داوایەكی بە پەلە لە 27 رێكخراوەوە:
روداوی ماڵوێرانكەر و مەترسیدار یەخەی كەمینەكانی گرتووە

هەولێر/ تشرینی دووەمی 2020/ وەفدێكی ژنان و كچانی رزگاربوی دەستی داعش سەردانی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێم دەكەن فۆتۆ: راگەیاندنی وەزارەت

كەركوك ناو

27 رێكخراوی نا حكومی عیراقی، داوایەكی بە پەلە ئاراستەی هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان دەكەن لەبارەی "زیادبونی حاڵەتەكانی خۆكوشتن" لەناو كەمینە ئایینی و نەتەوەییەكانی عیراقدا، بەتایبەت ئەوانەی روبەڕوی "تاوانى دڕندانە" بونەتەوە لە ماوەی شەڕی سێ ساڵەی داعشدا.

ئەو رێكخراوانە لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەكدا بە ناوی (هاوپەیمانى بۆ قەرەبوکردنەوەى دادپەروەرانە)، لە 21ی كانونی دووەم راگەیەنراوێكیان ئاراستەی هەردوو حكومەت كردووە و تیایدا مەترسی خۆیان نیشاندەدەن لە زیادبونی حاڵەتی "خۆكوشتن" لەناو كەمینە ئایینی و تەوەییەكاندا لە عیراق، بە تایبەت لەنێو ئێزیدییەكاندا.

"ئەم هاوپەیمانییە نیگەرانى قوڵى خۆى دەردەبڕێت سەبارەت بە قەیرانى بەردەوامى تەندروستى دەرونى لە هەرێمەکەدا کە بۆتەهۆى زیادبونى حاڵەتەکانى خۆکوشتن لە نێو کۆمەڵگەى ئێزیدیدا. کۆى ژمارەى ئەو ئیزدییانەی کە کۆتاییان بە ژیانى خۆیان هێناوە لە باکورى عیراق زیادیکردووە بۆ 11 كەس تەنیا لە ماوەى مانگى رابردودا".

کۆى ژمارەى ئەو ئیزدییانەی کە کۆتاییان بە ژیانى خۆیان هێناوە لە باکورى عیراق زیادیکردووە بۆ 11 كەس تەنیا لە ماوەى مانگى رابردودا

لەو ئامارەدا ئەو هاوپەیمانێتییە پشتی بەستووە بە بەیاننامەیەکی هەفتەى پەیمانگەى چارەسەرى دەرونیی و زانستى زەبرى دەروونى (IPP) لە زانکۆى دهۆک.

هاوپەیمانێتییەكەدا لە راگەیەنراوەكەیاندا هاتووە "بڵاوبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا لە عیراق مەترسییەکى دیکەیە و کاریگەرى دەرونى لەسەر ئەو کۆمەڵگایانە دروستکردووە کە لە مەترسیدان وەکو ئێزیدییەکان، تورکمان و کریستیانەکان. تەنانەت پێش بڵاوبونەوەى کۆرۆنا، ڕێکخراوى پزیشکانى بێسنور، هۆشدارى خۆیان خستبووەڕوو سەبارەت بە خراپبونى زیاترى قەیرانى تەندروستى دەرونى لەنێو ئێزیدییەکانی عیراقدا، بۆ نمونە زیادبونى رێژەى خۆکوژی".

هەروەها هاتووە "لەئێستادا کۆى کۆمەڵگەى ئێزیدی توشى زەبرى دەرونى بۆتەوە بەهۆى تاوانەکانى جینۆساید، هەندێك هاوڵاتى ئێزیدی گرفتى دەرونى قورسیان تێدا دەرکەوتووە. لەنێو ئەو کەسانەى لە مەترسى گەورەدان ژنان و کچانن کە روبەڕوى توندوتیژى سێکسى پلان بۆ داڕێژراو بونەتەوە، لەگەڵ ئەو کوڕانەى کە داعش بە زۆر کردونى بە چەکدار".

(كەركوك ناو)، هەفتەی رابردوا لە راپۆرتێكیدا بڵاویكردەوە كە بەپێی ئامارێكی قایمقامیەتی شنگال، لە دوای هێرشی داعش بۆ شنگال لە 3ی ئابی 2014ەوە 250 ئێزیدی لەناو كەمپەكانی ئاوارەییدا بە فیشەك و بە پەت گیانیانلەدەستداوە كە زۆرینەیان لە رەگەزی مێ بون.

barham-1
بەغدا/ 20ی ئەیلولی 2020/ دیداری بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عیراق، لەگەڵ ژمارەیەک لە رزگاربووانی دەستی داعش   فۆتۆ: راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار

بەڵام ئامارەكانی سەرەتای ئەمساڵ مەترسیدارتر دەردەكەون، بەهۆی ئەوەی تەنیا لە هەفتەی یەكەمی ساڵی نوێدا، پێنج كەس بە فیشەك و خنكان بە پەت مردون، كە چواریان لە رەگەزی مێ بون، ئەوەش بەپێی ئامارێكی رێكخراوی داک بۆ گه‌شه‌پێدان كە لەناو كەمپەكاندا كاردەكەن.

ئەوەش لەكاتێكدایە لە راگەیەنراوی ئەو 27 رێكخراوە ناحكومییەدا هاتووە "ئێستا ئەنجامى تراژیدی گوێنەدان بەو ئاگادارکردنەوانە دەبینین. کاریگەرى خۆکۆشتن لەسەر خێزان و کۆمەڵگا وێرانکەر و ماوە درێژە. ئێمە پاڵپشتى پەیمانگاى چارەسەرى دەرونى و زانستى زەبرى دەرونى (IPP) دەکەین و داوا لە حکومەتى عیراق و حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکەین پەلەبکەن لە داڕشتن و جێبەجێکردنى ستراتیژى نیشتیمانی بۆ رێگریکردن لە خۆکوشتن".

هەروەها پشتیوانی خۆیان لە هەوڵەکانى تیمى لێکۆڵینەوەى سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ باشترکردنى لێپرسینەوە لە ئەو تاوانانەى کە لەلایەن داعشەوە ئەنجام دراون (UNITAD) دەردەبڕن. ئەوەش بە "دابینکردنى پاڵپشتى دەرونى کۆمەڵایەتى بۆ ڕزگاربووانى جینۆساید و ڕێکخستنى خول بۆ ڕێکخراوە ناحکومییەکان".

لەگەڵئەوەشدا داوا لە رێکخراوى تەندروستى جیهانیی و نێردەى هاوکارى نەتەوە یەکگرتوەکان لە عیراق (یۆنامی) دەکەن دەستبەجێ کارى پێویست ئەنجامبدەن بۆ روبەڕوبونەوەى قەیرانى سەختى تەندروستى دەرونى بە جێبەجێکردنى کەمپینى چڕی هۆشیارکردنەوە و رێگرى لە خۆکوشتن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT