بەڕێوەبەرایەتی كاروباری مین لە وەزارەتی ناوخۆی ناوخۆی عیراق ئاشكرای كرد كە 38كم چوارگۆشە لە كەركوك بە مین چێنراوە و پاكنەكراوەتەوە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی داعش (2014 - 2017) لەو پارێزگایە.
ئەو ئامارە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا چوارشەممە 3ی شوباتی 2021 و لەلایەن زافر مەحمود، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كاروباری مین لە وەزارەتی ناوخۆی ناوخۆی عیراق ئاشكراكرا، كاتێك سەردانی كەركوكی كرد و لەگەڵ ئیدارەی پارێزگاكە كۆبۆوە.
ئەو لە كۆنگرەكەدا كە پەیامنێری (كەركوك ناو) ئامادەی بوو، وتی "لەگەڵ جێگری پارێزگار باسی ئەو ئاستەنگانەمان كرد كە دێتە بەردەم بەشی هەڵگرتنەوەی مین و رێکخراوە جیهانییەکان کە کار لەسەر ئەو پرسە دەکەن... ئامانجمان ئەوەیە پارێزگای کەرکوک بە تەواوی لە مین و بۆمبی چێنراو پاكبكەینەوە".
ئامانجمان ئەوەیە پارێزگای کەرکوک بە تەواوی لە مین و بۆمبی چێنراو پاكبكەینەوە
بەپێی بەدواداچونێكی ئەو فەرمانگەیە كە لە كۆنگرەكەدا ئاشكراكرا، 38كم چوارگۆشە لە كەركوك تاوەكو ئێستا لە مین و بۆمبی چێنراو پاكنەكراوەتەوە، كە بۆ سەردەمی دەسەڵاتدارێتی داعش لە باشور و باشوری خۆرئاوای كەركوك دەگەڕێتەوە.
داعش لە حوزەیرانی 2014دا سێیەكی پارێزگای كەركوكی كۆنترۆڵكرد لەوانە قەزای حەوجیە، ناحییەكانی زاب، رەشاد، عەباسی، ریاز و موڵتەقا، تا تشرینی یەكەمی 2017 ئەو ناوچانە لەلایەن هێزە عیراقییەكانەوە كۆنترۆڵكرانەوە.
"داعش بۆمبێکی زۆری چێنراوی لەدوای خۆی بە جێهێشتووە، تا ئێستا زیاتر لە 14 هەزار بۆمب پوچەڵكراونەتەوە، یاخود تەقێنراونەتەوە، دەمانەوێت كارەكانمان باشتر بكەین بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان بە تایبەت ئەو ئاوارانەی گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان"، زافر مەحمود وای وت.
عەلی حەمادی، یاریدەدەری پارێزگاری كەركوك بۆ كاروباری هونەری، كە بەشداربوو لە كۆبونەوەی لەگەڵ وەفدەكەی وەزارەتی ناوخۆ، لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا وتی "بەشی هەڵگرتنەوەی مین و بۆمب کاری گرنگ و باشییان لە سنوری پارێزگای کەرکوک ئەنجامداوە... لەکاتی گەڕانەوەی خەڵکی حەویجە چەند جوتیارێک بەهۆی بۆمبی چێنراوەوە گیانیانلەدەستداوە و ئامانجمان ئەوەیە چیتر مەترسی بۆمب لەسەر ژیانی خەڵك و ئاوارە گەڕاوەكان نەمێنێت".
ئەو هەوڵە دوای ئەوە هات كە كۆتایی ساڵی رابردوو وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق تەواوی كەمپەكانی سنوری پارێزگای كەركوكی داخست كە زۆرینەیان خەڵكی ئەو ناوچانەی پارێزگای كەركوك بون كە داعش بۆ ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ كۆنترۆڵی كردبوو.