رەخنە لە هەڵمەتی شارەوانی كەركوك دەگیرێت بۆ پاككردنەوەی شار

كه‌ركوك، 21ی ته‌مموزی 2019، هه‌ڵمه‌تێكی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی خۆڵ و خاشاك له‌لایه‌ن شاره‌وانی كه‌ركوكه‌وه‌ فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د

سۆران محەمەد – کەرکوک

هەڵمەتی شارەوانی كەركوك بۆ پاككردنەوەی شار لە زبڵ و خاشاك لەڕێی خێرخوازان، بەڵێندەر و حزبەكانەوە روبەڕوی رەخنەی هاوڵاتیانی شارەكە دەبێتەوە، لەكاتێكدا ئامانجی شارەوانی ئەوەیە لەو هەڵمەتەدا 30 هەزار تەن زبڵ و خاشاك كۆبكرێتەوە.

شارەوانی دەڵێت، بەهۆی نەبونی بودجەوە ناچار هانایان بۆ هەڵمەتێكی گشتی بردووە بۆ پاككردنەوەی شارەكە، ئەوەش لەڕێی "خێرخوازان و خەمخۆران"وە. ئەو هەڵمەتە لە كۆنفرانسێكدا لە 20ی كانونی دووەم راگەیەنراو بڕیارە 20ی شوبات كۆتایی بێت.

بەڵام بۆ محەمەد لەتیف، هاوڵاتییەكی شاری كەركوك، ئەوە جێی پرسیارە، وتی "ئەم شارە لەسەر بەحرێك نەوتە، زەوییەكی بە پیتی هەیە، بەڵام خەریكە نقومی زبڵ و خاشاك دەبێت، پرسیاری ئێمە ئەوەیە بۆچی شارەوانی هانا بۆ خێرخوازان و بەڵێندەران دەبات... ئەی داهاتی ئەم شارە چی؟".

پرسیاری ئێمە ئەوەیە بۆچی شارەوانی هانا بۆ خێرخوازان و بەڵێندەران دەبات... ئەی داهاتی ئەم شارە چی

رەوشت قاسم، گەنجێكی شارەكەیە، وتی "چەند ساڵێكە زبڵ و خاشاك ناو شار و رێگاكانی دەرەوەی داپۆشیوە، بۆنێكی زۆری دێت و بێزاری كردوین، لەكاتێكدا دەبوو ئەم شارە یەكێك بوایە لەخۆشترین شارەكانی عیراق".

رەوشت، ئیدارەی پارێزگاكەی بە "كەمتەرخەم" دانا لە ئاست ئەو دۆخەی روبەڕوی شارەكە بۆتەوە.

ئەو رەخنانە دوای دەستپێكردنی هەڵمەتەكە هات كە هێشتا رون نییە بەهۆیەوە چەند تەن خۆڵ و خاشاكی شارەكە پاككراوەتەوە و بە كۆی گشتی چەند پاكدەكەنەوە.

sharawani-3
كەركوك/ 7ی شوباتی 2021/ هەڵمەتی پاككردنەوەی شار لەلایەن حزب، بەڵێندەر و خێرخوازانەوە فۆتۆ: سۆران محەمەد

بەڵام بەپێی پلانی شارەوانی كەركوك، لە چوارچێوەی هەڵمەتەكەدا پێویستە رۆژانە هەزار تەن زبڵ و خاشاك كۆبكرێتەوە، بەوەش لە ماوەی مانگێكی هەڵمەتەكە 30 هەزار تەن لەناو شاردا هەڵدەگیرێتەوە.

فەریدون عادل، بەڕێوەبەری شارەوانی کەرکوک، بە (كەركوك ناو)ی وت "بارودۆخمان ئێستا بەشێوەیەكە كە شار بە سەدەقە و خێر بەڕێوەدەچێت... هۆکاری ئەم دۆخە ئەوەیە كە بەغدا بەشە بودجەی پێویست بۆ پاككردنەوەی شار نانێرێت".

تا پێش ساڵی 2019، وەزارەتی شارەوانی عیراق مانگانە ملیارێک و 200 ملیۆن دینار بۆ پاکكردنەوەی شاری کەرکوک سەرفدەکرد، بەڵام ئێستا مانگانە تەنیا بڕی 200 ملیۆن دینار خەرجدەكات.

راكان سه‌عید، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت، لەكاتی راگەیاندنی هەڵمەتەكەدا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، وتی كە هاوكاریكردنی شاره‌وانیی و به‌شداری فه‌رمانگه‌كانی دیكه‌ له‌ هه‌ڵمه‌تی پاككردنه‌وه‌ی شاره‌كه‌دا "ناچارییه‌"، هه‌روه‌ها به‌ڵێنیدا "له‌ڕێی پرۆژه‌یه‌كی نوێوه‌ به‌منزیكانه‌ هه‌وڵی چاره‌سه‌ری یه‌كجاری كه‌ڵه‌كه‌بونی خۆڵ و خاشاك ده‌كه‌ین"، بەبێ ئەوەی باسی ناوەڕۆكی پڕۆژەكەی بكات.

بە درێژایی دوو ساڵی رابردوو و تائێستاش خۆڵ و خاشاك تەنگی بە هاوڵاتیانی كەركوك هەڵچنیوە، گەڕەك و كۆڵان و شەقامەكان پڕبون لە خاشاك و چەند جارێكیش بۆ ئەو مەبەستە خۆپیشاندان بەڕێوەچوو.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT