راپۆرتێكی بنكۆڵكاریی (كەركوك ناو)، خەڵاتی براوەی یەكەم وەردەگرێت، ئەوەش لە پێشبڕكێی ساڵانەی رادیۆی دەنگ بۆ باشترین راپۆرتی پەیوەست بە مافەكانی مرۆڤ.
پێشبڕكێیەكە تایبەت بوو بە باشترین راپۆرتە رۆژنامەوانییەكانی پەیوەست بە مافەكانی مرۆڤ لە ساڵی 2020دا، دوای هەڵسەنگاندنی دەیان بابەتی پێشكەشكراو لەلایەن رۆژنامەنوسانەوە، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 12ی كانونی دووەم سێ براوە خەڵاتكران، ئەوەش لە مەراسیمێكدا لە قەزای كەلار بەڕێوەچوو.
پەیامنێرمان لەیلا ئەحمەد، لە ئازاری 2020 ئەو راپۆرتە بنكۆڵكارییەی ئامادەكرد بە ناونیشانی (كەركوك: منداڵانی فڕێدراو؛ چیرۆكێكی بێ سەرەتا و بێ كۆتایی)، تیایدا باس لە زیادبونی حاڵەتەكانی فڕێدانی منداڵی ساوا دەكات لەنێو زبڵ و خاشاكی گەڕەكەكان و دەستەوەستانی حكومەت لە ئاست دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ منداڵانی لانە شێواو.
هەر لەو پێشبڕكێیەدا، رۆژنامەنوس سۆران محەمەد خەڵاتی باشترین راپۆرتی مەڵتیمیدیای پێدرا كە لە دەزگای رۆژنیوز بڵاویكردبۆوە، هەروەها دیاری جەمال لە كەناڵی ئاسمانی كوردستان24 خەڵاتی باشترین راپۆرتی ڤیدیۆیی پێدرا.
لەو پێشبڕكێیەدا 23 رۆژنامەنوس بەشداربون و رۆژنامەنوسانی (كەركوك ناو) بە چوار راپۆرت بەشداربون.
پیشبڕكێیەكە لەلایەن رادیۆی دەنگ ـ رادیۆیەكی سەربەخۆیە لە شاری كەلارـ بە پاڵپشتی سندوقی نیشتیمانی بۆ پاڵپشتی دیموكراسیی NED رێكخرابوو، كە دامەزراوەیەكی قازانج نەویستە و ساڵی 1983 دامەزراوە، ئامانجی سەرەكی گەشەپێدانی دیموكراسییە لە سەرتاسەری جیهاندا.
محهمهد رهحیم، سەرپەرشتیاری پێشبڕكێكه، لە مەراسیمەكەدا وتی "كەركوك ناو بە زۆترین راپۆرت بەشداریی كردووە كە چوار راپۆرت بووە لە كۆی 23 بابەتی رۆژنامەوانی... رۆژنامەنوسان لە تەواوی پارێزگاكانی هەرێم و ناوچەكانی جێناكۆك بەشداربون".
هەروەها لەیلا ئەحمەد پەیامنێری (كەركوك ناو)، وتی كە ئامانج لەو راپۆرتەی نیشاندانی زیادبونی حاڵەتەكانی منداڵی ساوایە لە پارێزگای كەركوك، بەشێك لە ساواكان بەداخەوە لەناو زبڵ و خاشاك و كوچە و كۆڵانەكان فڕێدەدرێن و دوای دۆزینەوەیان هیچ شوێنێك نییە لەخۆیان بگرێت".