دوای 25 رۆژ لە تەقاندنەوەیان
كاری نۆژەنكردنەوەی دوو بیرە نەوتەكەی خەبازە تەواونەبون

كه‌ركوك، 2014، كۆمپانیای نه‌وتی باكور كه‌ سه‌رپه‌رشتی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوك ده‌كات فۆتۆ: كەركوك ناو

كاروان ساڵحی – كەركوك

كۆمپانیای نەوتی باكور هێشتا نەیتوانیوە دوو بیرە نەتەوەكەی خەبازە كە لە سەرەتای مانگی رابردوو تەقێنرانەوە نۆژەنبكاتەوە، لەكاتێكدا زیانەكانی بە دوو ملیۆن و 250 هەزار دۆلار دەخەمڵێنرێن.

هەردوو بیری ژماره‌ 33 و 44ی كێڵگەی نەوتی خەبازە لە كاتژمێر 1:30ی بەرەبانی 9ی كانونی یەكەم لە گوندی خه‌بازه‌ی خۆرئاوای كه‌ركوك ته‌قێنرانه‌وه‌، ئەوەش بەپێی وتەی هێزە ئەمنییەكان لەڕێی بۆمبی چێنراو و لەلایەن "چەكدارانی داعشەوە" بووە.

هەرچەندە توانرا پاش هەفتەیەك ئاگری هەردوو بیرەكە كۆنترۆڵبكرێن، بەڵام هێشتا نەتوانراوە بە تەواوی نۆژەنبكرێنەوە.

سەرچاوەیەك كە لە كۆمپانیای نەوتی باكور، لێپرسراوێتی هەیە و لەبەرئەوەی مافی لێدوانی نییە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "هەر لەگەڵ كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكە، دەستكرا بە چاككردنەوە و نۆژەنكردنەوەی بیرە نەوتەكان، ئێستا كاركردن لە قۆناغی كۆتاییدایە و تەواو نەبووە".

وتیشی "توانای بەرهەمیهێنانی ئەو دوو بیرە بۆ هەر رۆژێك دوو هەزار بەرمیلە... لە رۆژی تەقینەوەكەوە تا ئێستا 50 هەزار بەرمیل زیان بەر كۆمپانیای نەوتی باكور كەوتووە، جگە لە تێچوی نۆژەنكردنەوەی بیرەكان".

لە رۆژی تەقینەوەكەوە تا ئێستا 50 هەزار بەرمیل زیان بەر كۆمپانیای نەوتی باكور كەوتووە

فاخیر تۆفیق عەلی، شارەزاى بوارى ئابوریی و نەوت، لەبارەی كاریگەریی ئەو تەقینەوانە لەسەر بڕی بەرهەمهێنان و ئابوری پارێزگای كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "نەوت بەشێکی زۆری داهاتی شاری کەرکوک پێکدەهێنێت و داهاتی سەرەكی پارێزگاكە نەوتە، بۆیە هەر روداوێكی لەو شێوەیە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر داهاتی كەركوك و كۆمپانیای نەوتی باكور هەیە، چونكە دەیان پڕۆژەی پارێزگای كەركوك لەسەر بودجەی پترۆدۆلار راوەستاوە".

y
كه‌ركوك، تیمه‌كانی ئاگركوژێنه‌وه‌ هه‌وڵی كوژاندنه‌وه‌ی ئاگری بیره‌ نه‌وتێكی كێڵگه‌ی خه‌بازه‌ ده‌ده‌ن فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

وتیشی "بۆری و بیرە نەوتییەکانی کەرکوک بەگشتی كۆن بون و پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە... هەر بۆیە ئێستا هەناردەی نەوتی شارەکە لەڕێی تانکەرەوە زیادیکردووە". زیاتر وتی "نەوتی مانگی رابردوو بە نزیکەی پەنجا دۆلار فرۆشراوە، بەو پێیەش زیانی ئەو 25 رۆژەی نەوت لەو دوو بیرە دەگاتە دوو ملیۆن و 250 هەزار دۆلار".

هه‌نارده‌ی نه‌وتی كێڵگه‌كانی كه‌ركوك له‌ ساڵی 2020دا زیادیكرد، له‌ ملیۆنێك و 114 هه‌زار به‌رمیله‌وه‌ گه‌یشته‌ سێ ملیۆن به‌رمیل له‌ مانگێكدا.

تێكڕای هه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركوك له‌ سه‌ره‌تای ساڵی رابردودا ملیۆنێك و 114 هه‌زار به‌رمیل بووه‌ به‌ڵام له‌ مانگی ئایاردا گه‌یشتۆته‌ به‌رزترین ئاست؛ كه‌ سێ ملیۆن و 545 هه‌زار به‌رمیل هه‌نارده‌ كراوه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT