كەركوك تانە لە حكومەتی فیدراڵ دەدات
پترۆدۆلاری پارێزگاكە بۆ نیوە كەمكراوەتەوە

كەركوك/ تەموزی 2017/ شوێنی فرۆشتنی ماسی لە بازاڕێكی میللی فۆتۆ: بنار سەردار

گۆران بابان – كەركوك

ئیدارەی كەركوك تانە لەو بڕە پارەیە دەدات كە لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2021ی عیراق بۆ پترۆدۆلاری كەركوك دانراوە، بەهۆی ئەوەی بڕەكەی لە یەك ترلیۆن دینارەوە بۆ 500 ملیار كەمكراوتەوە.

ئەو تانەیە كە بە داتاو زانیاریی لەبارەی هەناردەی نەوتی پارێزگاكەوە ئاراستەی هەردوو وەزارەتی دارایی و نەوت، هەروەها دیوانی چاودێری دارایی عیراق كراوە، دوای ئەوە هات كە بەپێی رەشنوسی پڕۆژەی یاسای بودجەی 2021 حكومەتی عیراق تەنیا لەسەدا 2.5 داهاتی نەوت بۆ پارێزگاكە دەنێرێت لە چوارچێوەی پترۆدۆلاردا.

عەلی حومادی، یاریدەدەری پارێزگاری كەركوك بۆ كاروباری هونەری، بە (كەركوك ناو)ی وت "دیاریكردنی 500 ملیار دینار بۆ پترۆدۆلاری پارێزگا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت زۆر كەمە بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو كە یەك ترلیۆن دینار بوو، ئێمە تانەمان لەو بڕە داوە و هیوادارین گۆڕنكاریی تیابكرێت".

"تانەکەمان ئاراستەی هەردوو وەزارەتی نەوت و دارایی كردووە، هەروەها دیوانی چاودێری داراییمان لەوە ئاگاداركردۆتەوە... تانەكە لەسەر ئەوەیە كە ئێمە بڕە هەناردەیەکی باشی نەوتمان هەیە، ئەوە بە داتاو زانیاریی لە تانەكەدا ئاماژەمان بۆ كردووە، بەڵام ئەو پارەیەی پێمان دەدرێت وەكو پترۆدۆلار زۆر کەمە"، حەمادی وایوت.

پترۆدۆلار بەو بڕە پارەیە دەوترێت كە دەدرێت بە پارێزگا بەرهەمهێنەكانی نەوت لە داهاتی نەوتەكەی، زۆرینەی كات لە نێوان لەسەدا 10 بۆ لەسەدا 5ی كۆی داهاتی نەوتی ئەو پارێزگایە.

حەمادی وتی "بە تاناكەی ئێمەدا چوونەتەوە و دەركەوتووە زانیارییەكانمان تەواوە و بەڵێنیاندا گۆڕانكاریی تێدابكەن، بەڵام لەڕێی نوێنەرەكانمانەوە زانیومانە هیچ گۆڕانكارییەكیان تێدا نەكردووە".

nawt
كه‌ركوك، 2014، كۆمپانیای نه‌وتی باكور كه‌ سه‌رپه‌رشتی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوك ده‌كات فۆتۆ: كەركوك ناو

پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 لە ئێستادا لە پەرلەمانی عیراقە و چاوەڕواندەكرێت لە هەفتەكانی داهاتووەوە بۆ گفتوگۆكردن و پەسەندكردنی بخرێتە دانیشتنەكانەوە.

لە ساڵی 2020 بەهۆی پەسەندنەكردنی بودجە و قەیرانی هەناردەكردنی نەتەوە بەهۆی كۆرناوە، بە وتەی حەمادی، هیچ بڕە پارەیەكی پترۆدۆلار بۆ كەركوك دانەنرا.

حەمادی جەختیكردەوە "وەزارەتی نەوت و دارایی، بەرهەمی نەوتی کەرکوکیان بە نرخێکی کەمتر هەژمار کردووە، هەر بۆیە پترۆدۆلاریشیان بۆ نیوە كەمكردۆتەوە".

بەپێی داتاكانی ئیدارەی كەركوك، رۆژانە زیاتر لە 390 هەزار بەرمیل لە نەوتی كەركوك هەناردەی دەرەوە دەكرێت.

حەمادی وتی "نازانم هەناردەی نەوتی كەركوك بۆ 2021 زیاد دەكرێت یان نا، بەڵام ئەوە دەزانم كە حكومەتی فیدراڵ زیاتر تەركیزی لەسەر كێڵگە نەوتییەكانی بەسرایە، چونكە كواڵێتی باشترە و نرخیشی بەرزترە".

حكومەتی فیدراڵ زیاتر تەركیزی لەسەر كێڵگە نەوتییەكانی بەسرایە، چونكە كواڵێتی باشترە و نرخیشی بەرزترە

حكومەتی عیراق لە پڕۆژەی بودجەی 2021دا ئاماژەی بە هەناردەكردنی سێ ملیۆن 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە كردووە، لەكاتێكدا لە ساڵی 2019 بڕەكە سێ میلۆن و 900 هەزار بەرمیلی رۆژانە بوو.

حەمادی دەڵێت "دیاریكردنی ئەو بڕە نیشانەی ئەوەیە حكومەت بۆ ئەمساڵ ناتوانێت لەوە زیاتر هەناردەبكات".

لەبارەی پلانی ئیدارەی كەركوك بۆ خەرجكردنی پارەی پترۆدۆلار، حەمادی وتی "بڕیارە لەسەدا 50ی بۆ پڕۆژە بەردەوامەكان بێت و لەسەدا 50كەی تری بۆ پڕۆژەی نوێ خەرجبكەین، ئەمە لە حاڵەتێكدا ئەگەر لە یاساكەدا ناچارنەكرێین بەوەی لە چیی و چۆن خەرجی بكەین".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT