عەقیدێكی كۆمپانیای نەوتی باكور، سوكایەتی بە هەردوو رۆژنامەنوس كاروان ساڵحی، پەیامنێری ماڵپەڕی (كەركوك ناو) و ئۆژین جۆڵا، پەیامنێری ئاژانسی ئەنادۆڵ دەكات لەكاتی رۆماڵكردنی خۆپیشاندانێكی دەرچووانی زانكۆ.
ئەو عەقیدە، بەپێی وتەی كاروان ساڵحی، ژمارەیەك پاسەوانی لەگەڵ بووە و لەبەردەم كۆمپانیای نەوتی باكور، "جنێوی پێداون، پاڵی پێوەناون و دواتر هەڕەشەی شكاندنی كامێرا و كەلوپەلە رۆژنامەنوسییەكانی لێكردون، ئەگەر ناوچەكە چۆڵنەكەن".
ئەوەش لەكاتێكدایە هەردوو رۆژنامەنوسەكە جەختیانكردۆتەوە لەوەی كە ئەوان تەنیا بۆ روماڵی ئەو خۆپیشاندانە لەوێن و بەشێك نین لە خۆپیشاندانەكە. هەروەها باجی رۆژنامەنوسییان پێبووە.
كاروان ساڵحی وتی "عەقیدەكە لەگەڵ پاسەوانەكانی وتیان ئێوە بەردەم كۆمپانیاتان گرتووە و نایەڵن ئۆتۆمبێل بچێتە ژورەوە، لە بەغداوە ئاگاداریان كردوینەتەوە دەبێت هەرئێستا ناوچەكە چۆڵبكەن، بەڵام ئێمە جەختمانكردەوە كە بەشێك نین لە خۆپیشاندانەكە و تەنیا روماڵ دەكەین".
تەواوی پاسەوانانی عەقیدەكە چەكیان پێبووە.
كاروان وتی "عەقیدەكە پێیوتین ئەم ناوە چۆڵدەكەن باشە، ئەگەرنا كامێراكە لەسەرتان دەشكێنین، جنێوی داو پاڵی پێوەناین".
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی كانونی دووەم، بەشێك لە دەرچووانی كۆلێژی ئەندازیاری، لەبەردەم كۆمپانیای نەوتی باكور كۆبونەوە و داوای دامەزراندنیان كرد.