بۆ پرسی یەكدەنگیی لە ناوچەكانی جێناكۆكدا
پەرلەمان حزبە كوردییەكان كۆدەكاتەوە

كه‌ركوك، ئایاری 2018، پشكنینی ده‌نگده‌ران له‌به‌رده‌م بنكه‌یه‌كی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كەركوك ناو

نوێنەری بەشی هەڵبژاردنی حزبە كوردییەكان، لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كۆبونەوە و تیایدا گفتوگۆی پرسی یەكدەنگیی و یەكلیستیان كرد لە ناوچەكانی جێناكۆك بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو، لە نێویاندا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق.

ئەو كۆبونەوەیە پێنجشەممە 28ی كانونی دووەم، لە بینای پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو، تیایدا سەرۆكی پەرلەمان و لیژنەی "ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم"ی پەرلەمان تیایدا بەشداربون.

رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی "كۆبونەوەكە بۆ خۆگونجاندنی حزبە كوردییەكان بوو لەگەڵ واقعی ئەو ناوچانە و تەكنیكە نوێیەكانی یاسای هەڵبژاردن لە چۆنیەتی دابەشكردنی بازنەكان".

بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق؛ پارێزگاكان بەسەر چەند بازنەیەكی نوێی هەڵبژاردندا دابەشدەكرێن، بۆ ئەوەش كورد دەیەوێت زۆرترین كورسی بەدەستبهێنێت و لەنێو بازنەكاندا دەنگی پەرشوبڵاونەبێت، بۆ ئەوەش پێویستی بە هاوپەیمانێتیی و یەكلیستییە. بەڵام تائێستا بۆ ئەوە كۆك نین.

رێواز فایەق، وتیشی "پەرلەمانی كوردستان لە بابەتە چارەنوسسازەكاندا مەرجەعی سیاسییە بۆ بڕیاردان، بەتایبەت لەو بابەتانەی پەیوەندییان بە چارەنوسی كوردستانیانەوە هەیە، ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم (ناوچەكانی جێناكۆك) یەكێكن لە گرنگترین بابەتە چارەنوسسازەكان".

پەرلەمانی كوردستان لە بابەتە چارەنوسسازەكاندا مەرجەعی سیاسییە بۆ بڕیاردان

زیاتر وتی "پێویستە پەرلەمان لە نزیككردنەوەی لایەنەكان رۆڵ بگێڕێت، بەڵام جێی داخە پەیوەندی بەشێك لە حزبەكان خراپە و جۆرێك لە لێكترازان و یەكتر نەخوێندنەوە هەیە، ئەوەش ئەركی پەرلەمان و دامەزراوە دەستورییەكانی قورسكردووە".

rewazz
رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان فۆتۆ: راگەیاندنی پەرلەمان

لەبارەی هەڵوێستی حزبەكان لەبارەی یەكدەنگییان لەو ناوچانە، رێواز وتی "هەموو حزبە سیاسییەكان جگە لە یەك دوو حزب نەبێت كە نەهاتبون بۆ كۆبونەوەكە بۆچونیان وابوو كە یەكهەڵوێست بن و خۆیان لەگەڵ ئەم یاسایەدا بگونجێنن".

سەرۆكی پەرلەمان لە كۆبونەوەكەدا وتویەتی پێویستە بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت بكەوینە گفتوگۆ و لەگەڵ سەركردایەتی حزبەكانیش بەهەمان شێوە "چونكە كات لە بەرژەوەندی گەلی كوردستاندا نییە"، رێواز وایوت.

وتیشی "نوێنەری لایەنەكان لە كۆبونەوەكەدا جەختیانكردەوە لەوەی پێویستە بە یەكدەنگی مامەڵە لەگەڵ یاساكەدا بكرێت، ئەو تەكنیكە نوێیەی سیستمی هەڵبژاردن پێویست بەوە دەكات یەكڕیز و یەكهەڵوێست بن".

نوێنەری لایەنەكان لە كۆبونەوەكەدا جەختیانكردەوە لەوەی پێویستە بە یەكدەنگی مامەڵە لەگەڵ یاساكەدا بكرێت

حزبە بچوكەكان و ئەوانەی لە هەڵبژاردنەكانی رابردودا نەیانتوانیوە، كورسی پەرلەمانی لە ناوچەكانی جێناكۆكدا بەدەستبهێنن، لە كۆبونەوەكەدا نیگەرانی ئەوە بون كە حزبە گەورەكان تەنیا لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا و لەكاتی پێویستدا كۆیاندەكەنەوە.

رێواز وتی "بۆیە داوایانكرد لە حاڵەتی یەكلیستیدا ئەگەر كورسیش نەهێنن گرەنتی پاراستنی ئیستحقاقاتی خۆیان پێبدەن، ئەوەش بە قەرەبوكردنەوەیان لە پێدانی پۆستی تر لە دامەزراوەكانی حكومەت یان ئەنجومەنی پارێزگا و قەزا و ناحییەكاندا".

ئەو كۆبونەوەیە لەكاتێكدایە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق لە حوزەیرانی ئەمساڵەوە بۆ 10ی تشرینی یەكەمی 2021 دواخراوە، هەروەها دوای دەیان كۆبونەوە و دانیشتنی حزبە كوردییەكان هات بە مەبەستی یەكلیستی و هاوپەیمانێتی لە ناوچەكانی جێناكۆك، بەبێ ئەوەی بگەنە هیچ ئەنجامێك.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT