منداڵێكی هه‌شت ساڵ هانا بۆ پۆلیس ده‌بات: له‌ ده‌ستی باوكم رزگارم بكه‌ن

كه‌ركوك، 9ی كانونی دوه‌می 2021، منداڵێكی ته‌مه‌ن هه‌شت ساڵ له‌ بنكه‌ی پۆلیس دانیشتووه‌ دوای ئه‌وه‌ی بۆ رزگاربون له‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی باوكی هانای بۆ بردون‌ فۆتۆ: راگه‌یاندنی پۆلیس

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

شه‌و دره‌نگ بووه‌، كاتی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌حمه‌دی ته‌مه‌ن هه‌شت ساڵ به‌ 25 هه‌زار دیناره‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و پاره‌یه‌ی ده‌ستنه‌كه‌وتووه‌ و له‌ ترسی لێپرسینه‌وه‌ی باوكی، هانا بۆ هێزێكی پۆلیسی فریاكه‌وتن ده‌بات.

باوكی ئه‌حمه‌د به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ له‌ ماڵه‌وه‌یه‌، هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ كوڕه‌كه‌ی كردووه‌ ئه‌گه‌ر هه‌موو رۆژێك، به‌ هه‌ر رێگه‌یه‌ك بێت، 25 هه‌زار دینار په‌یدا نه‌كات ئه‌وا روبه‌ڕوی سزا ده‌بێته‌وه‌.

ئه‌و منداڵه‌ پێشتر به‌و بارودۆخه‌دا تێپه‌ڕیوه‌ و به‌ كرداری هه‌ڕه‌شه‌كانی باوكی بینیووه‌ بۆیه‌ شه‌وی 9ی كانونی دوه‌می 2021 خۆی ده‌گه‌یه‌نێته‌ كاروانێكی پۆلیس له‌ پردی خه‌بات و هه‌موو شتێك ده‌دركێنێت.

ئه‌حمه‌د (ناوی خوازراوی منداڵه‌كه‌یه‌) له‌ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییه‌دا كه‌ كارمه‌ندێكی پۆلیس له‌ فه‌یسبوك بڵاویكردۆته‌وه تا هاوكاری بكرێت‌، كاتێك پرسیاری لێده‌كه‌ن ده‌ڵێت؛ به‌بێ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ ناتوانێت بۆ ماڵه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌.

ئاستی بژێوی ئه‌و خێزانه چه‌ندین پله‌ له‌ژێر سفره‌وه‌یه‌

"ئه‌و منداڵه‌ وتی پێویسته‌ رۆژانه‌ 25 هه‌زار دینار بباته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ و تائێستا ئه‌و پاره‌یه‌ی ده‌ستنه‌كه‌وتووه‌ و ناتوانێت بگه‌ڕێته‌وه‌" به‌وته‌ی موقه‌ده‌می مافپه‌روه‌ر غالب عه‌لی جبوری، فه‌رمانده‌ی پۆلیسی كۆمه‌ڵگه‌یی له‌ كه‌ركوك.

ئه‌و ده‌ڵێت ده‌ستبه‌جێ تیمیكیان له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان پێكهێناوه‌ و توانیویانه‌ ماڵی ئه‌و كوڕه‌ بدۆزنه‌وه‌.

ئه‌حمه‌د خه‌ڵكی شاری به‌غدایه‌ و ئاواره‌ی كه‌ركوكه‌، ماوه‌ی سێ ساڵه‌ له‌ گه‌ڕه‌كی په‌نجاعه‌لی نیشته‌جێن.

"كاتێك گه‌یشتینه‌ ماڵیان، ده‌ركه‌وت دایك و باوكی سێ ساڵه‌ له‌ یه‌كتری جیابونه‌ته‌وه‌، دایكی له‌ به‌غدایه‌ و هاوسه‌رگیری كردۆته‌وه‌، به‌ڵام منداڵه‌كه‌ له‌گه‌ڵ باوكی، دوو خوشكی له‌خۆی بچوكتر و پورێكی (خوشكی باوكی) پێكه‌وه‌ ده‌ژین".

موقه‌ده‌م غالب وتی ئه‌و خێزانه‌ له‌ شوقه‌كی بچوكی كۆنی په‌نجاعه‌لی و له‌ گوزه‌رانێكی زۆر خراپدا ژیان به‌ڕێده‌كه‌ن.

mndall (4)
كه‌ركوك، كانونی دوه‌می 2021، پڕكردنه‌وه‌ی به‌ڵێننامه‌ به‌ باوكی منداڵه‌كه‌ فۆتۆ: راگه‌یاندنی پۆلیس

"باوكی منداڵه‌كه‌ پێشتر دوچاری جه‌ڵته‌ی مێشك بوه‌ و پوریشی شێرپه‌نجه‌ی هه‌یه‌، به‌رده‌وام پێویستیان به‌ چاره‌سه‌ر هه‌یه‌"، فه‌رمانده‌ی پۆلیسی كۆمه‌ڵگه‌یی ده‌ڵێت "ئاستی بژێوی ئه‌و خێزانه نه‌ك سفر، به‌ڵكو چه‌ندین پله‌ له‌ژێر سفره‌وه‌یه‌".

پۆلیس لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ باوكی منداڵه‌كه‌دا كردووه‌ به‌ڵام نكۆڵی له‌ زۆربه‌ی تۆمه‌ته‌كان كردووه‌.

باوكی ئه‌حمه‌د به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه‌كانیشدا وتم، ته‌نانه‌ت زاواكه‌شمان كه‌ هاوسه‌ری خوشكه‌كه‌مه‌ ئاگاداره‌ ئێمه‌ كار به‌كوڕه‌كه‌مان ناكه‌ین و چه‌ندینجاریش رێگریمان لێكردووه‌، به‌ڵام سودی نه‌بووه‌ و خۆی كارده‌كات".

به‌پێی یاسای كار له‌ عیراق، كاركردن به‌ منداڵانی خوار ته‌مه‌نی 15 ساڵ قه‌ده‌غه‌یه‌ و سزای له‌سه‌ره‌.

موقه‌ده‌م غالب ده‌ڵێت منداڵه‌كه‌ له‌به‌رده‌م باوكیشیدا نكۆڵی له‌ قسه‌كانی نه‌كردووه‌ و جارێكیتر وتویه‌تی ئه‌گه‌ر رۆژانه‌ 25 هه‌زار دینار په‌یدا نه‌كات روبه‌ڕوی سزادان ده‌بێته‌وه‌، وه‌ك ده‌ركردنی له‌ ماڵه‌وه‌.

منداڵه‌كه‌ له‌به‌رده‌م باوكیشیدا وتی ئه‌گه‌ر پاره‌ په‌یدا نه‌كات سزای ده‌درێت

پێشتریش چه‌ندین دۆسیه‌ی توندوتیژی باوك یان دایك دژی منداڵه‌كانیان له‌ كه‌ركوك تۆماركراون كه‌ به‌شێكیان به‌بێ سزادانی یاسایی تۆمه‌تباره‌كان كۆتاییان هاتووه‌.

به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی كۆمه‌ڵگه‌یی وتی ئه‌وه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵات و توانای ئه‌واندا بووه‌ هه‌ندێك پێداویستییان بۆ خێزانه‌كه‌ دابینكردووه‌ و چه‌ند رێكخراوێكیش بڕیاریانداوه‌ هاریكارییان بكه‌ن.

ئه‌حمه‌د كاتێك هانای بۆ پۆلیس برد، له‌ ترسی گه‌ڕانه‌وه‌ بوو بۆ ماڵه‌وه‌، به‌ڵام پۆلیس جارێكیتر راده‌ستی ئه‌و خێزانه‌كه‌ی كردووه‌، ته‌نیا گره‌نتی پاراستنی ژیانیشی پڕكردنه‌وه‌ی به‌ڵێننامه‌یه‌كه‌ به‌ باوكی.

موقه‌ده‌م غالب جبوری ده‌ڵێت به‌ڵێننامه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ چیتر كار به‌و منداڵه‌ نه‌كرێت و هه‌ڕه‌شه‌ی لێنه‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ش به‌رده‌وام چاودێرییان ده‌كه‌ن تا رێگریی له‌هه‌ر پێشێلكارییه‌كی تر بكه‌ن.

 

تێبینی: (كه‌ركوك ناو) له‌به‌ر پاراستنی مافه‌كانی ئه‌و منداڵه‌ و خێزانه‌كه‌ی وێنه‌ی روخساریانی شارده‌وه‌ و ناوی راسته‌قینه‌یانی بڵاونه‌كرده‌وه.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT