مەریوان نادر، پەرلەمانتاری یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە بەغدا، ئاشكرای دەكات كە هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عیراق رێككەوتون هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق بۆ مانگی تشرینی یەكەمی 2021 دوابخەن، كە بڕیاربوو لە حوزەیرانی ئەمساڵ بەڕێوەبچیت.
مەریوان نادر، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (كەركوك ناو)، وتی "هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عیراق و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كۆبونەتەوە و تاوتوێی هەڵبژاردنی داهاتویان كردووە، لە كۆبونەوەكەدا كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئاماژەیان بەوەداوە كە لەڕوی هونەرییەوە ناتوانن لە وادەی دیاریكراودا هەڵبژاردن بەڕێوەببەن".
كۆبونەوەكە چوارشەممە 13ی كانونی دووەم لە بەغدا بەڕێوەچووە و تیایدا دوای "وەرگرتنی بۆچونی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، هەرسێ سەرۆكایەتییەكە رێككەوتون هەڵبژاردن بۆ تشرینی یەكەمی 2021 دوابخەن"، بەپێی وتەی مەریوان نادر،
هەرسێ سەرۆكایەتییەكە رێككەوتون هەڵبژاردن بۆ تشرینی یەكەمی 2021 دوابخەن
بەڵام تائێستا كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عیراق هیچ رونكرنەوەیەكی لەوبارەیەوە نەداوە.
لە تەمموزی 2020، مستەفا كازمی، بڕیاریدا هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عیراق لە 6ی حوزەیرانی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، ئەوەش لەژێر فشاری خۆپیشاندانەكانی عیراق كە یەكێك لە داواكارییەكانیان هەڵبژاردنی پێشوەختە بوو.