روفاتی قوربانیانی كۆجۆ له‌ شوباتدا ده‌گه‌ڕێنرێنه‌وه‌ بۆ شنگال

نه‌ینه‌وا، 2019، هه‌ڵدانه‌وه‌ی یه‌كه‌م گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ له‌گوندی كۆجۆی شنگال فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

حكومه‌تی فیدراڵی عیراق، له‌گه‌ڵ كه‌سوكاری قوربانیانی ده‌ستی داعشدا رێككه‌وتووه‌ له‌ سه‌ره‌تای شوباتی ئه‌مساڵدا زیاتر له‌ 100 روفاتی كۆجۆ بگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ شنگال، تا له‌ مه‌راسیمێكی تایبه‌تدا به‌خاكبسپێردرێن.

روفاتی قوربانیانی ئێزیدی؛ دوای ده‌رهێنانیان له‌ گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كانی شنگال؛ ره‌وانه‌ی پزیشكی دادی به‌غدا كراون بۆ ناسینه‌وه و تائێستا پشكنینه‌كانی 104 روفات ته‌واو بون.

نایف جاسۆ، موختاری گوندی كۆجۆی شنگال به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "دواى گفتۆگۆیه‌كی زۆر بڕیاردرا 1ی شوباتی 2021 روفاته‌كان بگه‌یه‌نرێنه‌ شنگال و له‌ گۆڕستانه‌كه‌ی كۆجۆ به‌خاكبسپێردرێن".

ئه‌و گفتوگۆیه‌ به‌ به‌شداری سه‌عد عه‌بده‌لی نوێنه‌ری سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق، تیمی پزیشكی دادوه‌ری، فه‌رمانگه‌ی گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كان و كه‌سوكاری قوربانیان بووه‌ كه‌ 18ی كانونی دوه‌می 2021 له‌ دهۆك به‌ڕێوه‌چوو.

kojo
دهۆك، ئابی 2020، ئاواره‌كانی كه‌مپی قادیا یادی قوربانیانی گوندی كۆجۆ ده‌كه‌نه‌وه‌ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

"به‌پێی ورده‌كارییه‌كانی ئه‌و مه‌راسیمه‌ی حكومه‌تی عیراقی دایناوه‌؛ له‌ 29ی كانونی دوه‌مدا روفاته‌كان له‌ پزیشكی دادوه‌ری بۆ ناردنه‌وه‌ ئاماده‌ده‌كرێن، بۆ رۆژی دواتر ره‌وانه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی سه‌ربازی به‌غدا ده‌كرێن و مه‌راسیمی تایبه‌تیان بۆ ده‌كرێت" به‌وته‌ی نایف جاسۆ.

موختاری كۆجۆ ده‌ڵێت رۆژی 31ی كانونی دوه‌م روفاته‌كان له‌ به‌غداوه‌ ره‌وانه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی گه‌یاره‌ی نه‌ینه‌وا ده‌كرێن و له‌وێشه‌وه‌ به‌ ئۆتۆمبێل بۆ قه‌زای شنگال.

هه‌روه‌ها وتی "1ی شوبات به‌ مه‌راسیمێكی گه‌وره‌ی تایبه‌تی ئایینی له‌ گوندی كۆجۆ روفاته‌كان به‌خاكده‌سپێردرێن".

هەڵدانەوەی یه‌که‌م گۆڕی به‌کۆمه‌ڵی ئێزیدییه‌کان له‌ گوندی کۆجۆی قه‌زای شنگال، به‌ بڕیاری حکومه‌تی عیراق له‌ 15ی ئازاری 2019 ده‌ستیپێکرد و تائێستا به‌ دوو قۆناغ، نزیكه‌ی 500 روفات له‌ 20 گۆڕدا دەرهێنراون.

مه‌راسیمی به‌ خاكسپاردنه‌وه‌ی روفاتی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كانی كۆجۆ، نزیكه‌ی دوو ساڵه‌‌، زیاد له‌ جارێك و به‌ پاساوی جیاواز له‌نێویاندا مه‌ترسی بڵاوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا دواخراوه‌.

مه‌روان جدعان، خه‌ڵكی گوندی كۆجۆیه‌ و له‌ كه‌مپی روانگه‌ی زاخۆ ده‌ژی، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌م روفاتانه‌ی ده‌هێنرێنه‌وه‌ هیچ كه‌سێكی بنه‌ماڵه‌كه‌مانی تێدانییه‌ به‌ڵام به‌گشتی هه‌مومان كه‌سوكاری یه‌كترین بۆیه‌ بۆ مه‌راسیمه‌كه‌ ده‌چینه‌ شنگال".

ئه‌و ده‌ڵێت روفاتی 26 كه‌س له‌ بنه‌ماڵه‌كه‌یان، له‌ نێویاندا دوو برا و خوشێكیك و سێ برازای بۆ پشكنین ره‌وانه‌ی به‌غدا كراون.

gorstani-kojo-1
شنگال/ ئابی 2019/ دروستكردنی گۆڕستانێك له‌ كۆجۆ بۆ قوربانیانی ئێزیدی فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

تائێستا سه‌دان روفاتی هاوڵاتیانی ئێزیدی ره‌وانه‌ی به‌غدا كراون كه‌ دواترینیان له‌ تشرینی یه‌كه‌می 2020دا له‌ گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كانی سێ ناوچه‌ی جیاوازی شنگال ده‌رهێنران.

موختاری گوندی كۆجۆ ته‌نیا 104 روفات ره‌وانه‌ی شنگال ده‌كرێنه‌وه‌ و له‌ گۆڕستانی كۆجۆ به‌خاكده‌سپێدرێن، كه‌ هه‌مویان له‌ ره‌گه‌زی نێرن و ئه‌وانی دیكه‌ش به‌ چه‌ند قۆناغێك ده‌گه‌ڕێنرێنه‌وه‌.

ساڵی 2019 له‌ گوندی كۆجۆ گۆڕستانێكی گه‌وره‌ بۆ زیاتر له‌ 300 قوربانی ده‌ستی داعش دروستكرا.

داعش له‌ 3ی ئابی 2014دا، هێرشیكرده‌ سه‌ر شنگال و له‌ 15ی ئاب "كۆمه‌ڵكوژی" له‌ گوندی كۆجۆی ئێزیدینشین ئه‌نجامدا.

به‌پێی ئاماری به‌ڕێوه‌بەرایه‌تی کاروباری ئێزیدییان سەر بە وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، له‌ هێرشه‌كانی داعش بۆ شنگال، دوو هه‌زار و 293 ئێزیدی به‌ ده‌ستی چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه‌ کوژراون.

هه‌ر به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ له‌  شنگال، 80 گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە، جگە لە دەیان گۆڕی یەک کەسی، که‌ مێژوه‌کانیان بۆ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی داعش ده‌گه‌ڕێتەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT