12 هەزار خێزانی كورد كە لە دوای ساڵی 2003وە بۆ خانەقین گەڕاونەتەوە، فۆرمی نوێی خۆراكیان بە بڕیاری وەزارەتی بازرگانیی راگیراوە و دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی راسپاردووە لێكۆڵینەوە لە راستی و دروستی بونی ئەو فۆرمانە بكات.
چەند هەفتەیەكە وەزارەتی بازرگانی عیراق لەڕێی بریكارەكانیەوە دەستیكردووە بە دابەشكردنی فۆرمی نوێی خۆراك بۆ ساڵی 2021 بەسەر خێزانەكاندا، جگە لە 12 هەزار خێزان نەبێت كە دوای ساڵی 2003 بۆ خانەقین گەڕاونەتەوە و ماددەی 140 دەیانگرێتەوە.
سەرچاوەیەک كە لێپرسراوێتی هەیە لە فەرمانگەی دابەشكردنی خۆراكی مانگانە لە خانەقین و نەیویست ناوی بڵاوبێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "بە بڕیاری وەزارەتی بازرگانی عیراق، ئەو خێزانانەی کە ماددەی ١٤٠ دەیانگرێتەوە و فۆرمی خۆراکیان پاش ساڵی 2003 بۆ قەزای خانەقین گواستراوەتەوە فۆرمی خۆراكی ئەمساڵیان بەسەردا دابەشناكرێت، تا نەچنە بەعقوبە و لێكۆڵینەوە لە راستی و دروستی فۆرمەكانیان نەكرێت".
"لیژنەیەك پێكهێنراوە بۆ چۆنیەتی دابەشكردنی فۆرمی خۆراكی ئەو 12 هەزار خێزانە، لیژنەكە پێكهاتووە لە نوێنەرانی وەزارەتی بازرگانیی و دەزگای ئاسایشی نیشتیمانیی عیراق".
ئەو لیژنەیە لە بەعقوبە – مەڵبەندی پارێزگای دیالە – دادەنیشن، بەڵام هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی تا لێكۆڵینەوەكانیان تەواودەكەن بهێنرێنە خانەقین، ئەوەش وەك كارئاسانییەك بۆ خێزانەكان.
یوسف ئیبراھیم لێپرسراوی راگەیاندنی قایقامیەتی خانەقین بە (کەرکوک ناو)ی وت "وەکو ئیدارەی خانەقین کۆبونەوەمان لەگەڵ لێپرسراوانی خۆراکی دیالە و خانەقین ئەنجامداوە، بە مەبەستی ئەوەی فۆرمەکان لە خانەقین دابەشبکرێت و ئاسانكاریی بۆ ئەو خێزانانە بكرێت، ئەوەش لەڕێی هێنانی لیژنەكە بۆ خانەفین، بەڵام تائێستا وەڵامنەدراوینەتەوە و فۆرمەكانیش دابەشنەكراون".
ئەو 12 هەزار خێزانە بەپێی لێپرسراوانی قەزای خانەقین، هەمویان كوردن و بەر لە روخانی رژێمی بەعس لە شارەكانی هەرێمی كوردستان نیشتەجێ بون.
پەیامنێرانی (كەركوك ناو)، لە ناوچەكانی تری جێناكۆك بەدواداچونی كرد بۆ بونی گرفتی تری هاوشێوە، بەڵام دەركەوت ئەوە تەنیا لە قەزای خانەقین بونی هەیە.
عەباس ئەرکەوازی، بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە ماڵی روناکبیری سەلام لە خانەقین، چەند رۆژێكە دەستپێشخەرییان كردووە بە دابینكردنی شوێنی مانەوە بۆ ئەو لیژنەیە، لە حاڵەتێكدا ئەگەر بچنە خانەقین.
"دەمانەوێت لەبری ئەوەی ئەو خێزانانە بچنە خانەقین، لیژنەكە بێنە ئێرە، بەڵام لیژنەكە ئەوەندەی من بزانم پەشیمان بونەتەوە لە هاتنیان بۆ خانەقین و چارەنوسی 12 هەزار فۆرم یەكلایینەكراوەتەوە"، عەباس ئەركەوازی وای وت.
لێپرسراوانی خانەقین جەختیانكردەوە لەوەی وەزارەتی بازرگانی عیراق گومانی لە بونی فۆرمی ساختە هەیە لە نێو ئەو 12 هەزارە، هەر بۆیە دەیەوێت لەڕێی ئاسایشی نیشتیمانیی و نوێنەرانی خۆیان لەو بابەتە دڵنیاببنەوە.