ژمارەیەك لە ئاوارەكانی كەمپی سەردەشت لە چیای شنگال گردبونەوە، دژی راگرتنی هاوكارییەكانی حكومەتی عیراق بۆ دانیشتووانی كەمپەكە، لەنێویاندا سوتەمەنی.
ئەو گردبونەوەیە پێنجشەممە 21ی كانونی دووەم لە چیای شنگال بەڕێوەچوو، كە هاوكات بوو لەگەڵ بارینی بەفرێكی زۆر و كەمی یان نەبونی سوتەمەنی لە كەمپەكە.
ئیلیاس خدر بەرەکات، زیاتر لە شەش ساڵە لەو كەمپە دەژیت، وتی "لە ناوچەكەمان خزمەتگوزاریی نییە و خانوەكانمان روخاون، بۆیە ناتوانین بگەڕێینەوە، ئێستاش حكومەت هاوكارییەكانی بۆ كەمپەكە راگرتووە...".
ئیلیاس خەڵكی ناحیەی گرعوزێرە لە شنگال، وتیشی "قەسەم بەخوا خێزان هەیە چەند رۆژێکە سۆپای دانەگیرساندووە، چونكە نەوتیان نییە... منداڵەکانمان شەوان بەهۆی سەرماوە خەویان لێناكەوێت... ئەگەر حكومەت کێشەکانمان چارەسەرنەکەن کارەسات رودەدات".
ئەو گردبونەوەیە هاوكات بوو لەگەڵ بارینی بەفرێكی زۆر لەسەر چیای شنگال، هەروەها دوای ئەوەی هات وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق لە كۆتایی ساڵی رابردوو، بڕیاریدا چیتر هاوكاریی ئاوارەكانی كەمپەكە نەكات، بۆ ئەوەی خەڵكەكەی بۆ زێدی خۆیان بگەڕێنەوە.
عەلی شەعبۆ، بەڕێوەبەری کەمپی سەردەشت بە (کەرکوک ناو)ی وت "زیاتر لە دوو مانگە حکومەت هەموو جورە هاوکارییەکی بەسەر ئاوارەکانی کەمپی سەردەشتدا راگرتووە، ئێستاش وەکو ئاوارە مامەڵە لەگەڵ ئەو خەڵکە ناکەن".
لە كەمپەكە 550 خێزان دەژین كە لە دوای هێرشی داعش بۆ شنگال لە 3ی ئابی 2014ەوە لەوێ جێگیربون.
"هیچ لایەنێک ئامادەنییە کێشەکانی ئەم كەمپە چارەسەر بكات، ئەو خەڵکانەش ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان بەهۆی وێرانبونی خانوەکانیان لەسەردەمی داعشدا"، عەلی شەعبۆ وایوت.