گۆڕانکاری له پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی هاتوچۆی که‌رکوکدا كرا و عەمید محه‌مه‌د ئیسماعیل كە ئه‌فسه‌رێکی کوردە و بە عەمید شوان ناسراوە، وەكو بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی پارێزگاگە دانرا.
ئەو گۆڕانكارییە یه‌کشه‌ممه 24ی كانونی دووەم، به بڕیاری بەڕێوەبەرایەتى گشتى ھاتوچۆى حکومه‌تی فیدراڵی كرا، تیایدا عه‌مید محه‌مه‌د ئیسماعیل عەلی، بووە بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی كەركوك لە جێی عەمید جەمال حەكیم.
لەبارەی ئەركە نوێیەكەیەوە، عەمید محه‌مه‌د ئیسماعیل لە لێدوانێكیدا بۆ دەزگاكانی راگەیاندن، لە نێویاندا (كەركوك ناو)، وتی "ئامانجم ئەوەیە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو پێکهاتە و دانیشتووانی پارێزگای کەرکوک بكەم، تا بتوانین بە هاوکاری براو خوشکانم لەناو هاتوچۆی کەرکوک، سیستمی هاتوچۆی پارێزگاکە بەرەو پێش بەرین".
بەر لە وەرگرتنی ئەو بەرپرسیارێتییە، ناوبراو به‌ڕێوه‌به‌ری هاتوچۆی ناو شار بوو.
عەمید محه‌مه‌د ئیسماعیل ناسراو به (عەمید شوان)، ساڵی 1968 له که‌رکوک له دایکبووه و پێشمەرگەی دێرینی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو.
لە ساڵی 1991 یەكێك بوو لە مانگرتووانی بەردەم رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە سلێمانی، تیایدا داوای پاراستنی هەرێمی كوردستانیان دەكرد.
ناوبراو ده‌رچوی خولی دووەمى کۆلێژی سه‌ربازی قەڵاچوالانه و له دوای ساڵی 2003وه گەڕاوەتەوە كەركوك و له سلکی پۆلیس و هاتوچۆی که‌رکوکدا ئەفسەر بووە.