ناڕەزایی لەنێو هێزەكانی 70ی یەكێتیدا دروستدەبێت
سەدان پێشمەرگە رەخنەیان لە "نادادییه‌كانی" پلە بەرزكردنەوە هەیە

كەركوك ناو

لەنێو ریزەكانی یەكەی 70ی هێزەكانی پێشمەرگەدا، ناڕەزایی دروستدەبێت لە پرسی پلە بەرزكردنەوەی ئەفسەراندا، بۆ ئەوەش چەند لێپرسراوێكی باڵای پێشمەرگە تۆمەتبار دەكرێن بەوەی "نادادیی و نایەكسانی"یان كردووە لە ناردنی ناو بۆ پلە بەرزكردنەوەدا و "گرنگییان بە چواردەوری خۆیان" داوە.

كرۆكی ناڕه‌زاییەكە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە لە ساڵی 2009دا پلەی 350 كەس لە یەكەی 70ی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بۆ ملازمی یەك بەرزكراوەتەوە، بەڵام دواتر پلەكانیان پێداگیراوە، تەنیا نزیكەی 40 كەس نەبێت بە فەرمانی جیاجیای چەند لێپرسراوێك كراونەتە ملازم.

بەپێی فەرمانێكی جێگری پێشوتری فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان (كەمال موفتی)، ئەو 350 كەسە، بە مەرسومی ژمارە 26، لە 14ی تەمموزی 2009 پلەیان بۆ ملازم بەرزكراوەتەوە، بەڵام شایستە داراییەكانیان پێنەدراوە و دواتر هەر بەشێوەی "زارەكی و بە بڕیاری فەرماندەكانیان پلەكانیان پێداگیراوە".

كۆپییەكی نوسراوەكان و ناوی ئەو 350 كەسە لای (كەركوك ناو)ـە، تیایدا بە ناوی رێبوار ئەحمەد عەزیز دەستپێدەكات و بە ناوی ئالان عەلی ئیسماعیل كۆتایی دێت.

بەڵام لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی كە پلە بەرزكردنەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیرابوو، نزیكەی 40 كەس لەو 350 كەسە لەسەر داوای ژمارەیەك فەرماندە پلەكانیان بۆ بەستراوەتەوە، تەنانەت بەشێكیان بە ئاماژەپێكردنی هەمان مەرسوم، ئەوەش بۆتە هۆی ناڕەزایی لەنێو ریزەكانی یەكەی 70دا.

یەكێك لەو پێشمەرگانە كە پێشتر پلەی ملازمی یەكی پێدراوە و دواتر پێی داگیراوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "گرفتەكە لێرەدا ئەوەیە، ئەگەر ئەو 350 كەسە ناشایستەبن، ئەی بۆچی ئێستا پلەی دەیان كەسی تریان بە فەرمانی جیاجیا و بەشێكیان پشتبەستن بە هەمان مەرسوم بەرزكردۆتەوە".

ئەگەر ئەو 350 كەسە ناشایستەبن، ئەی بۆچی ئێستا پلەی دەیان كەسی تریان بە فەرمانی جیاجیا و بە پشتبەستن بە هەمان مەرسوم بەرزكردۆتەوە

بەپێی چەند بەڵگەنامەیەك كە دەست (كەركوك ناو) كەوتوون، ئەو نزیكەی 40 كەسە لەكاتێكدا پلەیان بۆ ملازمی یەك بەرزكراوەتەوە، كە پلە بەرزكردنەوە بە فەرمی راگیرابوو.

peshmarga-7
كه‌ركوك، 2020، ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ سنوری ناحیه‌ی شوان فۆتۆ:كەركوك ناو

لە 20ی كانونی دووەمی 2019، شەش كەس كە بەشێكیان ناویان لە ناو ئەو 350 كەسەدا هەیە، بە نوسراوێك كە واژۆی لیوا روكن مەریوان محەمەد ئەمین، فەرماندەی هێزەكانی پشتیوانی دووی لەسەرە پلەكانیان بۆ ملازمی یەك بەرزكراوەتەوە.

نوسراوەكە كە بۆ ئەو شەش كەسە دەركراوە، تیایدا ئاماژەی بە "گەڕانەوەی" ئەو ئەفسەرانە كردووە بۆ یەكەكانیان.

یەكێكی تر لەو 350 كەسە، وتی "پێموایە ئاماژەدان بە وشەی گەڕانەوە لە نوسراوەكەدا بۆ ئەوەیە رێگایەكی یاسایی بۆ بەرزكردنەوەی پلەكانیان بدۆزنەوە... ئەگەر وانییە بۆچی پێشتر بۆ بەرزكردنەوەی پلە ناوەكانیان لەناو 350 كەسەكه‌دا بووە".

(كەركوك ناو)، چەند جارێك پەیوەندی كرد بە لیوا روكن مەریوان محەمەد، فەرماندەی هێزەكانی پشتیوانی دوو، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكەی نەدایەوە.

لە نوسراوێكی تری فەرماندەیی هێزەكانی 70دا، لە 1ی كانونی یەكەمی 2018 دەرچووە، تیایدا پلەی 28 كەس بۆ ملازم بەرزكراوەتەوە لەسەر میلاكی هەمان فەرماندەیی.

نوسراوەكە كە واژۆی جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی ئەوكاتی یه‌كه‌كانی 70ی یەكێتی لەسەرە، پاڵپشت بووە بەو "دەسەڵاتەی پێماندراوە بە فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەوە"، بەپێی نوسراوەكە كە كۆپییەكی لای (كەركوك ناو)ـە.

هاوكات لە نوسراوێكی تردا لە 8ی نیسانی 2018، هەر بە واژۆی جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی ئەوكاتی یەكەكانی 70 و جێگری ئێستای سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كەسێكی تر لەو 350 كەسە كراوەتەوە ملازمی یەك.

لیوا تاریق عەبدوڵا، لێپرسراوی هۆبەی ئەفسەران لە یەكەكانی 70 بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو مەرسومەی كە تیایدا بڕیاردرا ئەو 350 كەسە بكرێنە ملازم، هەر وەختی خۆی هەندێك كێشەی تیابوو، بۆیە بە تەواوی هەڵوەشایەوە و كاری پێنەكرا".

ئەو مەرسومەی كە تیایدا بڕیاردرا ئەو 350 كەسە بكرێنە ملازم، هەر وەختی خۆی بە تەواوی هەڵوەشایەوە و كاری پێنەكرا

ئەو وتەیەی لیوا تاریق لەكاتێكدایە لە بەشیكی بەرزكردنەوەی پلەی ئەو ئەفسەرانەی ناویان لە نوسراوەكانی سەرەوەدا هاتووە، هەمان مەرسوم بەكارهێنراوە و پشتی پێ بەستراوە.

لیوا تاریق وتی "دەیانجار و 100 جار لەگەڵ ئەو كەسانە كۆبومەتەوە و تێمگەیاندون كە ئەو مەرسومە كۆتایی هاتووە، كاتی خۆیشی كە خولیان بینیوە پێمانوتون ئێوە هەر ئامر فەسیڵن و نابن بە ملازم".

peshmarga (1)
لیوای 2ی پیاده‌ی كه‌ركوكی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ فۆتۆ: سایتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌

لەبارەی ئەو نزیكەی 40 كەسە، دواتر كراونەتە ملازم، لیوا تاریق وتی "ئەوانە جیان"، بەبێ ئەوەی رونكردنەوەی زیاتر بدات.

وتیشی "ئەوانەی دەڵێن گوایه‌ نادادپەوەریی و نایەكسانی هەبووە، ئەوە ئەسڵ و ئەساسی نییە".

بەڵام ئەوانەی ناڕازین لە چۆنیەتی پلەبەرزكردنەوە لەنێو یەكەكانی 70، چەند جارێك بۆ (كەركوك ناو)، جەختیانكردەوە لەوەی "بۆچی بە تەنیا بۆ چەند كەسێك پلە بەرزدەكرێتەوە لەنێو ئەو 350 كەسەدا، هەندێكیان كەسی نزیكی فەرماندەكانن و بەشێكی تریان تەنانەت خزمی خۆیانن".

یەكێك لەو ئەفسەرانەی ناڕازییە لە ترسی لێپێچینەوەی فەرماندەكەی نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، وتی "دەمانەوێت تێمانبگەیەنن بۆچی بۆ ئەو 350 كەسە كار بە مەروسمەكە ناكرێت، بەڵام بۆ چەند كەسێكی تر كە خۆیان مەبەستیانە كار بەو مەرسومە دەكرێت".

عەبدوڵا كانی بەردی، لێپرسراوی مەڵبەندی پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، وتی "من ئاگاداری ئەو كێشەیە نیم، واباشترە قسە لەگەڵ یەكەكانی 70ی پێشمەرگەدا بكرێت".

ئەو ناڕەزاییەی لەمكاتەدا دروستبووە، هاوكاتە لەگەڵ بڕیاری دەستپێكردنەوەی بەرزكردنەوەی پلە لە نێو ریزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی ناوخۆدا.

لیوا تاریق وتی "دوو مانگ لەمەوبەر جارێكیتر ناوی ئەو كەسانەمان بەرزكردۆتەوە بۆ ئەوەی بكرێنە ملازم و لە هەوڵداین، بەڵام نازانین بڕیاری چی دەدرێت".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT