پارێزگای نه‌ینه‌وا، ئاماده‌كارییه‌كانی ده‌ستپێده‌كات بۆ پێشوازی له پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیكان له مانگی ئاداری داهاتودا.
نه‌جم جبوری، پارێزگاری نه‌ینه‌وا 10ی شوباتی 2021 سه‌ردانی قه‌ره‌قوش (به‌غدیدا)ی كرد و له‌گه‌ڵ لێپرسراوانی حكومیدا تاوتوێی ئاماده‌كارییه‌كانی سه‌ردانی پاپای كرد، كه بڕیاره له مه‌راسیمێكی ئایینی ئه‌و ناوچه‌یه‌دا به‌شداری بكات.
به‌پێی به‌رنامه‌ی سه‌ردانه‌كه پاپا 7ی ئاداری 2021 ده‌چێته قه‌ره‌قوش.
عیسام به‌هنام دهعبول، قایمقامی قه‌زای حه‌مدانییه به (كه‌ركوك ناو)ی وت لیژنه‌یه‌ك به سه‌رۆكی یه‌كه‌ی ئیداری و فه‌رمانگه په‌یوه‌ندیداره‌كان پێكهێنراوه له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له پیاوانی ئایینی كریستیانی بۆ زه‌مینه‌سازی سه‌ردانه‌كه‌ی پاپا تا شایسته بێت به نه‌ینه‌وا و قه‌ره‌قوش.
به‌ر له سه‌ردانی قه‌ره‌قوش، پاپا له كڵێسایه‌كی شاری موسڵ به‌شداری مه‌راسیمێكی ئایینی ده‌كات.
كڵێسای كلدانی له عیراق، به‌رنامه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی پاپای بڵاوكرده‌وه، كه بڕیاره له 5ی ئادار تا 8ی هه‌مان مانگ بخایه‌نێت.
له سه‌ردانه‌كه‌دا ده‌چێته به‌غداد، دوای پێشوازیلێكردنی له‌لایه‌ن مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكوه‌زیرانه‌وه به‌ڕێده‌كه‌وێت بۆ كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی، جگه له كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح، له دوو دیداری جیاوازدا چاوی به لێپرسراوانی حكومی، كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و پیاوانی ئایینی كریستیانی ده‌كه‌وێت، كه دوه‌میان له كڵێسای سه‌یده نه‌جات ده‌بێت.
له رۆژی دوه‌مدا ده‌چێته نه‌جه‌ف، دوای دیداری ئایه‌توڵا عه‌لی سیستانی، مه‌رجه‌عی باڵای شیعه له عیراق، به‌ڕێده‌كه‌وێت بۆ ناوچه‌ی ئور له ناسرییه، پاشان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ به‌غدا و له ئاهه‌نگێكی ئایینی كڵێسای ماریوسف به‌شداری ده‌كات.
رۆژی سێیه‌می سه‌ردانه‌كه بۆ هه‌رێمی كوردستان و نه‌ینه‌وایه؛ دوای پێشوازیكردنی له فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر له‌لایه‌ن لێپرسراوانی مه‌ده‌نی و ئایینی هه‌رێمی كوردستان، ده‌چێته موسڵ و قه‌ره‌قوش، دوانیوه‌ڕۆش له یاریگای فرانسۆ هه‌ریری هه‌ولێر به‌شداری مه‌راسیمێكی ئایینی ده‌كات، بۆ رۆژی دواتر له به‌غداوه ده‌گه‌ڕێته‌وه ڤاتیكان.