10ی تشرینی یه‌كه‌می 2021؛ به‌ واده‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق دیاریده‌كرێت

دیاله‌، ئایاری 2018، پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق، بڕیاریدا به‌ دیاریكردنی 10ی تشرینی دوه‌می 2021 وه‌ك واده‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر داواكاری و پێشنیازی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 19ی كانونی دوه‌می 2021 ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌ میوانداری كۆمسیۆن گفتوگۆی له‌سه‌ر پرۆسی دواخستنی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ كرد، به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی راگه‌یاندنی حكومه‌ت.

له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌نگیانداوه‌ له‌سه‌ر پێشنیازی 10ی تشرینی یه‌كه‌م بۆ كاتی به‌ڕێوه‌چونی هه‌ڵبژاردن.

لە تەمموزی 2020، مستەفا كازمی، بڕیاریدا هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عیراق لە 6ی حوزەیرانی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، ئەوەش لەژێر فشاری خۆپیشاندانەكانی عیراق كە یەكێك لە داواكارییەكانیان هەڵبژاردنی پێشوەختە بوو.

دواخستنی ئه‌و واده‌یه‌ وه‌ك له‌ پێشنیازه‌كانی كۆمسیۆندا بۆ حكومه‌ت هه‌یه‌، په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ ته‌رخانكردنی كاتی زیاتر بۆ ئاماده‌كارییه‌كانی پرۆسه‌، به‌ ئامانجی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد، جگه‌ له‌وه‌ی پێویسته‌ یاسای دادگای فیدراڵی ده‌ربكرێت كه‌ هێشتا له‌ په‌رله‌مانه‌ و به‌شێكی گرنگه‌ له‌ پرۆسه‌كه‌، به‌وپێیه‌ی ئه‌وان ئه‌نجامی كۆتایی ده‌نگدان په‌سه‌ند ده‌كه‌ن.

كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ دوو به‌یاننامه‌ی جیاوازدا ئه‌وه‌شی رونكردۆته‌وه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن ده‌رفه‌تی بۆ نوێكردنی تۆماری زۆرترین ده‌نگده‌ر بڕه‌خسێنن.

sarokayati
به‌غدا، كانونی دوه‌می 2021، كۆبونه‌وه‌ی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عیراق به‌ ئاماده‌بونی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان و نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ تاوتوێی پرسی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ فۆتۆ: راگه‌یاندنی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار

تائێستا له‌ كۆی زیاتر له‌ 25 ملیۆن ده‌نگده‌ر زیاتر له‌ 14 ملیۆن تۆماره‌كانیان نوێكردۆته‌وه‌ و زیاتر له‌ 12 ملیۆن ده‌نگده‌ریان كارتی بایۆمه‌تریی ده‌نگدانیان وه‌رگرتووه‌.

مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا جه‌ختیكرده‌وه‌ ئه‌وان ده‌یانتوانی گره‌نتی به‌ڕێوه‌چونی هه‌لبژاردن له‌ واده‌كه‌ی پێشتردا (6ی حوزه‌یرانی 2021)دا بكه‌ن، به‌ڵام كۆمسیۆن به‌هۆكاری هونه‌ری كاتی زیاتری پێویست بووه‌.

دواخستنی واده‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ دوابه‌دوای كۆبونه‌وه‌كه‌ی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عیراق دێت له‌ 13ی كانونی دوه‌می 2021 بۆ تاوتوێی پرۆسه‌كه‌.

به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی راگه‌یاندنی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا ئاماژه‌ به‌ پێویستی جێبەجێكردنی ماددەی 64ی ده‌ستور كراوه‌ پەیوەست بە ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران وەک سەرەتایەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.

له‌و مادده‌ ده‌ستورییه‌دا هاتووه‌ په‌رله‌مان به‌ زۆرینه‌ی ره‌های ده‌نگی ئه‌ندامه‌كانی خۆی هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌ له‌سه‌ر داوای سێیه‌كی په‌رله‌مانتاران یان ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌ره‌زامه‌ندی سه‌رۆك كۆمار و دواتر سه‌رۆك كۆمار داوای هه‌ڵبژاردنی گشتی ده‌كات.

دوایین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له‌ ئایاری 2018دا بوو، سه‌ره‌تا متمانه‌ی به‌ حكومه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی دا، كه‌ دواتر له‌ژێر داواكاری و فشاری خۆپیشانده‌راندا ده‌ستیله‌كاركێشایه‌وه‌ و مسته‌فا كازمی حكومه‌تی پێكهێنا، كه‌ ئاماده‌كاری بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ یه‌كێك بوو له‌ پلانه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی كابینه‌كه‌یی و كۆمسیۆنێكی نوێش بۆ هه‌ڵبژاردن دامه‌زرا.

خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی به‌غدا و پارێزگاكانی دیكه‌ی عیراق كه‌ تشرینی یه‌كه‌می 2019 ده‌ستیانپێكرد و تا كۆتایی 2020 درێژه‌یان كێشا زیاتری له‌ 600 كوژرا و هه‌زاران برینداری لێكه‌وته‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT