چیرۆكی ئەو گەنجە كەركوكییەی لە دوڕگەیەكی یۆنان رەقدەبێتەوە

محەمەد ئەحمەد (21ساڵ)، دانیشتوی كەركوك، تەرمەكەی لە دوڕگەیەكی یۆنان دۆزرایەوە. فۆتۆكەی لەلایەن كەسوكارییەوە دراوە بە (كەركوك ناو)

گۆران بابان - كەركوك

گەنجێكی دانیشتوی كەركوك، دوای 50 رۆژ لە گرتنەبەری رێگای گەیشتن بە ئەوروپا، تەرمەكەی لە دارستانێكی یەكێك لە دوڕگەكانی یۆنان دەدۆزرێتەوە و دوای پشكنینی DNAی بڕیارە لەم رۆژانەدا بۆ كەركوك بگەڕێنرێتەوە.

محەمەد ئەحمەد (21ساڵ)، دانیشتوی گەڕەكی فەیلەق (كوردستان) لە شاری كەركوك، لە 21ی كانونی یەكەم لەڕێی دوو قاچاخچییەوە كەركوكی بەرەو توركیاو لەوێوە بەرەو یۆنان بەجێهێشت بە ئامانجی گەیشتن بە ئەوروپا.

بۆتان سەلاح، كوڕە خاڵی محەمەد، كە وەكو رێپیدراوی كەسوكاری محەمەد قسەی بۆ (كەركوك ناو) كرد، وتی "لەگەڵ دوو قاچاخچی رێككەوتین بۆ ئەوەی محەمەد بگەیەننە ئەوروپا، دوای چوار رۆژ لە رۆیشتنی هیچ پەیوەندییەكمان لەگەڵ محەمەد نەما، قاچاخچییەكان دەمێك دەیانوت لە زیندانە، دەمێكی تر دەیانوت خراوەتە كەمپەوە... ".

دوای بێئومێدبونیان لە قاچاخچییەكان، كەسوكارەكەی، وێنەی محەمەد بۆ چەند رێكخراوێكی تایبەت بە پەنابەران دەنێرن، لەوانەی رێكخراوی پەنابەرانی عیراق، بۆ ئەوەی سۆراغی بپرسن.

بۆتان وتی "دوای 50 رۆژ لە ونبونی، رێكخراوەكان وێنەی تەرمێكیان لە یۆنانەوە بۆ ناردین، تاڕادەیەك تەرمەكەمان ناسییەوە، بەڵام لەسەدا سەد دڵنیا نەبوین محەمەدە،  بۆیە داوای پشكنینی DNAیمان لێكرا".

kaswkari.muhamad
كەركوك/8ی شوباتی 2021/ كەسوكاری محەمەد ئەحمەد، لە گەڕەكی فەیلەق لە كەركوك لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی تەرمی رۆڵەكەیاندان فۆتۆ: گۆران بابان

دوای پشكنین ئەنجامەكەی دەركەوت، تەرمەكە محەمەدە، بە وتەی بۆتان.

پۆلیسی یۆنان دوای لێكۆڵینەوە لە تەرمەكە، ئەنجامەكەیان بە كەسوكاری داوە، "محەمەد هیچ ئەشكەنجەیەك نەدراوە و هۆكاری مردنی تەنیا رەقبونەوەی بووە لە سەرما"، بۆتان وایوت.

وتیشی "لەو ماوەیەی محەمەد ونبووە، پۆلیسی یۆنان دوو بۆ سێ هەڵمەتی دەستگیركردنی ئەو پەنابەرانەی ئەنجامداوە كە بە رێگای نایاسایی بۆ یۆنان پەڕیونەتەوە... محەمەد یەكێك بووە لەو كەسانەی لەكاتی هەڵمەتەكانی پۆلیسدا رایكردووە و لە هاوڕێی و قاچاقچییەكان دابڕاوە و دوای چەند رۆژێك مانەوە لەو دوڕگەیە لە سەرما رەقبۆتەوە"، ئەوەش بەپێی پۆلیسی یۆنان كە زانیارییەكانیان بە كەسوكاری محەمەد داوە.

لەوكاتەی لەلایەن پۆلیسی یۆنانەوە تەرمەكەی دۆزراوەتەوە، بەشێكی لە جەستەی محەمەد لەلایەن ئاژەڵێكی كێوییەوە خورابوو، لەوانەش دەموچاو و قاچی، ئەوەش هۆكار بووە بۆ ئەوەی ناسینەوەی ئاسان نەبێت.

بەپێی وتەی سیامەند نوری، ئامۆزای محەمەد، هۆكاری بەجێهیشتنی كەركوك "بێكاریی بوو".

"قۆناغی ئامادەیی تەواوكرد وازی لە خوێندن هێنا بۆ ئەوەی كارێك بكات و بژێوی ژیانی دابین بكات، لێرە بێتاقەت بوو، كاری نەبوو، پێیوابوو گەیشتن بە ئەوروپا خەونەكانی بەدیدێت، لانیكەم كارێكی دەستدەكەوێت"، سیامەند زیاتر وتی "ئێمە نیگەرانین لەوەی قاچاخچییەكان ئەویان بە تەنیا بەجێهێشتووە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT