فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، رایگەیاند كە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان هۆكار بوو بۆ روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، داواشیكرد هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی عیراق یەكدەستبن بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكان لەناو خاكی عیراق.
ئەو لێدوانەی فالح فەیاز، لە پەیامێكیدا هات لە مەراسیمی تایبەت بە ساڵیادی كوشتنی قاسم سولەیمانی، فهرماندهی فهیلهقی قودس و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سهرۆكی دهستهی حهشدی، كە ئەمڕۆ یەكشەممە 10ی كانونی دووەم ئەو مەراسیمە لە كەركوك بەڕێوەچوو.
فالح فەیاز لە وتارەكەیدا وتی "راستە داعش شەڕ و کێشە و بەڵای بۆ عیراق هێنا، بەڵام لەلایەكی ترەوە، بووە هۆی ئەوەی هەموو هێزە عیراقییەكان پیشمەرگە، سوپا و حەشد پێكەوە لەپێناو نیشتیمان دەست لەناو دەست دژی داعش بوەستنەوە، وەك ئەوەی لە رزگاركردنی موسڵدا بینیمان"، زیاتر وتی "ئەو هێزانە بەبێ بیركردنەوە لە هیچ ئایدۆلۆژیایەكی نەتەوەیی و ئایینی پێكەوە شەڕیان دژی ئەو گروپە كرد".
هەورەها وتی "بەڵام بارودۆخێک بەسەرماندا هات كە روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ی بەدواداهات، ئەوەش بەهۆی ئەوەی كەسانێك لە هەولێرەوە بڕیاری ریفراندۆمیاندا و دۆخەكە وای لێهات".
هەرێمی كوردستان لە 25ی ئەیلولی 2017 بڕیاری ریفراندۆمیدا لە هەرسێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی تری جێناكۆك، بەڵام دوای كەمتر لە مانگێك و لە 16ی تشرینی یەكەم، هێزە عیراقییەكان هێرشیانكردە سەر هێزەكانی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كەركوك و تەواوی ناوچەكانی تری جێناكۆك، بەهۆیەوە پێشمەرگە پاشەكشێی كرد و دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم لە تەواوی ئەو ناوچانە نەهێڵدرا.
فالح فەیاز وتی "هەموو لایەکمان وانەمان لەو روداوانە وەرگرت، ئەوەش ئەوەیە دەبێت بیر لە شتێك بكەینەوە كە كۆمان بكاتەوە نەك جیامان بكاتەوە".
ئەو وتەیەی فالح فەیاز لە كەركوك، دوای كەمتر لە 48 كاتژمێر هات لە بڕیاری ئەمریكا بۆ سزادانی ناوبراو.
فەیاز هەر لە پەیامەكەیدا وتی "بۆ ئەوی عیراق سەقامگیربێت، پێویستە هەموو نەتەوە و لایەنەکان دەست لەناودەستبن بۆ دەركردنی تەواوی هێزە بیانییەكان، ئەوەش بە پشتبەستن بە بڕیاری پەرلەمان".
بۆ ئەوی عیراق سەقامگیربێت، پێویستە هەموو نەتەوە و لایەنەکان دەست لەناودەستبن بۆ دەركردنی تەواوی هێزە بیانییەكان
پەرلەمانی عیراق لە ساڵی 2020 و دوای كوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس، بڕیاریدا بە دەركردنی تەواوی هێزە بیانییەكان لە ناو خاكی عیراق.
لە بەرەبەیانی 3ی کانونی دوەم، قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس و ژمارەیەک فەرماندەی ئێرانیی و عیراقی، لە بۆردومانێکی ئەمریکادا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کوژران.