دەنگی كاكەییەكان دەبیسترێت

كەركوك/ 9ی شوباتی 2021/ مەراسیمی ناساندن و بڵاوكردنەوەی كتێبی (كاكەییەكان لە سەردەمی كۆرۆنادا) لە داقوق. فۆتۆ: سۆران محەمەد

سۆران محەمەد – کەرکوك ناو

"لە خانەقینەوە تا وەكو موسڵ كاكەییەكان نوێنەریان نییە، نە لە حكومەت، نە پەرلەمان، بۆ ئێمە گرنگە كتێبێك دەنگمان بگەیەنێت"، زیاد فەهد، كەسایەتی كاكەیی لە داقوق وایوت، دوای ئەوەی بەشداریكرد لە ناساندنی كتێبی (كاكەییەكان لە سەردەمی كۆرۆنا)دا.

كتێبەكە لە 24 راپۆرتی رۆژنامەوانی بە هەردوو زمانی عەرەبی و ئینگلیزی پێكدێت و لەلایەن دەزگای (كەركوك ناو) ئامادەكراوە، سێشه‌ممه‌ 9ی شوباتی 2021، له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نیشته‌جێبونی رزگاری له‌ ناوه‌ندی قه‌زای داقوق (44كم باشوری كه‌ركوك) لە مەراسیمێكدا بڵاوكرایەوە. كە لانیكەم 100 كەسایەتی كاكەیی تیایدا بەشداربون.

فەهد كە بەشداری لەو مەراسیمەدا كرد، وتی "ئەو ناوچانەی کە لە عیراقدا کاکەیی تیایدا دەژی لە خانەقینەوە دەستپێدەکات تاوەکو موسڵ، بەڵام بەداخەوە بەهۆی نەبونی نوێنەری تایبەت بە خۆیان، دەنگیان ناگاتە سەرەوە، بۆ ئێمە گرنگە، (کەرکوک ناو) بۆتە مینبەری گەیاندنی دەنگی کاکەییەکان لە ناوەندەکانی راگەیاندن و رێکخراوە جیهانییەکان، بڵاوكردنەوەی ئەم پەرتوكە دڵخۆشی كردین".

کتێبەكه‌ باس لە بارودۆخ و ژیانی هاوڵاتیانی کاکەیی قەزای داقوق دەکات لە سەرەتای حوزەیرانی ساڵی 2020 تا کۆتایی تشرینی دووەمی 2020، تەواوی راپۆرتەكان بە چوار زمان (عەرەبی، ئینگلیزی، كوردی و توركی)، لەسەر ماڵپەڕی (كەركوك ناو)دا هەیە.

samira
كەركوك/ 9ی شوباتی 2021/ مەراسیمی ناساندن و بڵاوكردنەوەی كتێبی (كاكەییەكان لە سەردەمی كۆرۆنادا) لە داقوق. فۆتۆ: سۆران محەمەد

له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا ژماره‌یه‌ك له‌ كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی ناو چیرۆك و راپۆرته‌‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانی كتێبه‌كه‌، ژنانی چالاكوان، كه‌سایه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسی كاكه‌یی و پێكهاته‌كه‌ی دیكه‌ی داقوق ئامادەبون.

سەمیرە محه‌مه‌د (57 ساڵ)، به‌ سەمیرە كەریمات ناسراوه‌، چالاكوانێكی بە ‌توانا و روخسارێكی دیاری كاكەییەكانی كه‌ركوكه‌، وتی "گرنگە ژن خاوەن رۆڵ و پێگەی خۆی بێت و بۆ مافەکانی تێکۆشان بکات، بۆیە ژنانی کاکەییش هاوشێوەی ژنانی تر، خاوەن بیڕوڕا و تێکۆشانی خۆیانن بۆ گەیشتن بە مافەکانیان".

سەمیرە یەكێكی تر بوو لە كارەكتەرەكانی ناو كتێبەكە، وتی "باسكردنی چیرۆكەكەم لە داكۆكیكردن لە مافی خانمان لەم كتێبەداو باسكردنی توانای ژنانی كاكەیی و نیشاندانیان لە میدیادا بۆ ئێمە گرنگە".

سه‌لام عومه‌ر، سه‌رنوسه‌ری (كه‌ركوك ناو) له‌ وتاری پێشه‌كی مه‌راسیمه‌كه‌دا وتی "ئەم بەرهەمە ناوازەییە لەبەر چەند هۆکارێک گرنگە: یەکەم لەبەرئەوەی بەرهەمی رۆژنامەوانیی رەسەنن و بۆ داهاتوو دەکرێت وەک ئەرشیفی ئەو قۆناغەی ژیانی ئەم ناوچەیە سودیان لێببینرێت".

"دووەم لەبەرئەوەی بابەتەکانی ناو ئەم کتێبە زیاتر هانی گەیاندنی دەنگی دانیشتوانی ناوچەکەی داوە بە لێپرسراوان و خاڵێکی تریش ئەوەیە بەرهەمەکانی ناو ئەم کتێبە بونەهۆی زیاترکردنی هاوسۆزی کۆمەڵگە بۆ کاکەییەکانی ئەم ناوچەیە"، سه‌لام وای وت.

mhamad.aziz
كەركوك/ 9ی شوباتی 2021/ مەراسیمی ناساندن و بڵاوكردنەوەی كتێبی (كاكەییەكان لە سەردەمی كۆرۆنادا) لە داقوق. فۆتۆ: سۆران محەمەد

گرفتی كاكەییەكان لە عیراق ئەوەیە، بە پێچەوانەی كەمینە ئایینی و نەتەوەییەكانی تر، لەوانە ئیزیدی، كریستانیی و كوردی فەیلی، كە بەپێی سیستمی كۆتا نوێنەریان لە پەرلەمانی عیراق  یان هەرێمی كوردستاندا هەیە، بەڵام كاكەییەكان تەنیا لەڕێی حزب و لیستەكانی ترەوە نوێنەریان هەیە.

سەید عەزیز محەمەد وتی "وەكو كاكەییەكان سوپاسی (كەركوك ناو)، دەكەین، دەنگیان گەیاندین لە سەردەمی كۆرۆنادا و گرنگی تەواوی بە كاكەییەكان داوە".

كتێبی "كاكه‌ییه‌كان له‌ سه‌رده‌می كۆرۆنادا"، به‌ پشتیوانی دامەزراوەی (هاوپەیمانی لە پێناو یەکسانیی و گەشەپێدانی گشتگیر - CREID-) چاپ و بڵاوكراوەتەوە.

لەیلا سادق، چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان و کارەکتەرێكی تری ناو كتێبەكە، لە مەراسیمەكەدا وتی "ئەم كتێبە ئازار و مەنەتییەكانی ئێمەی تیایە، زۆر گەشبینیم لەوەی لەڕێی ئەم پڕۆژەیەوە بەرەو ئەوە بچین دەنگمان بگاتە حكومەت و ناوەندەكانی بڕیار".

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT