لە پارێزگای كەركوك خوێندن لە 12 خوێندنگە بۆ ماوەی دوو هەفتە رادەگیرێت، ئەوەش بەهۆی توشبونی بەشێك لە خوێندكار و مامۆستایان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا.
راگرتنی خوێندن لەو 12 خوێندنگەیە، لەسەر راسپاردە و رێكارەكانی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی عیراق بووە، ئەوەش دوای توشبونی 469 خوێندكار و 362 مامۆستا لە خوێندنگەكاندا بە ڤایرۆسی كۆرۆنا.
دکتۆر نەبیل حەمدی بوشناق، بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى تەندروستى کەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "لە 29ی تشرینی دووەمی 2020 تاوەكو 18ی كانونی دووەم، لە تەواوی پارێزگای كەركوك خوێندن لە 12 خوێندنگە بۆ ماوەی دوو هەفتە راگیراوە، بەهۆی توشبونی مامۆستایان و خوێندكارەكانیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا".
بەپێی رێكارەكانی وەزارەتی تەندروستی عیراق كە ئاراستەی هەموو پارێزگا و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی پەروەردە كراوە، "ئەگەر خوێندكارێك لە پۆلێكدا توشی كۆرۆنا بێت، ئەوا خوێندن لەو پۆلە بۆ ماوەی دوو هەفتە رادەگیرێت".
ئەگەر خوێندكارێك لە پۆلێكدا توشی كۆرۆنا بێت، ئەوا خوێندن لەو پۆلە بۆ ماوەی دوو هەفتە رادەگیرێت
"ئەگەریش زیاتر لە خوێندكارێك توشی كۆرۆنا بێت، ئەوا ئەو قۆناغە رادەگیرێت، لە هەر قوتابخانەیەكیشدا دوو قۆناغ رابگیرێت، ئەوا خوێندن لە تەواوی قوتابخانەكە بۆ دوو هەفتە رادەگیرێت"، هەر بەپێی رێكارەكان.
فەرمانگەی تەندروستی كەركوك لە 29ی تشرینی دووەمی 2020 تاوەكو 18ی كانونی دووەم، پشكنینی كۆرۆنای بۆ 16هەزار و 286 خوێندكار كردووە لە هەزار و 598 خوێندنگە.
بەپێی ئەنجامی پشكنینەكان، 469 خوێندكار هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بون، هەروەها لە كۆی پشكنین بۆ هەشت هەزار و 577 مامۆستا دەركەوتووە 362یان هەڵگری ڤایرۆسەكەن.
فەرمانگەی تەندروستی كەركوك، لە 16 كۆلێژ و پەیمانگە پشكنینی بۆ خوێندكاران كردووە، لە كۆی 548 خوێندكار 17یان هەڵگری ڤایرۆسەكە بون.