فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، بەڵێنی بە كەسوكاری "شەهیدان"ی حەشدی شەعبی داوە زەوی نیشتەجێبونیان لە كەركوك بۆ دابینبكات، بۆ ئەو مەبەستەش میحوەری باکوری عیراقی ئەو هێزە جەختدەكاتەوە لەوەی چاوەڕیی وەڵامی حكومەتی عیراقن.
ئەو بەڵێنەی فالح فەیاز، دوای سەردانێكی هات بۆ كەركوك لە 10ی كانونی دووەم و بەشداریكردنی لە مەراسیمێكی تایبەت بە ساڵیادی كوشتنی قاسم سولەیمانی، فهرماندهی فهیلهقی قودس و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سهرۆكی دهستهی حهشدی شەعبی.
سەرچاوەیەك لە ریزەكانی حەشدی شەعبی لە كەركوك، لەبەرئەوەی مافی لێدوانی نییە بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن، نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەکاتی سەردانەكەیدا فالح فەیاز بەڵێنی داوە کە لە رێگای حکومەتی عیراق و وەزارەتی ناوخۆوە زەوی نیشتەجێبون بەسەر کەسوکاری شەهیدان و ئەندامانی حەشدی شەعبیدا دابەشبکات لە پارێزگای كەركوك".
فالح فەیاز بەڵێنی داوە لە رێگای حکومەتی عیراقەوە زەوی نیشتەجێبون بەسەر کەسوکاری شەهیدان و ئەندامانی حەشدی شەعبیدا دابەشبکات
عەلی حوسەینی، لێپرسراوی پەیوەندییەکانی میحوەری باکوری حەشدی شەعبی، لەوبارەیەوە بە (كەركوك ناو)ی وت "بەڵێ حەشدی شەعبی داوای لە حکومەتی عیراق کردووە رەزامەندی نیشان بدات بە دابەشكردنی زەوی بەسەر کەسوکاری شەهیدان و ئەندامەکانیدا... حەشدی شەعبی بەشێکە لە مەنزومەی عیراق و هێزێکی فەرمییە، بۆیە پێویستە وەك تەواوی هێزە ئەمنییەكانی تر سودمەند بێت لە شایستەکان و پێدانی زەوی".
جەختیشیكردەوە "نوسراوەكەمان بەرزكردۆتەوە و چاوەڕێی وەڵامین، هێشتا حكومەت وەڵامی نەداوینەتەوە، بەڵام بۆچونمان وایە کە وەڵامی داوکارییەکە ئەرێنی دەبێت، چونکە حەشدی شەعبی بۆ پاراستنی عێراق خوێنی رشتووە و گیانی فیدا کردوە".
حەشدی شەعبی، بە شێوەیەكی گشتی لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، لە ناوچە جیاجیاكانی سنوری پارێزگای كەركوك بڵاوبونەوە و لە ئێستادا لە دەوروبەری كەركوك جێگیربون، هەروەها لە ناوەندی شاریش بارەگایان هەیە.
لە تشرینی یەكەمی 2020، حەشدی شەعبی هێزێكی 500 كەسی لە كەركوك پێكهێنا، بە ناوی هێزی ئەبومەهدی موهەندیس و هەر لەناو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی كەركوك جێگیربون، ئەوەش دوای سێ مانگ لە مەشق و راهێنان بڕیارە هێزەكە لەكاتی روداوە لەناكاوەكانی پارێزگاكەدا بجوڵێنرێن.