گۆڕێكی بە كۆمەڵ دۆزرایەوە

دهۆك، ئابی 2020، ئاواره‌كانی كه‌مپی قادیا یادی قوربانیانی گوندی كۆجۆ ده‌كه‌نه‌وه‌ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

عەمار عەزیز – نەینەوا

گۆڕێكی بە كۆمەڵ له‌ ناوەندی کۆمه‌ڵگەی گرزه‌رک لە ناحیەی گرعوزێر سەر بە قەزای شنگال دۆزرایەوە، چاوەڕواندەكرێت روفاتی سێ بۆ چوار كەسی تێدابێت.

ئەو گۆڕە چوارشەممە 27ی كانونی دووەم لەلایەن دانیشیتووانی ناوچەكەوە دۆزرایەوە و بۆ هەڵدانەوەی چاوەڕێی لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەن.

جه‌لال خه‌له‌ف، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی گرعوزێر به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت "چەند هاوڵاتیانی خەڵكی گوندەكە ئاگاداریان كردینەوە لە بونی چەند روفاتێك لە گۆڕێكی بە كۆمەڵدا، پۆلیسی ناحیه‌که‌ چوونە شوێنی گۆڕەكە و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان روفاتی سێ بۆ چوار كەسی تێدایە.

کۆمه‌ڵگەی گرزه‌رک دەكەوێتە خۆرئاوای موسڵ، لە ئابی 2014 كەوتە دەست داعش تا كۆتایی 2015 هێزە عیراقییەكان توانیان كۆنترۆڵی بكەنەوە.

جه‌لال خه‌له‌ف وتی "هێشتا لێكۆڵینەوە لە گۆڕەكە نەكراوە و ناسنامەی روفاتەكانیش دیار نییە، چاوه‌ڕێی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان ده‌که‌ین به‌ زووترین کات تیمێک دروستبکه‌ن و سه‌ر‌دانی گوڕه‌که‌ بکه‌ن".

بەپێی بۆچونی خەڵكی ناوچەكە گۆڕەكە بۆ سەردەمی دەسەڵاتدارێتی داعش دەگەڕێتەوە.

ezidy
نه‌ینه‌وا/15ی ئازاری 2019/ كه‌سوكاری قوربانیانی ده‌ستی داعش له‌ مه‌راسیمی هه‌ڵدانه‌وه‌ی یه‌كه‌م گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵی ئێزیدییه‌كان فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی

فه‌رحان حه‌یده‌ر، خه‌ڵکی کۆمه‌ڵگەی گرزه‌رک، بە (كەركوك ناو)ی وت "روفاتەكان پێكەوە لەناو ئاوەڕۆی خانویەكی ناحیەكە دۆزرانەوە، لە نێوان سێ بۆ پێنج روفات دەبن".

"پێمانوایە روفاتەكانی هی ئەو ئێزیدییانەن كە كەوتنە دەست داعش و خەڵكی ئەم كۆمەڵگەیەن... داوا له‌ ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کان ده‌که‌ین به‌ زوترین کات روفاتەكان دەربهێنن و پشكینیان بۆ بكەن"، فەرحان وایوت.

به‌پێی ئاماری به‌ڕێوه‌بەرایه‌تی کاروباری ئێزیدییان سەر بە وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، له‌ هێرشه‌كانی داعش بۆ شنگال، دوو هه‌زار و 293 ئێزیدی به‌ ده‌ستی چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه‌ کوژراون.

هه‌ر به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ له‌  شنگال، 80 گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە، جگە لە دەیان گۆڕی یەک کەسی، که‌ مێژوه‌کانیان بۆ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی داعش ده‌گه‌ڕێتەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT