بودجه‌ی 200 ملیار دینار بۆ پارێزگاكه‌ دانراوه
پارێزگاری نه‌ینه‌وا: له‌مساڵدا پرۆژه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی موسڵ ته‌واو ده‌كه‌ین

نه‌ینه‌وا، 27ی كانونی دوه‌می 2021، كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی نه‌جم جبوری پارێزگاری نه‌ینه‌وا فۆتۆ: نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی پارێزگار

كه‌ركوك ناو – نه‌ینه‌وا

نه‌جم جبوری، پارێزگاری نه‌ینه‌وا ئاشكرایكرد له‌ پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ی عیراقدا بڕی 200 ملیار دینار وه‌ك بودجه‌ی پارێزگاكه‌ دانراوه‌، به‌ڵێنیشیدا له‌مساڵدا پرۆژه‌ی دوباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی موسڵ ته‌واو بكه‌ن.

له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ چوارشه‌ممه‌ 27ی كانونی دوه‌می 2021 به‌ڕێوه‌چوو، جبوری ئاماژه‌ی به‌وه‌دا بودجه‌ی نه‌ینه‌وا به‌ 200 ملیار دینار دانراوه‌ و ئه‌گه‌ریش هه‌یه‌ بۆ دوو هێنده‌ زیاد بكرێت.

پرۆژه‌یاسای بودجه‌ له‌ په‌رله‌مانی عیراقه‌ و هێشتا گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێت پێش ئه‌وه‌ی بۆ په‌سه‌ندكردن بخرێته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانتاران.

پارێزگاری نه‌ینه‌وا تێبینی له‌سه‌ر بودجه‌ی ته‌رخانكراو بۆ پارێزگاكه‌ هه‌یه‌ به‌وپێیه‌ی "زۆرترین زیانی به‌ركه‌وتوو به‌راورد به‌ پارێزگاكانی دیكه‌"، وتی زیادبونی ئه‌و بڕه‌ش په‌یوه‌ندی به‌ نرخی فرۆشتنی نه‌وتی خاوه‌وه‌ هه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ بگاته‌ 400 ملیار دینار.

نه‌ینه‌وا هێشتا به‌ده‌ست وێرانكارییه‌كانی شه‌ڕی چه‌ند ساڵه‌ی داعشه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت و به‌شێكی زۆر له‌ دانیشتوانه‌كه‌یشی ئاواره‌ن.

نه‌جم جبوری ده‌ڵێت بڕی چوار ملیار دینار وه‌ك بودجه‌ی پترۆدۆلار جێگیركراوه‌، له‌گه‌ڵ ته‌رخانكردنی 15 ملیار دینار بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ژاری، داواشیانكردووه‌ شایسته‌ داراییه‌كانی ساڵانی رابردوی به‌ڵێنده‌ران خه‌جبكرێن و 29 ملیار دیناریش وه‌ك بودجه‌ی قه‌ره‌بوو دابنرێت.

له‌ هه‌مان كۆنگره‌دا پارێزگار واژۆكردنی گرێبه‌ستێكی بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی پرده‌كانی چوار و پێنج و رێگای هاتوچۆی نێوان موسڵ و به‌غدادی راگه‌یاند.

almosl3
نه‌ینه‌وا، فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی موسڵ به‌ر له‌ 2014  فۆتۆ: ئه‌رشیفی كه‌ركوك ناو

نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی موسڵ

نه‌جم جبوری له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا رونیكرده‌وه‌ گرێبه‌ستی دوباره‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی موسڵ واژۆ كراوه‌ و له‌ رۆژانی ئاینده‌دا تیمی هونه‌ری كاره‌كانیان ده‌ستپێده‌كه‌ن و له‌مساڵدا پڕۆژه‌كه‌ ته‌واو ده‌كه‌ن.

له‌ 25ی كانونی دوه‌می 2021 ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نی عیراقی لێكتێگه‌یشتنێكی ده‌رباره‌ی به‌دواداچونی سه‌ره‌تایی بۆ دوباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی موسڵ له‌گه‌ڵ كۆمپانیای فڕۆكه‌خانه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی پاریس بۆ ئه‌ندازیاری واژۆ كرد.

له‌ مه‌راسیمی واژۆكردنه‌كه‌دا جگه‌ له‌ پارێزگاری نه‌ینه‌وا هه‌ریه‌ك له‌ باڵیۆزی فه‌ره‌نسا له‌ عیراق و حه‌مید عه‌زی، ئه‌مینداری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و نائل ره‌حیم، به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نی ئاماده‌بون.

ئه‌و لێكتێگه‌یشتنه‌ به‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌می پرۆژه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی موسڵ داده‌نرێت كه‌ بڕیاره‌ له‌مساڵدا ده‌ستپێبكات به‌ قه‌رزی 700 هه‌زار یۆرۆ كه‌ فه‌ره‌نسا دابینی ده‌كات.

به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی باڵیۆزخانه‌ی فه‌ره‌نسا ئه‌و قه‌رزه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی پابه‌ندبونی فه‌ره‌نسایه‌ بۆ به‌رده‌وامی له‌ پاڵپشتیكردنی عیراق له‌ پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌كانی ژێر ده‌ستی داعش و به‌ ئامانجی به‌شدارییه‌ له‌ بوژاندنه‌وه‌ی چالاكی ئابوری له‌ نه‌ینه‌وا.

فڕۆكه‌خانه‌ی موسڵ به‌هۆی هێرشه‌كانی داعشه‌وه‌ به‌ ته‌واوی خاپور بوو.

داعش له‌ كۆتایی 2015دا 22 خه‌نده‌قی له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی موسڵ دروستكرد به‌ قوڵی نزیكه‌ی دوو مه‌تر و پانی 10 مه‌تر، نێوانی هه‌ر خه‌نده‌قێك بۆ یه‌كێكیتر 100 مه‌تره‌ و ئامانجی لێی رێگریی بوو له‌ دابه‌زینی هێزی عیراقی له‌ ئاسمانه‌وه‌ و هه‌ر ئه‌و خه‌نده‌قانه‌ش به‌ربه‌ست بووه‌ له‌به‌رده‌م نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كه‌دا له‌ ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا.

به‌پێی به‌دواداچونی پێشتری (كه‌ركوك ناو) ئه‌و زیانانه‌ی به‌ر رێڕه‌وی فڕینی فڕۆكه‌ كه‌وتووه‌ ده‌گاته‌ سه‌دا 25، زیانه‌كانی گۆڕه‌پانی وه‌ستانی فڕۆكه‌كه‌ سه‌دا 5، بورجی چاودێری سه‌دا 100 زیانی به‌ركه‌وتووه‌ و ئامێر و ته‌واوی پێداویستی و به‌شه‌كانی دیكه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ به‌رێژه‌ی له‌سه‌دا 100 خاپور بون.

داعش له‌ ناوه‌ڕاستی 2014دا ده‌ستی به‌سه‌ر موسڵ و روبه‌رێكی به‌رفراوانی خاكی عیراقدا گرت و دوای سێ ساڵ له‌ شه‌ڕ هێزه‌ عیراقییه‌كان به‌ پاڵپشتی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی توانیان ناوچه‌كان له‌ژێر ده‌ستی ئه‌و رێكخراوه‌ كۆنتڕۆڵبكه‌نه‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT