ته‌رمی هاوڵاتییه‌ك به شێوێنراوی ده‌دۆزرێته‌وه، دوابه‌دوای كوژرانی كارمه‌ندێكی هێزه ئه‌منییه‌كان و برینداربونی سێ كه‌سی دیكه، به‌هۆی شه‌ڕ و پێكدادانی چه‌كدارییه‌وه له گه‌ڕه‌كێكی جه‌له‌ولا.
پێكدادانه چه‌كدارییه‌كه كاتژمێر 9ی شه‌وی 15ی كانونی دوه‌می 2021 بووه له گه‌ڕه‌كی سه‌لام له ناحیه‌ی جه‌له‌ولای قه‌زای خانه‌قین كاتێك ژماره‌یه‌ك چه‌كداری نه‌ناسراو ههڵیانكوتاوهسهر ماڵی كارمه‌ندێكی نوسینگه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تاوانه‌كان.
ئه‌فسه‌رێكی پۆلیسی جه‌له‌ولا به (كه‌ركوك ناو)ی وت "چه‌كداره نه‌ناسراوه‌كان جلوبه‌رگی سه‌ربازییان له‌به‌ردا بووه و له ده‌رگای ماڵی كارمه‌نده‌كه‌ی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تاوانه‌كانیان داوه له گه‌ڕه‌كی سه‌لام، ئه‌وكاته‌ی ده‌رگای لێكردونهتهوه وتویانه سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبین، به‌ڵام خاوه‌نی ماڵه‌كه بڕوای پێنه‌كردون و گومانی هه‌بووه".
ئه‌و ئه‌فسه‌ره كه داوایكرد ناوی بڵاونه‌كرێته‌وه ده‌ڵێت له‌و سه‌روبه‌نده‌دا ئاڵۆزی دروستبووه، كاتێك خاوه‌نی ماڵه‌كه رێگری لێكردون و ئه‌وانیش ده‌ستیان به ته‌قه‌كردن كردووه، بۆیه پێكدادان سه‌ریهه‌ڵداوه و كارمه‌نده ئه‌منییه‌كه به چه‌ك وه‌ڵامی داونه‌ته‌وه.
"خاوه‌نی ماڵه‌كه له‌گه‌ڵ بۆی ده‌ركه‌وتووه چه‌كداره‌كان سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبی نین و داعشن داوای هاوكاری له كه‌سوكار و هێزه ئه‌منییه‌كان كردووه".
ئه‌فسه‌ره‌كه‌ی پۆلیس ده‌ڵێت هه‌ر له‌و گه‌ڕه‌كه هاوڕێ و برایه‌كی به هانایه‌وه ده‌چن، به‌ڵام به‌هۆی ته‌قه‌ی چه‌كداره‌كانه‌وه براكه‌ی بریندارده‌بێت.
پێكدادانه‌كه چه‌كدارییه‌كه به‌رده‌وام ده‌بێت تا سێ چه‌كداری دیكه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كان ده‌گه‌نه شوێنی روداوه‌كه.
"ئه‌و سێ كارمه‌نده‌ش فیشه‌كیان پێنامێنێت و بریندارده‌بن، دواتر یه‌كێكیان كه كارمه‌ندی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تاوانه‌كانه به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه له نه‌خۆشخانه گیانله‌ده‌ستده‌دات" به‌وته‌ی ئه‌فسه‌ره‌كه‌ی پۆلیس.
هه‌روه‌ها وتی چه‌كداره‌كان ئۆتۆمبێلی یه‌كێك له برینداره‌كانیان سوتاندووه كه له جۆری پاتڕۆڵه و دواتر هه‌ڵاتون.
بۆ به‌یانی دوای پێكدادانه چه‌كدارییه‌كه له هه‌مان گه‌ڕه‌ك هێزه ئه‌منییه‌كان ته‌رمی هاوڵاتییه‌كی به ته‌مه‌ن ده‌دۆزنه‌وه.
به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ (كه‌ركوك ناو) ته‌رمی ئه‌و هاوڵاتییه كه پیشه‌ی فرۆشتنی مریشكه شێوێنراوه و ئۆتۆمبێله‌كه‌یشی كه له جۆری پیكئابه سوتێنراوه، "گومانده‌كرێت هه‌ر چه‌كداره‌كانی داعش دوای پێكدادانه‌كه ئه‌و هاوڵاتییه‌یان كوشتبێت".
گه‌ڕه‌كی سه‌لام ده‌كه‌وێته خۆرهه‌ڵاتی جەلەولا، له ده‌وروبه‌ری شاره‌كه‌دایه، ناوچه‌یه‌كی نزیك له گرد و دۆڵه.
هیلەل عەبدولستار، برازای یەكێك لە بریندارەكانی روداوی پێكدادانه چه‌كدارییه‌كه به (كەركوك ناو)ی وت "مام برینداربووه، دوای ئه‌وه‌ی به‌هانای هاوڕێیه‌كیه‌وه رۆیشتووه و له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی به شوێنی روداوه‌كه فیشه‌كی به‌ركه‌وتووه، دواتر به برینداری خۆی گه‌یاندۆته ناو ماڵێكی دیكه".
ئه‌و گله‌یی له هێزه ئه‌منییه‌كان هه‌یه كه "به‌پێی پێویست به‌ده‌م روداوه‌كه نه‌ڕۆیشتون بۆیه چه‌كداره‌كان ته‌نانه‌ت ئۆتۆمبێله‌كه‌ی مام-میان سوتاندووه، له‌كاتێكدا به دوری 150 مه‌تر له‌و گه‌ڕه‌كه باره‌گای فه‌وجێكی سوپای عیراقی لێیه".
هیلەل ده‌ڵێت چه‌كداره‌كان سه‌ره‌تا به‌ناوی ئاسایشی حه‌شدی شه‌عبی و به پاساوی هه‌ڵمه‌تی گه‌ڕان و پشكنین ویستویانه بچنه ناو ماڵی كارمه‌نده ئه‌منییه‌كه‌ی گه‌ڕه‌كی سه‌لام، "ماوه‌ی نزیكه‌ی سێ كاتژمێر پێكدادان به‌رده‌وام بووه و هێزه‌كانی حه‌شدی عه‌شایه‌ری، هێزی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تاوانه‌كانی جه‌له‌ولا و ئاسایشی نیشتمانی گه‌یشتونه‌ته شوێنی روداوه‌كه ئه‌وكات چه‌كداره‌كان هه‌ڵاتون".
ناحیەی جەلەولا لەپارێزگای دیالە، له ناوه‌ڕاستی 2014دا كه‌وته ده‌ستی داعش و لەكۆتایی هەمان ساڵدا هێزەكانی پێشمەرگە كۆنترۆڵیان كردەوەو هەر ئەوانیش دۆسییەی ئەمنی ناحییەكەیان گرتەئەستۆ، تا له 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا ئه‌منیه‌تی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سه‌ر به حكومه‌تی فیدراڵییه‌وه وه‌رگیرایه‌وه.