای ئه‌وه‌ی سه‌ردانی ئاسایشی نیشتمانییان كردووه‌، ئێستاش لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ دۆسیه‌ی ئه‌وانی دیكه‌دا ده‌كرێت".

عومه‌ر عادل، كه‌ ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ عه‌یازییه‌، گله‌یی له‌ كه‌رتی خزمه‌تگوزاریی هه‌یه‌ و وتی "له‌ شه‌ش تا هه‌شت كاتژمێردا ته‌نیا دوو كاتژمێر كاره‌با هه‌یه‌، هه‌ندێك گه‌ڕه‌ك هه‌فتانه‌ بۆ چه‌ند كاتژمێرێك ئاوی خواردنه‌وه‌یان پێده‌گات، هه‌موو ناحیه‌كه‌ پشت به‌ یه‌ك بنكه‌ی ته‌ندروستی كۆن ده‌به‌ستن، له‌م سه‌رمایه‌دا نه‌وت به‌ خێزانه‌ گه‌ڕاوه‌كان نه‌دراوه‌، پاشماوه‌ی وێرانكاریی و خۆڵ و خاشاك هه‌موو شوێنێكی پڕكردوه‌.. له‌سه‌روو هه‌موشیانه‌وه‌ ده‌رفه‌تی كار نییه‌".

ئه‌و به‌ متمانه‌وه‌ ده‌ڵێت "هیچ سه‌رسام نه‌بوم به‌ بارودۆخی ئێره‌، به‌ڵام ده‌بوایه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سوكاردا په‌یوه‌ندیمان به‌رده‌وام بێت بۆیه‌ به‌ ناچاری گه‌ڕاینه‌وه‌".

عومه‌ر درێژه‌ به‌ قسه‌كانی بۆ (كه‌ركوك ناو) ده‌دات، "له‌گه‌ڵ چوار خێزانی دیكه‌دا له‌ خانویه‌كدا ده‌ژین، خێزانه‌كه‌ی من هه‌شت كه‌سن و له‌ ژورێكدا ده‌مێنینه‌وه‌ كه‌ روبه‌ره‌كه‌ی له‌ چوار مه‌تری چوارگۆشه‌ تێناپه‌ڕێت".

له‌ شه‌ش تا هه‌شت كاتژمێردا ته‌نیا دوو كاتژمێر كاره‌با هه‌یه‌، هه‌ندێك گه‌ڕه‌ك هه‌فتانه‌ بۆ چه‌ند كاتژمێرێك ئاوی خواردنه‌وه‌یان پێده‌گات

عه‌بدولغه‌فور به‌یاتی، به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی كۆچ و كۆچبه‌ران له‌ ته‌له‌عفه‌ر به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "وه‌زاره‌ت بێبه‌رانبه‌ر هۆكاری گواستنه‌وه‌ی بۆ ئاواره‌كان و كه‌لوپه‌لی ناوماڵه‌كانیان له‌ كه‌مپی یه‌حیاوه‌وه‌ بۆ عه‌یازییه‌ دابینكرد، ده‌ستمانكردووه‌ به‌ راییكردنی مامه‌ڵه‌كانیشیان تا له‌ به‌خششی ملیۆن و 500 هه‌زار دیناره‌كه‌ی حكومه‌ت سودمه‌ندبن، جگه‌ له‌ هاریكاری دیكه‌ی وه‌ك خۆراك".

 في ناحية العياضية بتلعفر 30-11-2020 تصوير جعفر التلعفري (2)-1
نه‌ینه‌وا، تشرینی دوه‌می 2020، پاشماوه‌ی شه‌ڕی داعش له‌ ناحیه‌ی عه‌یازییه‌ فۆتۆ: جه‌عفه‌ر ته‌له‌عفه‌ری

وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران ساڵی رابردوو كه‌مپی یه‌حیاوه‌ی له‌ كه‌ركوك به‌ یه‌كجاری داخست كه‌ 335 خێزانی تێدابوو، ئه‌وه‌ش دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ته‌واوی دانیشتوانه‌كه‌ی بۆ ناوچه‌كانی خۆیان له‌ ته‌له‌عفه‌ر و عه‌یازییه‌ی پارێزگای نه‌ینه‌وا.

"هیوادارین په‌له‌ له‌ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی ئه‌وانه‌دا بكرێت كه‌ خانوه‌كانیان زیانی به‌ركه‌وتووه‌، به‌خششی گه‌ڕانه‌وه‌ش (ملیۆن و نیوه‌كه‌) له‌ نزیكترین كاتدا دابه‌شبكرێت چونكه‌ زۆرینه‌ی ئه‌و خێزانانه‌ی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ كه‌مده‌رامه‌تن یان داهاتێكی دیاریكراویان هه‌یه‌، بۆیه‌ زۆر پێویستیان به‌ په‌ناگه‌ و ژیانێكی شایسته‌ هه‌یه‌" سه‌عد فه‌خری ئه‌و داواكارییانه‌ی هه‌بوو.

ئه‌و هاوڵاتییه‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ ئاواره‌یی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "هه‌رده‌بوو بگه‌ڕێینه‌وه‌، به‌ڵام خاپوربونی خانوه‌كانمان رێگربوو، وه‌ك ده‌بینن ناتوانیت له‌و وێرانكارییه‌دا نیشته‌جێ بیت و ئه‌وه‌شی پاره‌ی نه‌بێت ناتوانێت جارێكیتر خانوه‌كه‌ی بنیاتبنێته‌وه‌".

ناتوانیت له‌و وێرانكارییه‌دا نیشته‌جێ بیت و ئه‌وه‌شی پاره‌ی نه‌بێت ناتوانێت خانوه‌كه‌ی بنیاتبنێته‌وه‌

به‌پێی راپۆرتێكی رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی "منداڵیی رزگاربكه" (SAVE CHILDHOOD) كه‌ 27ی تشرینی دوه‌می 2020 بڵاویكردۆته‌وه‌ "هه‌ندێك له‌و خێزانانه‌ی له‌ كه‌مپی یه‌حیاوه‌ دورخراونه‌ته‌وه‌، كاتێك گه‌یشتونه‌ته‌ موسڵ و عه‌یازییه‌ و ته‌له‌عفه‌ر له‌ نه‌ینه‌وا ئه‌وكات بۆیانده‌ركه‌وتووه‌ هیچ په‌ناگه‌یه‌كی ئارامیان نییه‌".

راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا "منداڵانی گه‌ڕاوه‌ ناچارن له‌ شوێنی نه‌شیاو و پڕ له‌ پاشماوه‌ و ته‌رمدا بژین، ئه‌و بارودۆخه‌ به‌دبه‌ختییه‌ و له‌ وه‌رزی زستانیشدا خراپتر ده‌بێت".

ئه‌شره‌ف جه‌میل، وه‌ك هه‌موو دانیشتوانی دیكه‌ی عه‌یازییه‌ چاوه‌ڕێیه‌؛ تا قه‌ره‌بوی خانوه‌ روخاوه‌كه‌ی بكرێته‌وه‌ یان لایه‌نێكی حكومه‌تی یاخود ناحكومی خانوه‌كه‌ی بنیاتبنێته‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT