مێردمنداڵێكی 14 ساڵان لەكاتی یاریكردنی بە پاشماوەكانی جەنگ لە چەك و تەقەمەنی گیانیلەدەستدا و چوار هاوڕێی تری برینداربون، دوای ئەوەی گولـلە هاوەنێك تەقیوەتەوە.
ئەو روداوە كاتژمێر 11:30ی هەینی 29ی كانونی دووەم لە ناوەندی ناحیەی جەلەولا سەر بە قەزای خانەقین رویدا.
داود ئەحمەد، ئەنجومەنی گەڕەکی وحدە لە ناحیەی جەلەولا - روداوەكە لەو گەڕەكە رویداوە – بە (کەرکوک ناو)ی وت "کۆمەڵێک منداڵ لەنێو خۆڵ و خاشاکی گەڕەك دەستکاریی پاشماوەی جەنگیان کردووە، لەوكاتەدا گولـلە ھاوەنێک پێیاندا تەقیوەتەوە، بەهۆیەوە منداڵێكی 14 ساڵ بەناوی ئەحمەد عەبدولڕەزاق گیانیلەدەستداوە و چواری تر كە تەمەنیان لە نێوان 10 بۆ 11 ساڵانە برینداربون".
جەلەولا لە كۆتایی 2014 بە بارودۆخێكی سەختدا تێپەڕی بەهۆی شەڕی بەردەوامی نێوان پێشمەرگە و هێزە عیراقییەكان لەلایەك و چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش) لەلایەكی تر، بە جۆرێك زۆرێك لە خانووەكانی ناحیەكە روخان و ناو شار هێشتا لە پاشماوەكانی جەنگ بە تەواوی پاكنەكراوەتەوە.
محسن مایخان، لێپرسراوی تیمی خانەقینی رێکخراوی کارکردن لە پێناو ئاشتی – كاردەكەن لەپێناو هۆشیاركردنەوەی خەڵك و دەستیشانكردنی ئەو ناوچانەی مین و تەقەمەنی جەنگی لێیە -، بە (كەركوك ناو)ی وت "هێشتا دەیان شوێنی سنوری قەزای خانەقین پاكنەكراونەتەوە لە مین و تەقەمەنی و جێی مەترسین، لەكاتێكدا ئاوەدانكراونەتەوە و خەڵك لێی نیشتەجێیە".
دەیان شوێنی سنوری قەزای خانەقین پاكنەكراونەتەوە لە مین و تەقەمەنی و جێی مەترسین
رێكخراوەكە لە دوو ساڵی رابردودا لانیكەم 60 ناوچەی دیاریكردووە كە جێی مەترسین و مینو پاشماوەی جەنگی لێیە.
ئەو مین و پاشماوانەی جەنگ، بەپێی رێكخراوەكە بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ شەڕی هەشت ساڵەی عیراق - ئێران لە نێوان ساڵانی 1980 – 1988 و بەشێكی بۆ سەردەمی شەڕی داعش لە ساڵی 2014.
"دەیان ناوچەی جێی مەترسیمان دەستنیشانكردووە بۆ پاككردنەوە، تیمەكانمان بەشێوەیەكی بەردەوام ھەڵمەتی ھۆشیاركردنەوەی خەڵك ئەنجامدەدەن تا مەترسی لەم شێوەیەی ئەمڕۆ رونەدات"، محسن مایخان داوایكرد حكومەتی عیراق هەولی پاككردنەوەی ئەو ناوچانە بدات تا مەترسی هاوشێوەی تەقینەوەكەی جەلەولای بەدوادا نەیات.