"هه‌ڵۆكانی كه‌ركوك"؛ ره‌نگدانه‌وه‌ی وێنه‌ی گه‌شی وه‌رزشه‌كه‌یانن

كه‌ركوك، كانونی دوه‌می 2021، ژماره‌یه‌ك له‌ شۆفێرانی ماتۆرسیكلی تیمی "هه‌ڵۆكانی كه‌ركوك" ئاماده‌كاری بۆ وه‌رزشه‌كه‌یان ده‌كه‌ن وێنه‌: ئیناس حه‌سه‌ن

ئیناس حه‌سه‌ن – كه‌ركوك

"لێخوڕینی ماتۆڕسكیل پێش هه‌موو شتێك وه‌رزشه‌، ئێمه‌ش نامانه‌وێت هيچ بێزارییه‌ك بۆ هاوڵاتیان دروستبكه‌ین، بۆیه‌ تیمی هه‌ڵۆكانی كه‌ركوكم دامه‌زراند تا ببێته‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی وێنه‌ی ئه‌رێنی ماتۆڕسكیل و شۆفێره‌كانیان" نبراس یه‌مانی وای وت.

ئه‌و وێنه‌ ئه‌رێنییه‌ی یه‌مانی ده‌یه‌وێت ده‌رباره‌ی ئه‌و وه‌رزشه‌ نیشانی بدات ئه‌وه‌یه‌ "شۆفێره‌كانمان پابه‌ندی هه‌موو یاساكانی هاتوچۆن و بۆ خزمه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ به‌كاریده‌هێنن".

نبراس یه‌مانی (41 ساڵ)، ئه‌وكاته‌ بیر له‌ دامه‌زراندنی گروپه‌كه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "تێڕوانینی خراپ"ی كۆمه‌ڵگه‌ به‌رانبه‌ر شۆفێرانی ماتوڕسكیل زیاتر ده‌بێت، ئه‌وه‌ش دوای دامه‌زراندنی تیمی "هه‌ڵۆكانی عیراق له‌ به‌غداد" له‌ ساڵی 2015 به‌ سه‌ركردایه‌تی كاپتن سه‌یف فه‌رتوسی، كه‌ هه‌مان ئه‌و ئامانجانه‌ی هه‌یه‌ یه‌مانی هه‌وڵی بۆ ده‌دات.

یه‌مانی په‌یوه‌ندی به‌ تیمه‌كه‌ی به‌غداوه‌ ده‌كات و دواتر به‌ چوار ماتۆڕسكیله‌وه‌ وه‌ك ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر، تیمێكی تایبه‌ت به‌ پارێزگای كه‌ركوك به‌ناوی "هه‌ڵۆكانی كه‌ركوك" له‌ ساڵی 2019دا داده‌مه‌زرێنن.

ئێستا ژماره‌كه‌ هه‌ڵكشاوه‌ و "هه‌ڵۆكانی كه‌ركوك" 42 ئه‌ندامی هه‌یه‌ له‌ عه‌ره‌ب، كورد، توركمان و كریستیان.

WhatsApp Image 2021-01-26 at 10.07.29 PM
كه‌ركوك، 9ی كانونی دوه‌می 2021، به‌شداری "هه‌ڵۆكانی كه‌ركوك" له‌ جه‌ژنی پۆلیس فۆتۆ: ئیناس حه‌سه‌ن

تێڕوانینی خراپ به‌رانبه‌ر شۆفێرانی ماتۆڕسكیل

"حه‌ز به‌ خاوه‌نی ماتۆڕسكیله‌كان ناكه‌م، چونكه‌ به‌رده‌وام و به‌بێ هۆ روبه‌ڕوی هه‌راسانكردن و گێچه‌ڵی زاره‌كییان ده‌بمه‌وه‌" ئیلاف ئه‌وچی (20 ساڵ)، كچی خوێندكاری زانكۆی كه‌ركوك واده‌ڵێت.

ئه‌و به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت شۆفێرانی ماتۆڕسكیل زۆربه‌ی كات به‌ ده‌نگی ماتۆڕه‌كانیان ده‌بنه‌ هۆی بێزاری له‌ گه‌ڕه‌كه‌كاندا، به‌ڵام هه‌ندێكیان به‌ڕێزن و به‌هێمنی بۆ كار و بژێوی ماتۆڕسكیل لێده‌خوڕن.

هه‌روه‌ها به‌ هیوایه‌ تیمی "هه‌ڵۆكانی كه‌ركوك" ئه‌و تیڕوانینه‌ "خراپه‌" به‌رانبه‌ر شۆفێرانی ماتۆڕسكیل بگۆڕن، چونكه‌ "كه‌ركوك پێویستی به‌ كه‌سانێكه‌ به‌رده‌وام كار بۆ دروستكردنی وێنه‌ی ئه‌رێنی ده‌رباره‌ی پارێزگاكه‌ بكه‌ن" به‌وته‌ی ئیلاف.

نبراس یه‌مانی ده‌ڵێت ئه‌و تێڕوانینه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه‌ و به‌ گه‌وره‌ترین "به‌ربه‌ست"یشی ده‌زانێت كه‌ روبه‌ڕوی تیمه‌كه‌یان بۆته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن ئه‌و تیڕوانینه‌ بۆ وێنه‌یه‌كی ئه‌رێنی بگۆڕن.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌ تیمه‌كه‌یان ماتۆڕسكیلی جۆری باش به‌كارده‌هێنن و ده‌نگی به‌رز ده‌رناكات، ده‌نگی بێزاركه‌ر نییه‌، پابه‌ندی رێكار و بڕیاره‌كانی هاتوچۆ و رێنماییه‌كانی سه‌لامه‌تیین وه‌ك به‌كارهێنانی كڵاو و ده‌ستكێش.

 

"ماتۆڕسواره‌ خراپه‌كان نوێنه‌رایه‌تی ئێمه‌ ناكه‌ن"

"هه‌ڵۆكانی كه‌ركوك له‌ژێر دروشمی (ماتۆڕسواره‌ خراپه‌كان نوێنه‌رایه‌تی ئێمه‌ ناكه‌ن) ماتۆڕه‌كانیان لێده‌خوڕن" ئه‌ندی ئه‌ندرێس دۆمنیك (26 ساڵ) وای وت.

ئه‌ندی كه‌ ئه‌ندامی تیمه‌كه‌یه‌ له‌رێی (كه‌ركوك ناو)ـه‌وه‌ نیگه‌رانی و ناڕه‌زایی خۆی به‌رانبه‌ر ئه‌و شۆفێرانه‌ ده‌ربڕی به‌شێوازێكی "خراپ و ناشارستانی" ماتۆڕسكیله‌كانیان لێده‌خوڕن، ئه‌وه‌ش هۆكاره‌ بۆ دروستبونی تێڕوانینی "خراپی" كۆمه‌ڵگه‌ به‌رانبه‌ر ته‌واوی شۆفێرانی ماتۆڕسكیل.

هه‌روه‌ها وتی "تیمه‌كه‌مان بۆ ئامانجی به‌رز دامه‌زراوه‌ و بۆ خزمه‌تی كۆمه‌ڵگه‌یه‌، دوره‌ له‌ هه‌ر خراپه‌كارییه‌ك بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی كه‌ركوكی، به‌ڵكو ره‌نگدانه‌وه‌ی وێنه‌یه‌كی ئه‌رێنی پارێزگاكه‌یه‌ و به‌و هیوایه‌وه‌ین".

WhatsApp Image 2021-01-22 at 10.34.17 PM
كه‌ركوك، كانونی دوه‌می 2021، ناو و لۆگۆی تیمه‌ ماتۆرسیكله‌كه‌ی كه‌ركوك فۆتۆ: ئیناس حه‌سه‌ن

كاری خۆبه‌خشی و خێرخوازی

تیمه‌ ماتۆڕسكیله‌كه‌ خزمه‌تگوزاری خۆبه‌خشی و خێرخوازی پێشكه‌شی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كه‌ن، له‌وانه‌ به‌شداری له‌ جه‌ژنی كارمه‌ندانی هاتوچۆ و پێدانی دیاری، یان ئاهه‌نگگێڕان له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منییه‌كاندا له‌بۆنه‌ نیشتمانییه‌كاندا، بۆیه‌كردنی خوێندنگه‌ و شۆسته‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی بۆ خوێندنگه‌ی زه‌هرا و شه‌هید حه‌كیم كردویانه‌.

یه‌مانی ده‌رباره‌ی بودجه‌ و خه‌رجی چالاكی و خزمه‌ته‌كانیان بۆ كۆمه‌ڵگه‌ وتی، تێچوی هه‌موو كارێكی خێرخوازی له‌سه‌ر ئه‌و سندوقه‌یه‌ له‌ چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی تیمه‌كه‌دا دانراوه‌ و هه‌ر ئه‌ندامێك مانگانه‌ به‌ 10 هه‌زار دینار به‌شداری تێدا ده‌كات.

ئه‌و سندوقه‌ به‌ ئامانجی دابینكردنی پاره‌یه‌ بۆ چاككردنه‌وه‌ی هه‌ر ماتۆڕسكیلێك كه‌ له‌كارده‌كه‌وێت، به‌وته‌ی یه‌مانی "ئێمه‌ تیمێكی خۆبه‌خشین، له‌ هیچ لایه‌كه‌وه‌ پشتگیری ناكرێین و پاره‌مان پێنادرێت".

مه‌رجه‌كانی بون به‌ ئه‌ندام بۆ هه‌ر كه‌سێك له‌ تیمی "هه‌ڵۆكانی كه‌ركوك" ئه‌وه‌یه‌ 18 ساڵی ته‌واوی كردبێت، ئه‌زمونی له‌ لێخوڕێنی ماتۆڕسكیلدا هه‌بێت، له‌نێو خه‌ڵكدا ناوبانگی باش بێت، هێزی بزوێنه‌ری ماتۆڕسكیله‌كه‌ی 250cc و به‌رزتر بێت.

هه‌روه‌ها مه‌رجه‌ پابه‌ندی یاساكانی هاتوچۆ بێت و مانگانه‌ پاره‌ بخاته‌ سندوقی خێرخوازی تیمه‌كه‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT