له چه‌ند روداوێكی هاوشێوه و له كاتی جیاوازدا، به چه‌كی تاپڕ ته‌قه له هێزه ئه‌منییه‌كان و هاوڵاتیان ده‌كرێت، بۆیه پۆلیس گومانده‌كات ته‌قه‌كه‌ره‌كه ته‌نیا یه‌ك كه‌س بێت و ماوه‌یه‌كه به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێن.
له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه چوار روداوی جیاوازی ته‌قه‌كردن به چه‌كی جۆری تاپڕ تۆماركراون كه دواترینیان هه‌ینی رابردوو 22ی كانونی دوه‌م بوو له گه‌ڕه‌كی بڵاخی شاری كه‌ركوك.
روداوه‌كه‌ی بڵاخ كاتژمێر 11ی پێشنیوه‌ڕۆ بووه و له نزیك ته‌كیه‌ی سه‌ید یاسین كه‌سێكی نه‌ناسراو به تاپڕ ته‌قه‌ی له ئۆتۆمبێلی هێزێكی پۆلیسی فیدراڵی كردووه، به‌ڵام له روداوه‌كه‌دا ته‌نیا زیان به‌ر ئۆتۆمبێله‌كه كه‌وتووه.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له شاری كه‌ركوك كه به‌هۆی نه‌بونی مۆڵه‌تی لێدوانه‌وه داوایكرد ناوی بڵاونه‌كرێته‌وه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "تائێستا چوار حاڵه‌تی ته‌قه‌كردن به تاپڕ ئه‌نجامدراوه، به‌شێكی زۆری روداوه‌كانی له سنوری كاركردنی بنكه‌ی پۆلیسی ئازادی‌دا بون و لێكۆڵینه‌وه‌یان تێدا ده‌كرێت".
ئه‌و سه‌رچاوه كه ئاگاداری لێكۆڵینه‌وه‌كانه ده‌ڵێت "به‌پێی شوێن و كات و به‌ڵگه‌كانی روداوه‌كان پێده‌چێت هه‌ر چوار حاڵه‌ته‌كه یه‌ك كه‌س ئه‌نجامده‌ری بێت".
دۆسیه‌ی ئه‌و چوار روداوه لای پۆلیسی نه‌هێشتنی تاوان و هه‌واڵگریدایه به‌ڵام هیچ كه‌سێك ده‌ستگیرنه‌كراوه.
ته‌قه‌كردن به تاپڕ له گه‌ڕه‌كه‌كانی بڵاخ، عاشور، حه‌سیره‌كه و ئیسكان بون.
به رۆژی روناك كه‌سێكی ده‌مامكدار به تاپڕ هێرشیكردهسهرم
یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی ده‌ڵێت بۆته ئامانجی تاپڕ به‌ده‌سته‌كه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "به رۆژی روناك، له‌ناكاو كه‌سێكی ده‌مامكدار به چه‌كی تاپڕ هێرشیكردهسهرم و پێش ته‌قاندنی تاپڕه‌كه، ته‌نیا وتی تۆ مورته‌دی و كوشتنت حه‌ڵاڵه".
ئه‌و "قوربانییه تاپڕ به‌ده‌سته‌كه‌ی كه‌ركوك"، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له سلكی ئه‌منیدایه نه‌یتوانی به‌ناوی خۆیه‌وه لێدوان بدات، وتیشی "له‌گه‌ڵ ته‌قاندنی تاپڕهكهدا ئه‌و كه‌سه دیارنه‌ما، چه‌ندین پارچه‌ی فیشه‌كی تاپڕه‌كه به‌ر گیانم كه‌وت و چه‌ند رۆژێك له‌ژێر چاره‌سه‌ری پزیشكیدا بووم".
دوایین روداوی ته‌قه‌كردن به تاپڕ هاوكات بوو له‌گه‌ڵ خستنه حاڵه‌تی ئاماده‌باشی ته‌واوی هێزه ئه‌منییه‌كانی كه‌ركوك و دانانی بازگه‌ی پشكنینه‌وه دوابه‌دوای رۆژێك له ته‌قینه‌وه خۆكوژییه‌كانی به‌غدا كه 32 كه‌س به‌هۆیانه‌وه گیانیانله‌ده‌ستدا و زیاتر له 100 كه‌سی تر برینداربون.
عەمید قەیس عامر ناجی، بەڕێوه‌بەری بەشی بەڵگە و تاوان لە بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی كەركوك دەربارەی دۆسیه‌ی "تاپڕ بە دەستەكە" به (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه كه‌سێك ده‌ستگیركراوه به‌ڵام دوای وه‌رگرتنی وته‌كانی له‌لایه‌ن دادگای كه‌ركوكه‌وه ئازادكرا، چونكه نه‌سه‌لمێنرا ئه‌و ئه‌نجامده‌ری روداوه‌كانه".
به‌شی هه‌واڵگری پۆلیس له روداوه‌كانی ده‌كۆڵێته‌وه، وه‌ك عه‌مید قه‌یس ده‌ڵێت، "هێشتا كه‌سی تاپڕ به‌ده‌ست نادیاره و هێزه‌كانی ئه‌منییه‌كان سه‌رقاڵن تا تاوانباره‌كه بدۆزنه‌وه".
دۆسیه‌ی ئه‌منی ناوشاری كه‌ركوك به‌ده‌ست پۆلیسی ناوخۆیی و لیوای 61ی تایبه‌تی سه‌ر به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانده‌یی ژوری ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كاندا.