هاوار؛ نیشتیمانی هەزار ساڵەی كاكەیی

هەڵەبجە/ كانونی دووەمی 2021/ مەزاری سەد خامۆش لە گوندی هاواری كاكەیینشین فۆتۆ: معاز فەرحان

مەعاز فەرحان

لە ئاشتیی و شەڕدا، تەنانەت لەوكاتانەی یەكێك لە توندڕەوترین گروپە ئایینیەكانی عیراق حوكمی ناوچەكەیان دەكرد، كاكەییەكانی گوندی هاوار دەستبەرداری داب و نەریت و كلتوری ئایینی تایبەت بە خۆیان نەبون. هەزار ساڵە ئەوان تەحەدییەكانی بەردەمیان تێدەپەڕێنن.

دانیشتووانی گوندی هاوار بەدوری 15كم لە باكوری خۆرهەڵاتی هەڵەبجە، ئایینی تایبەت بە خۆیان هەیە (كاكەیی)، بەڵام لەگەڵ هەموو ئایینە جیاوازەكاندا هەڵدەكەن و خۆیان جیاناكەنەوە، ئەمە بەشێكە لە نمونەی مانەوەی تەمەنی نیشتیمانەكەیان "گوندی هاوار". كە بە یەكێك لە پیرۆزترین شوێنی كاكەیی دادەنرێت لە عیراق و مێژووەكەی بۆ 984 ساڵ دەگەڕێتەوە.

گوندی هاوار، روگەیەكی گرنگی كاكەییەكانە، لە دورەوە وا دەردەدەكەوێت گوندێكی ئاوەدان بێت لە دامێنی چیای شنروێ، بەڵام هەوارێكی چۆڵە و خەڵكەكەی تەنیا بەكاتی تیایدا دەمێننەوە. گوندەكە نزیكەی 50 خانەباخی تێدایە و 800 بۆ 1000 هەزار خێزان دەبن.

 چۆن تەحەدییەكانی تێپەڕاند؟

هاوار؛ لە سەردەمی توندڕەوترین گروپی ئیسلامیدا

لە ساڵی 2001دا گوندەكە، كەوتە ژێر قەڵەمڕەوی گروپی توندڕەوی جوندولئیسلام كە دواتر ناوەكەی گۆڕدرا بۆ ئەنسارولئیسلام و تا 2003 حوكمی ناوچەكەیان كرد.

hawarr
هەڵەبجە/ كانونی دووەمی 2021/ گوندی هاواری كاكەیینشین فۆتۆ:سەلام عومەر

لێرەوە مەترسی نەك تەنیا لەسەر پیرۆزترین شوێنی كاكەیی، بەڵكو لەسەر ئایین و كلتوری تایبەت بەخۆشیان دروستبوو.

"لەو سەردەمە باخەكانمان وشك نەبون، دەهاتین ئیشی خۆمان دەكرد، تەنیا كێشە ئەوەبوو لە خوارەوە هەندێك مینیان دانابوو"، ئەكبەر كەریم (50ساڵ) پیشەی مامۆستایە و كەسایەتیەكی دیاری كاكەییەكانە.

هەروەها رەمەزان هەمیرخان، ناسراو بە كۆساری، كەسایەتی كاكەیی گوندی هاوار بە (كەركوك ناو)ی وت "كاتێك ئه‌نساروئیسلام هاتن گوندەكەمان به‌ جێهێشت، له‌گه‌ڵ فكره‌كه‌یان رێكنه‌ده‌كه‌وتین، به‌و هۆیه‌وه‌ خانوه‌كانمان بەهۆی باران و بەفرەوە روخان".

ئه‌نسارولئیسلام، مەرجی جزیەدان، شه‌ڕ،‌ موسڵمانبون، یاخود بە جێهێشتنی شوێنه‌كەیان خستەبەردەم دانیشتووانی گوندی هاوار، "ئیتر شوێنه‌كه‌مان چۆڵكرد، به‌ڵام ده‌ستیان له‌ مه‌زاره‌كان نه‌دا، یه‌ك په‌ڕۆی شه‌خسه‌كانیان لێنه‌كردبوە‌وه"‌.

كۆساری، وتیشی "كه‌م مانه‌وه‌، وتیان له‌ دوای ته‌ختكردنی هه‌ورامان دێینه‌وه‌ بۆ ئێوه،‌ چونكه‌  موڕته‌دن و ئێمە ئايینى تایبەت بە خۆمان هەیە".

ئەو گروپە كوردییە كە حوكمیان جێبەجێكردنی شەریعەتی ئیسلامی بوو، لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاوە خرانە لیستی "تیرۆرەوە"، هەر ئەوانیش بنكە و بارەگاكانیان لە ساڵی 2003 خاچوركرد و كۆتاییان پێهێنرا.

ئەو گروپە رەنگە یەكێك بێت لە گەورەترین تەحەدییەكانی بەردەم كاكەییەكان لە مێژوی گوندی هاواردا، بەڵام هەر نەیتوانی پابەندبونی كاكەییەكانی ئەو گوندە بە دابونەریت و پەیڕەوكردنی ئایینەكەیان لەناوببات.

گوزەرێك بە ئایینی كاكەیی و نیشتیمانەكەیاندا

كاكەیی یاخود یارسان، ئاینێكی یەكتاپەرستییە و دەركەوتنی هاوكاتە لەگەڵ دروستبونی ئادەمیزاد لەسەر زەوی، زۆرینەی باوەڕدارانی كوردن، سوڵتان سه‌هاك: كوڕی شێخ عیسای به‌رزنجه‌ دامەزرێنەر و نۆژه‌نكه‌ره‌وه‌ی ئایینی یارسانە.

ئەو له‌ سه‌ده‌ی حه‌وته‌می كۆچی له‌ به‌رزنجه‌ له‌دایكبووه‌. پاشان له‌ هاوارو شێخان لە هەردوو دیوی هەورامان لە هەرێمی كوردستان و ئێران ژیاوە و هه‌ر له‌وێوه‌ ئایینه‌كه‌ی بڵاوكردۆ‌ته‌وه.

كۆچەر هیدایەت، (40 ساڵ) خێزاندارە و خاوەنی سێ منداڵە، هەموو هەفتەیەك سەردانی گوندەكەی دەكاتەوە، ئەو رۆژەی پەیامنێری (كەركوك ناو) لە هاوار بوو، كۆچەر و ژمارەیەك لە خزمەكانی، لە خانەباخێكدا لە سەیران بون.

"لەڕی كۆمەڵایەتییەوە لەگەڵ خەڵك پەیوەندیمان زۆر باشە، وەك نمونە باس دەكرێین لە رێزگرتن لە خەڵك، كەس تەعلیقمان لێنادات، ئێمە زیانمان بۆ كەس نەبووە و كەسیش زیانی لێنەداوین".

كۆچەر لە هێزەكانی حەفتای سەر بە یەكێتیی نیشتییمانی كوردستان دەوامدەكات، لە كوڵەجۆ لە ناوچەی گەرمیان، لەو كەتیبەیەی ئەوی تێدایە، ئێزیدی، شیعە، سوننی هەن، "زۆر تەباین" كۆچەر خاوەنی سمێڵێكی درێژە و وتی  "وەكو نەریتێكی كاكەییەكان سمێڵم هێشتوەتە پەیوەستم بە ئایینەكەی خۆمانەوە، سمێڵ لای ئێمە وەكو شتێكی پیرۆز سەیر دەكرێت".

وەكو نەریتێكی كاكەییەكان سمێڵم هێشتوەتە پەیوەستم بە ئایینەكەی خۆمانەوە، سمێڵ لای ئێمە وەكو شتێكی پیرۆز سەیر دەكرێت

به‌پێی به‌دواداچونه‌كان، 18 مه‌زارگه‌ی تایبه‌ت به‌ ئایینی كاكه‌یی له‌ عیراق هه‌ن، مەزارەكانی شاه خۆشین، سەید خامۆش، میر ئەسكەندەر و خەلیفە سمایل، لە گوندی هاوارن، لەگەڵ نشینگەیەك كە شوێنی وتاری پیاوانی ئاینی بووە و لە لوتكەی چیایەكدایە لە دەروازەی گوندەكە.

ئەكبەر كەریم (50ساڵ) دەڵێت بە بیری نایەت فشارێك لەسەر پەیڕەوانی ئایینەكەی هەبوبێت لە سنوری هاوار، جگە لە سەردەمی ئەنسارولئیسلام.

ئەكبەر لە پەنای سێ دوكانی بە دار و بەرد دروستكراوی هاواردا وەستاوە، شوشە و پەنجەرەیان پێوەنەماوە.

"ئەوەندەی ئاگاداربم لە مێژودا فشار نەبووە، خەڵك و گروپی زۆر جیاواز هاتونەتە ئەم ناوچەیە بەڵام ئێمە تەفاهومان لەگەڵدا كردون و نەمانكردووە بە دوژمنایەتی لەگەڵیاندا"، ئەو ئەمەی وەك نمونەی مانەوە و پاراستنی نیشتیمانەكەی هێنایەوە.

"لە ساڵانی حەفتاكاندا ئەگەر كەسێك لە گوندەكانی دەوروبەر بمردایە خەڵكی هاوار بە قوڕپێوان دەچون بۆ پرسەكەی، من خۆم ئەمەم بیردێت. ئەوانیش بە هەمانشێوە هاتوون بۆ پرسەكانی ئێمە"، ئەكبەر وایوت.

كۆساری، وتی "هاوار تا ساڵی 1978 ئاوەدان بوو، دواتر راگوێزراین بۆ هه‌ڵه‌بجه‌"، زیاتر وتی "لە هەڵەبجە وتمان‌ ئێمه‌ كاكه‌ین، ئیسلام نین راستی خۆمان پێیانوتووه‌".

ئەكبەر كەریم، ئاماژەبەوە دەكات تێكەڵبون لەگەڵ جیهانی تازەدا، كاڵبونەوەی لە ئەدەبیات و كولتوری كوردەواریی دروستكردووە، كاریگەریشی لەسەر ئایین هەیە، بەڵام زۆر نییە.

akbar (10)
ئەكبەر كەریم، كەسایەتی گوندی هاوار لە هەڵەبجە فۆتۆ: معاز فەرحان

سەرئەنجام، كتێبی پیرۆزیی كاكەییە، كە دەقەكانی بە (كەڵام) ناوزەد دەكرێن.

"بە شێوەزاری ماچۆ قسە دەكەین و كەڵام دەخوێنین، ئایینەكەمان رۆحییە، زیاتر شتێكە لە نێوان خۆت و خوادا. هێشتنەوەی سمێڵ ئەركێكی ئایینیە بۆ ناسینەوەی پەیڕەوانی ئایینەكە، بەڵام لە ناو گەنجەكانماندا زۆر كاڵبووەتەوە".

"چەند نوسخەیەكی سەرئەنجاممان هەیە و چاپ نه‌كراوه‌، نابێت چاپی بكه‌ین، ئه‌گه‌ر چاپ بكرێت گۆڕانكاریی تێدا دروستده‌بێت". كۆساری كەسایەتیی كاكەیی لە گوندی هاوار وایوت.

وتیشی "هه‌ر كاكەییەك سمێڵی نه‌بێت، وه‌ك موسڵمان وایه‌ كه‌ نوێژ نه‌كات".

بێ گلەیی و بێ كێشە

لەكاتێكدا زۆرینەی خەڵكى هەرێمی كوردستان لە ڕەوشەكە ناڕازین، كاكەییەكانی هاوار نە گلەییەكیان هەیە نە داواكارییەك.

هێشتا دەستی حكومەت و حكومڕانی بەتەواوەتی بە گوندەكە نەگەیشتووە، نەخشی سروشت باڵادەستە و لە نێو دڵی چیاكاندا لە شێوەی تابلۆیەكی رەنگیندا خۆی نمایش دەكات.

"لەبەرئەوە فەرمانگەی حكومی تێدا نییە خەڵك لێرە نامێننەوە، لە هاویندا خەڵك دێتەوە و وەكو تریش بۆ سەردان بەردەوام دێن، خانوی زۆر خۆش كراونەتەوە بەڵام خەڵك نامێننەوە، حكومەت جادەی تا ناو گوندەكە هێناوە و كارەباشی هەیە". ئەكبەر كەریم وا دەڵێت، بەڵام ئەمە بە ئاماژەی گلەییەوە ناڵێت. لە گوندەكەدا قوتابخانە نییە و بنكە تەندروستییەكەشی دەمێك ساڵە داخراوە.

hawar.gund
هەڵەبجە/ كانونی دووەمی 2021/ شوێنێكی پیرۆزیی كاكەیی لە گوندی هاوار فۆتۆ:سەلام عومەر

لە هەڵەبجە شوێنی كۆبونه‌وەی تایبەتییان نییە و ته‌نها هۆڵێكی پرسه‌یان هه‌یه‌، لە ناو هاوار گوڕستانێكی تایبەتیان هەیە، زۆرینەی مردوەكانیشیان لە هەڵەبجە بە تەنیشت گۆڕی موسڵمانەكان دەنێژن.

پێگەی ژن و ژینگەدۆستی

زۆرینەی ژن و ژنخوازی لە نێوان خۆیاندا دەكەن، لەڕوی هاوسەرگیرییەوە نزیكن لە موسڵمانانەوە، دەبێت كچ گەورە بێت و لەسەروی 18 ساڵەوە بێت، فرەژنییان تاڕادەی نەبوو نییە، گەورە بە بچوك هەر نەبووە، ئەمانە بەشێك لەو نەریتانەی هێشتا كاكەییەكان هاوارا پاراستویانن.

هەروەها ژن پێگەیەكی بەرزی هەیە، وەكو پیاو بەشدارە لە بڕیارەكاندا، تەڵاق لای ئەوان زیاتر بە خیانەت دەكەوێت، هەر كامیان خیانەتیان كرد پەیمانی هاوسەرگیرییەكە بەتاڵ دەبێتەوە.

مارەبڕین لای بەشێكی ئەوان بە سێ جۆر دەبێن، یەكێكیان یاساییە، هەندێكجاریش لای مەلای موسڵمان، لە ئاینی خۆشیاندا مەراسیمی مارەبڕین هەیە، كەسایەتی ئایینیان هەیە ئەو كارە دەكەن. داواكردنی ئاڵتون زۆر كەمە، بەپێی وتەی ئەو كەسایەتییە كاكەییانەی (كەركوك ناو) لە گوندی هاوار قسەی لەگەڵ كردن.

لە هەر چوار لاوە هاوار بە چیای بەرز و بەفراوی دەورە دراوە، دار بەڕووەكانی بە قەدپاڵی چیاكانەوە رەگیان داكوتاوە، بە درێژای ئەو چەمەی لە دامێنی گوندەكەوە رەت دەبێت باخە گوێز و هەنار هەیە.

راستی، پاكی، خۆنەویستی و لێبوردەیی،  كۆڵەكەی ئایینەكەیانە و پەیڕەوكار نابێت خۆی بە گەورە بزانێت و رازیش بیت بەو بەشەی خوا بۆی دیاریكردوە.

ژینگەپارێزیی پێگەیەكی گرنگی هەیە لەلایان "ئێمە جیاوازی ناكەین لە نێوان خاكی هاوار، ئەڵمانیا و بەریتانیا یاخود هەر خاكێكی دیكە هەموو پیرۆزە لەلامان، یەكێكە لە پایە گرنگەكانی ئایینەكەمان پاراستنی ژینگەیە، مرۆڤ گرنگترین شتی ناو ژینگەكەیە، دەبێت مافی بدەیت و ئازاد بێت.دەقمان هەیە لەسەر قەدەغەی راوكردن".بە وتەی ئەكبەر.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT