سەردەمێکی تاریک بۆ رۆژنامەنوسان
لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە میدیاکاران لەژێر رەحمی دەسەڵاتێکی سەربازیدان

بەردەم بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك فۆتۆ: شوان نەوزاد

شاڵاو محەمەد

سێ‌ ساڵ زیاتره‌ میدیاكارانی‌ كه‌ركوك‌و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان له‌بارێكی‌ سه‌ختدا كاره‌ میدیاییه‌كه‌یان رایی ده‌كه‌ن، كاره‌كه‌یان جاران زه‌حمه‌ت بوو، به‌ڵام ئێستا زه‌حمه‌تتر، ئه‌وه‌ی‌ لێره‌ رووده‌دات به‌هه‌موو پێوه‌ره‌كان ده‌چێته‌ ژێر باری‌ حوكمێكی‌ عورفی‌‌و عه‌سكه‌رییه‌وه‌.

رۆژی‌ 16ی‌ ئۆكتۆبه‌ری‌ ساڵی‌ 2017 رۆژێكی‌ نائاسایی بوو بۆ خه‌ڵكی‌ كه‌ركوك‌و ده‌وروبه‌ری‌، ئه‌و رۆژه‌ هێزه‌ سه‌ربازییه‌ عێراقییه‌كان‌و حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ كه‌ركوكیان كۆنترۆڵكرد، بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ تووشی‌ رووبه‌رووبوونه‌وه‌یه‌كی‌ به‌رچاو ببنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌ كوردییه‌كان.

چیرۆكی‌ روودانی‌ 16ی‌ ئۆكتۆبه‌ر دوورو درێژه‌و ئێستاشی‌ له‌گه‌ڵدا بێت هێشتا یه‌كلایی نه‌كراوه‌ته‌وه‌، دوو هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی‌ كوردستان‌و باڵاده‌ست له‌كه‌ركوك (پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان) یه‌كتری‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌روودانی‌، یه‌كه‌میان خه‌تاكه‌ی‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی‌ دووه‌م‌و به‌ "خیانه‌ت"ی‌ ناوده‌بات، دووه‌میشیان لۆمه‌ی‌ یه‌كه‌م ده‌كات كه‌ به‌هۆی‌ ریفراندۆمه‌وه‌ كه‌ركوك له‌ده‌ستچووه‌، ئه‌و ریفراندۆمه‌ی‌ 25ی‌ مانگی‌ پێشووتر (ئه‌یلول)ی‌ هه‌مان ساڵ ئه‌نجامدرا.

له‌كاتێكدا خه‌تاكه‌ هه‌ر كامێكیان بێت، ئه‌وه‌ی‌ تریان تیایدا به‌شداربووه‌، چونكه‌ پارتی‌ وه‌ك یه‌كێتی‌ هێزه‌كانی‌ له‌كه‌ركوك‌و ده‌وروبه‌ری‌ كشانده‌وه‌، یه‌كێتی‌ وه‌ك پارتی‌ بڕیاری‌ له‌ریفراندۆمداو به‌هه‌موو توانای‌ خۆیه‌وه‌ تیایدا به‌شداربوو.

thumbnail_Shwan Nawzad 02
هێزێكی ئەمنی لە ناوەندی شاری كەركوك. فۆتۆ: شوان نەوزاد

هۆكاره‌كه‌ی‌ هه‌رچییه‌ك بێت سه‌ره‌نجام بارێكی‌ نائاسایی هه‌موو كه‌رته‌كانی‌ ژیانی‌ گرته‌وه‌ به‌ژیانی‌ میدیاكارانیشه‌وه‌، ئێستاشی‌ له‌گه‌ڵدا بێت تارمایی ئه‌و باره‌ نائاساییه‌ به‌روونی‌ ده‌بینرێت.

رۆژی‌ 16ی‌ ئۆكتۆبه‌ر

جموجۆڵه‌كانی‌ ناوه‌ڕاستی‌ ئۆكتۆبه‌ر له‌پێش 16ی‌ ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ ده‌ستی‌ پێكرد، به‌دیاریكراوی‌ له‌دوو رۆژ پێشتره‌وه‌ لایه‌نی‌ عێراقی‌ له‌میدیاكانه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ هێرشی‌ ده‌كردو لایه‌نی‌ كوردیش ده‌ست له‌سه‌ر پشتێن له‌میدیاكانه‌وه‌ وه‌ڵامیان ده‌دایه‌وه‌و ده‌یانوت "ئه‌وه‌ لێره‌ین با بێن".

زۆربه‌ی‌ میدیاكارانی‌ كه‌ركوك ده‌یانزانی‌ له‌ئه‌گه‌ری‌ هه‌ر هێرشێكدا پریشكی‌ ئاگره‌كه‌ به‌ر ئه‌وانیش ده‌كه‌وێت، به‌ڵام كه‌مترینیان ئه‌و سیناریۆیه‌یان له‌به‌رچاو بوو كه‌ له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند كاتژمێرێكدا دۆخی‌ ئه‌وان به‌ته‌واوی‌ بگۆڕێت‌و ئه‌و هێزانه‌ی‌ چوارده‌ ساڵه‌ حوكمی‌ شاره‌كه‌ ده‌كه‌ن، بێ‌ به‌رگری‌ بكشێنه‌وه‌.

كه‌ به‌ره‌به‌یانی‌ رۆژی‌ 16ی‌ ئۆكتۆبه‌ر ده‌سته‌ له‌پێشینه‌كانی‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان هاتنه‌ ناو كه‌ركوك، به‌شێكی‌ زۆری‌ ئه‌و میدیاكارانه‌ی‌ له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ روماڵیان ده‌كرد، ورده‌ ورده‌ كشانه‌وه‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ تووشی‌ پێشێلكارییه‌كی‌ ئه‌وتۆ ببن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی‌ تا باڵاده‌ستی‌ ته‌واوی‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان مانه‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌كی‌ ناڕاسته‌وخۆ ژیانیان كه‌وته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

خه‌ڵكێكی‌ زۆر له‌چاوی‌ كامێراكانه‌وه‌ ئه‌و دیمه‌نه‌ی‌ هونه‌ر ئه‌حمه‌د په‌یامنێری‌ ئەو كاتی رووداوو هاورێ‌ خالید فۆتۆگرافەری فریلانسى‌ بینی‌ كه‌ چۆن له‌كاتی‌ به‌هاناوه‌چوونی‌ چه‌ند بریندارێكدا مه‌ترسی‌ راسته‌قینه‌ له‌سه‌ر ژیانيان‌ هه‌بوو.

https://www.youtube.com/watch?v=PZ7Uw751O10

رۆژی‌ 16ی‌ ئۆكتۆبه‌ری‌ 2017 پێشێلكارییه‌كی‌ ئه‌وتۆ له‌ئاماره‌ فه‌رمییه‌كاندا تۆمار نه‌كراوه‌، به‌ڵام بۆ یه‌ك رۆژ دواتر به‌پێی‌ راپۆرتی‌ ژماره‌ (20)ی‌ لیژنه‌ی‌ داكۆكی‌ له‌ئازادی‌ رۆژنامه‌نووسان‌و مافی‌ رۆژنامه‌نووسانی‌ سه‌ر به‌سه‌ندیكانی‌ رۆژنامه‌نووسانی‌ كوردستان، له‌یه‌ك رۆژدا، چوارده‌ رۆژنامه‌نووس له‌كه‌ركوك به‌پێی‌ فه‌رمانی‌  لیوا مەعن ساعدی حاكمی‌ عه‌سكه‌ری‌ ئه‌و ده‌مه‌ی‌ كه‌ركوك فه‌رمانی‌ ده‌ستگیركردن‌و قه‌ده‌غه‌ی‌ كاركردنیان بۆ ده‌رچووه‌، "بە پاساوی ئەوەی بونەتە هۆكاری ئەوەی خەڵك ئاوارە بێت‌و دژی هێزە عێراقییەكان روماڵیان كردووە".

له‌ناو میدیاكاره‌كاندا شه‌ش كارمه‌ندی‌ سه‌ر (كوردستان 24)و سێ‌ كارمه‌ندی‌ سه‌ر به‌(رووداو)و دوو كارمه‌ندی‌ سه‌ر به‌(وار تیڤی‌)‌و په‌یامنێری‌ كوردستان تیڤی‌‌و ئه‌ندامێكی‌ لقی‌ كه‌ركوكی‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نووسان‌و رۆژنامه‌نووسێكی‌ فری‌ لانسه‌ر هه‌یه‌، هه‌ر چوارده‌ رۆژنامه‌نووسه‌كه‌ش له‌و دامه‌زراوانه‌ن كه‌ له‌پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانه‌وه‌ نزیكن.

http://www.kurdjs.com/kurdish/wp-content/uploads/2018/10/19-20.pdf

 

دوای‌ 16ی‌ ئۆكتۆبه‌ر

له‌و رۆژه‌ به‌دواوه‌ بۆ رۆژنامه‌نووسانی‌ كه‌ركوك هه‌موو شتێك گۆڕا، ئیتر هیچ رۆژنامه‌نووسێك نه‌ له‌كاره‌كەی‌و نه‌ له‌ژیانی‌ خۆی‌ دڵنیا نه‌بوو، پێشێلكارییه‌كان له‌دوان‌و سیانه‌وه‌ بوون به‌ده‌یان به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ هیچ هه‌وڵێك بۆ بنبڕكردنیان بدرێت، ته‌نانه‌ت رێكخراوه‌كانی‌ په‌یوه‌ست به‌مافی‌ رۆژنامه‌نووسانیش كه‌متر چاویان له‌سه‌ر كه‌كوك‌و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان مایه‌وه‌و ره‌نگه‌ به‌شێك له‌و پێشێلكارییانه‌ هه‌ر تۆمار نه‌كرابن.

كاتێك كه‌ خه‌ریكی‌ نوسینه‌وه‌ی‌ ئه‌م راپۆرته‌ بووم، له‌یه‌كێك له‌و گروپانه‌ی‌ له‌سه‌ر ڤایبه‌ر دروست كراوه‌و زۆربه‌ی‌ رۆژنامه‌نووسه‌كانی‌ كه‌ركوك تیایدا به‌شدارن، بۆم نوسین نیازی‌ ئاماده‌كردنی‌ راپۆرتێكی‌ له‌و چه‌شنه‌م هه‌یه‌، چه‌ند كه‌س پێشێلكاری‌ به‌رامبه‌ر كراوه‌، بۆم یاداشت بكات.

له ‌ماوه‌ی‌ نێوان 19ی‌ ئۆكتۆبه‌ری‌ 2017 هه‌تاكو كۆتایی ساڵی‌ 2020 به‌ته‌نیا ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ی‌ له‌و گروپه‌ وه‌ڵامیان دامه‌وه‌ ژماره‌یان گه‌یشته‌ (31) رۆژنامه‌نووس كه‌ له‌ناو پێشێلكارییه‌كان ده‌ستگیركردن‌و لێدان‌و سوكایه‌تی‌ پێكردن‌و به‌ڵێننامه‌ پێ پڕكردنه‌وه‌و ناچاركردن به‌ره‌شكردنه‌وه‌ی‌ ڤیدیۆو وێنه‌ هه‌بووه‌، ته‌نانه‌ت رۆژنامه‌نووس هه‌بووه‌ زیاد له‌جارێك له‌و ماوه‌یه‌دا پێشێلكاریی به‌رامبه‌ر كراوه‌.

 لیستی ئەو رۆژنامەنووسانەی پێشێلکارییان بەرامبەر کراوە لەگەڵ جۆری پێشێلکارییەکان لەزاری خۆیانەوە

 

رۆژنامەنووس

دەزگای راگەیاندن

جۆری پێشێلكاری

ئەنجامدەری پێشێلكاری

1

چیا نوری‌

كه‌ناڵی‌ په‌یام

رێگریكردن له‌ روماڵكردن

پۆلیسی‌ كه‌ركوك

2

ئاكۆ ره‌شید

ئاژانسی‌ رۆیته‌رز

نارنجۆك ده‌خرێته‌ ماڵیه‌وه‌

چه‌كداری‌ نه‌ناسراو

3

هێمن ده‌لۆ

كوردستان 24

ده‌ستگیركرن‌و سوكایه‌تیپێكردن

له‌لایه‌ن سوپای‌ عێراقه‌وه‌

4

هه‌ردی‌ محه‌مه‌د

روداو

ده‌ستگیركردن

هێزه‌كانی‌ دژه‌ تیرۆری‌ عێراق

5

هیوا حوسامه‌دین

روداو

لەكاتی هاتنی شاندێكی حكومەتی عێراقی لە 14/4/2019 رێگری لێدەكرێت و سوكایەتی پێدەكرێت

لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی سەر بە حكومەتی عێراقی

6

رۆكان جاف

فری‌ لانس – پێشتر NRT

رێگریكردن له‌كاتی‌ روماڵ

له‌لایه‌ن چه‌كدارانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبیه‌وه‌

7

هونه‌ر ئه‌حمه‌د

فری ‌لانس - پێشتر روداو

ده‌ستگیركردن

هێزه‌كانی‌ دژه‌ تیرۆری‌ عێراق

8

ئاسۆ ئه‌حمه‌د

پێشتر NRT

ده‌ستگیركردن و به‌كه‌فاله‌ت ئازادكردن

لەكاتی روماڵكردنی روداوێك لەلایەن هێزێكی سوپای عێراقی رێگریان لێدەكرێت و دواتر دەستگیردەكرێن، بەكەفالەت ئازاد دەكرێن

9

كاروان ساڵحی‌

کەرکوک ناو

ده‌ستگیركردن و به‌كه‌فاله‌ت ئازادكردن

لەكاتی روماڵكردنی روداوێك لەلایەن هێزێكی سوپای عێراقی رێگریان لێدەكرێت و دواتر دەستگیردەكرێن ، بەكەفالەت ئازاد دەكرێن

10

هاوكار حسێن

گه‌لی‌ كوردستان

سوتاندنی‌ ئۆفیسه‌كه‌ی‌ و سوكایه‌تی ‌پێكردنی‌

حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌ دوزخورماتوو

11

سۆران كامه‌ران

كوردستان 24

لەكاتی هاتنی شاندێكی حكومەتی عێراقی لە 14/4/2019رێگری لێدەكرێت و سوكایەتی پێدەكرێت

لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی سەر بە حكومەتی عێراقی

12

محه‌مه‌د حسێن

كه‌ناڵی‌ سپێده‌

رێگریكردن

سوپای‌ عێراقی‌

13

ئۆژین جۆڵا

ئاژانسی‌ ئه‌نادۆڵۆ

ده‌ستگیركردن و به‌كه‌فاله‌ت ئازادكردن

له‌لایه‌ن سوپای‌ عێراق

14

یوسف موراد

كه‌ناڵی‌ ئاسمانی‌ كه‌ركوك

رێگریكردن

سوپای‌ عێراقی‌

15

سۆران عه‌بدولكه‌ریم

پێشتر كه‌ناڵی‌ KNN

ده‌ستگیركردن و به‌كه‌فاله‌ت ئازادكردن

له‌لایه‌ن پۆلیسی‌ نه‌وتی‌ كۆمپانیای‌ نه‌وتی‌ باكور

16

سه‌یف ئه‌نوه‌ر

كه‌ناڵی‌ سپێده‌

ده‌ستگیركردن و به‌كه‌فاله‌ت ئازادكردن

له‌لایه‌ن لیوای‌ 61ی‌ سه‌ر به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ عێراق

17

دیار تاڵیب

كه‌ناڵی‌ ئاسمانی‌ كه‌ركوك

رێگریكردن

لیوای‌ 61ی‌ سه‌ر به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ عێراق

18

هیشام محه‌مه‌د

كه‌ناڵی‌ ئاسمانی‌ كه‌ركوك

رێگریكردن

لیوای‌ 61ی‌ سه‌ر به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ عێراق

19

سۆران محه‌مه‌د

ئاژانسی‌ هه‌واڵی‌ رۆژنیوز

هه‌ڕه‌شه‌ و سوكایه‌تی‌ پێكردن

له‌لایه‌ن سوپای‌ عێراقه‌وه‌

20

ئازاد شكور

گه‌لی‌ كوردستان

رێگریكردن

له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ دژه‌ تیرۆری‌ عێراقیه‌وه‌

21

ئارام شێركۆ

رۆژنامه‌ی‌ خه‌بات

رێگریكردن له‌ رووماڵكردن

له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ دژه‌ تیرۆری‌ عێراقیه‌وه‌

22

هه‌ژار ره‌شید

ماڵپه‌ری‌ شه‌فه‌ق نیوز

هه‌ڕه‌شه‌كردن

ئیستخباراتی كەركوك

23

نه‌به‌ز میقداد

NRT

هه‌ڕه‌شه‌كردن

لەلایەن سوپای عێراقیەوە

24

محه‌مه‌د ستار جه‌باری‌

كه‌ناڵی‌ وارتیڤی‌

ده‌ستگیركردن و به‌كه‌فاله‌ت ئازادكردن

ئیستخباراتی كەركوك

25

عومه‌ر غه‌ریب

كه‌ناڵی‌ كوردسات

رێگریكردن

لیوای‌ 61ی‌ سه‌ر به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ عێراق

26

ئه‌یاد حه‌مه‌ ساڵح

كه‌ناڵی‌ سپێده‌

رێگریكردن

سوپای‌ عێراقی‌

27

خه‌بات نه‌جمه‌دین

كه‌ناڵی‌ گه‌لی‌ كوردستان

رێگریكردن

سوپای‌ عێراقی‌

28

شیڤان محه‌مه‌د

كه‌ناڵی‌ ئاسمانی‌ كه‌ركوك

رێگریكردن

هێزه‌كانی‌ دژه‌ تیرۆری‌ عێراق

29

نەوزاد مەحمود

كوردستان 24

ده‌ستگیركردن و به‌كه‌فاله‌ت ئازادكردن

هێزێكی ئەمنی پارێزگاری كەركوك

30

كاروان محه‌مه‌د

كوردسات نیوز

سوكایەتی  و جنێودان پێیان دواتریش وەرگرتنی ناسنامەكەی

پۆلیسی ئیتحادی

31

ئارام جه‌مال

KNN

رێگریكردن و وەرگرتنی ناسنامەكەیانیان

پۆلیسی پاسه‌وانی فه‌رمانگه‌كانی ناوشار

 

بارێكی‌ نائارام‌و ژینگه‌یه‌كی‌ سه‌ختی‌ كاركردن

به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ جاران رۆژنامه‌نووسانی‌ كه‌ركوك كه‌وتبوونه‌ به‌رداشی‌ نێوان دوو حكومه‌ت‌و چه‌ندین هێزی‌ باڵاده‌سته‌وه‌، كاره‌كه‌یان زه‌حمه‌ت بوو، به‌ڵام له‌دوای‌ 16ی‌ ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ ئیتر هه‌موو شتێك زیاتر به‌بارێكی‌ نائاساییدا رۆی‌، دۆخی‌ گشتی‌ وای‌ لێهاتبوو كه‌ پێشبینی‌ ناره‌حه‌تی‌ گه‌وره‌ ده‌كرا، هه‌ر به‌راستیش چه‌ند رۆژنامه‌نووسێك ئه‌و ناره‌حه‌تیه‌یان بینی‌.

ئەمە لێرەدا دەیخوێننەوە نموونەی چیرۆکی چەند رۆژنامەوانێکە کە بۆ پاڵپشتی ئەم راپۆرتە گێڕاویەنەتەوە:

ئه‌گه‌ر یاسا شكێنیم كرد به‌یاسای‌ عه‌سكه‌ری‌ سزام بده‌ن

رۆكان جاف په‌یامنێری‌ پێشووی‌ كه‌ناڵی‌ ئێن ئاڕ تی‌ ناچار كراوه‌ به‌ڵێننامه‌ پڕ بكاته‌وه‌ كه‌ كارێك نه‌كات له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ فه‌رمانی‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان.

رۆكان جاف چیرۆكه‌كه‌ی‌ خۆی‌ به‌م شێوه‌یه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌: لە 19ی ئۆكتۆبەری 2017 لەناحیەی پردێی سەر بەقەزای دبس، شەر لەنێوان هێزە عێراقییەكان و پێشمەرگە گەرم بوو ئیتر من لایڤم ئەكرد لەناو ناحیەکەو بۆچوونی خەڵكم وەردەگرت دوای 10 دەقەیەك لەلایڤەكە تەلەفۆنێكم لەئەفسەرێكی پۆلیسی كەركوكەوە بۆ هات ووتی ئەو شوێنە بەجێبهێڵە حەشدی شەعبی بەنیازن دەستیگرت بكەن و بریاری دەستیگركردنەكەتیان بە پۆلیسی كەركوك دەركردووە، ئیتر لەگەڵ داخستنەوەی ئەو تەلەفۆنە لایڤەكەم دەستپێكردەوەو لەكاتی وەرگرتنی وتەی هاوڵاتیەك، ئۆتۆمبێلێک کە چەند چەكداری حەشدی شەعبی تێدابوون‌و هاتن‌و كێشەیان بەكامێراكەو لایڤەكەیان پێ‌ راگرتین و وتیان لێرە نەمێنن.

rozhnamanus-2
كەركوك/ 23ی ئابی 2020/ ژمارەیەك رۆژنامەنوس لە چاوەڕوانی كۆنگرەی رۆژنامەوانیدا لە نوسینگەی كەركوكی پەرلەمانی عیراق فۆتۆ: سۆران محەمەد

رۆکان درێژە بەچیرۆکەکەی دەدات‌و دەڵێت: دوای كەمتر لەشەش مانگ راپۆرتێكم كرد لەسەر خۆپیشاندانێكی ژمارەیەك چالاكوان ئامادەکرد كە داوای دەرچوونی ئەو هێزانە دەكەن كە لەدوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 هاتوونەتە كەركوك، ئیتر ئاگادار كرامەوە وتیان سەردانی ئاسایشی نیشتمانی عێراق بكە لەكەركوك، كە سەردانی ئەوێم كرد بەڵێنامەیەكیان پێ‌ پركردمەوە كە تێدا نوسرابوو جارێكی تر یاسا شكێنیم كرد هێزە ئەمنییەكان مافی ئەوەیان هەیە بەدادگای عەسكەری مامەڵەم لەگەڵ بكەن.

https://m.facebook.com/story.php?story_fbid=1675983769114351&id=152858888093521

 

فه‌رمانده‌ی‌ لیواكه‌ بۆ هێمن: ده‌بێ‌ ئێستا خۆت به‌درۆ بخه‌یته‌وه‌

هێمن ده‌لۆیی په‌یامنێری‌ كه‌ناڵی‌ كوردستان 24 له‌كه‌ركوك، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ یه‌كێك بوو له‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ی‌ له‌دوای‌ 16 ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ فه‌رمانی‌ ده‌ستگیركردنی‌ بۆ ده‌رچوو، بۆیه‌ كه‌ركوكی‌ جێهێشت‌و زیاتر له‌ساڵێك له‌شاری‌ هه‌ولێر مایه‌وه‌و دوای‌ هێوربوونه‌وه‌ی‌ بارودۆخه‌كه‌ دیسانه‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ كه‌ركوك.

هێمن له‌باره‌ی‌ ئه‌زموونی‌ كاركردنی‌ له‌كه‌ركوكی‌ دوای‌ 16ی‌ ئۆكتۆبه‌ر ده‌ڵێت "كه‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ ئیشوکار سەخت بوو، نەماندەوێرا مایک و لۆگۆی کەناڵەکە دەربکەین، دواتر هێواش هێواش لەگەڵ باروودۆخەکە ڕاهاتین".

ئه‌وه‌نده‌ی‌ خۆی‌ ژماردوویه‌تی‌ له‌و كاته‌وه‌ تائێستا زیاتر له‌بیست جار رووبه‌رووی‌ پێشێلكاری‌ بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام یه‌كێكیانی‌ زیاتر له‌وانی‌ دیكه‌ له‌خه‌یاڵدایه‌و به‌م شێوه‌یه‌ ده‌یگێڕێته‌وه‌:

لەتەمموزی 2020 بۆ ڕوماڵی سوتاندنی دەغڵودانی جووتیارانی کورد لەگوندە کاکەییەکانی سنووری داقوق لەباشوری كەركوك لەگەڵ وێنەگرەکەم، نەوزاد محەممەد ڕۆیشتین، بەگەیشتنمان بۆ شوێنەکە، لەسەر ڕووداوەکە لایڤێکم کرد، دوای بیست خولەک هێزێکی پۆلیسی فیدراڵ هاتن‌و دەستبەسەریان کردین، لەوێوە براینە بارەگای فەوجی پۆلیسی فیدراڵی عێراق، دەست بەسەر کەلووپەلە ڕۆژنامەوانییەکانماندا گیراو لەژوورێک هێڵراینەوە، دوای نزیکەی سەعاتێک پۆلیسێک هات پێی وتین وەرن ئامر لیوا بانگتان ئەکات، لەگەڵ چوونە ژوورەوەمان ئامر لیواکە وتی ئێوە كێن و کەناڵەکەتان سەر بەکوێیە؟ وتمان كەناڵەكەمان ناوی کوردستان 24 ، وتی بۆچی هاتوون‌و لەکوێوە هاتوون، وتمان لەکەرکوک هاتووین بۆ ڕووماڵی سووتانی دەغڵوودانی کورد، بەزمانێکی زبرو بەتووڕەییەوە وتی: ئێوە هاتوون چالاکی داعش تەسویر بکەن‌و پێویستە دادگایی بکرێن بەمادەی تیرۆر، ئەمانویست قسەبکەین ڕێگەیان پێمان نەئەدا، دواتر دەیان جنێوو قسەی ناشرینیان بەسەرکردەکانی کوردو خۆمان ووت.

arkan.sharef
ئەركان شەریف، وێنەگری كەناڵی ئاسمانی كوردستان تیڤی لە تشرینی یەكەمی 2017 لەماڵەكەی خۆیدا لە داقوق لەلایەن ژمارەیەك چەكدارەوە كوژرا فۆتۆ: ئاژانسی میترۆگرافی

هێمن درێژه‌ به‌قسه‌كانی‌ ده‌دات‌و ده‌ڵێت: لەو قسانەدابوو کەسێک هاتە ژوورەوە، ئەفسەری هەواڵگری بوو، وتی بۆ تەسویرتان کردووە، ئایا هیچ مۆڵەتێکتان هەیە؟ وتمان نەمانکردوە ئێستا هاتین، بەڵام ئەو بەدرۆی خستینەوەو مۆبایلەکەی دەرهێناو ڤیدیۆی لایڤەکەی پێمان نیشاندا، دواتر ئامر لیواکەشی نیشاندا و بانگی کەسێکی کوردیان کرد سەرجەم قسەکانی ئێمەو جووتیارە کوردەکەش کە هاوڵاتییەکی کاکەیی بوو بۆیان وەرگێڕا، ئامر لیواکە هێندەی دیکە تووڕەبوو بەتایبەت لەو قسانەی کە خەڵک داوای گەڕانەوەی پێشمەرگەی دەكرد بۆسنوورەکەیان، ئەو وتی من ڕۆژانە میز و پیسایی لەساترەکانی پێشمەرگە دەکەم، تازە ئەوان بەخەویش نایەنەوە ئێرە، دواتر ئەفسەری هەواڵگرییەکە وتی پاسۆوردی مۆبایلەکەتم بدەرێ، دوای کردنەوەو پشکنینی مۆبایلەکە سەرجەم وێنە و ڤیدیۆ و نامەکانی ماسنجەر و واتسئاپ و تێلیگرام و سەرجەم مۆبایلەکەی پشکنی، پرسیاری هەموو ئەوانەی کرد کە تەلەفۆنیان بۆم کردبوو، سەرجەم زانیارییەکانی لای خۆی تۆمارکرد ژمارە مۆبایلی چەند کەسێکی نووسی، دواتر مۆبایلەکەی گەڕاندەوە، ئینجا ئامر لیواکە وتی ئێستا ئەبێ لایڤێک بکەنەوەو خۆتان بەدرۆ بخەنەوە، واتە ئەوەی لە لایڤەکە وتووتانە هەمووی درۆبووەو داوای لێبووردنمان لێبکەین، وتم ئەیکەین بەڵام وەرن خۆتان قسەبکەن‌و بڵێن بەو شێوەیە نەبووە، وتی نەخێر دەبێت خۆتان قسە بەكەن دواتر ووتم باشە تەلەفۆن بۆ تەلەفزیۆن ئەکەم و ئەمەیان پێ ئەڵێم، چونکە ناتوانم ئەوە بکەم، تەلەفۆنم بۆ بەرپرسانی کەناڵ کرد ئەوانیش وتیان ئەگەر خۆیان قسە ئەکەن کێشەمان نییەو با زانیارییەکان ڕەتبکەنەوە، ئەگەرنا مەیکەن، پێم وت وەڵامیان ئاوهایە، هێندەی دیکە تووڕە بوو، وتی بیانبەن بۆ بەندیخانە.

دوای‌ نیو كاتژمێر ئینجا جارێكی‌ تر هێمن‌و هاوكاره‌كه‌ی‌ بانگ ده‌كرێنه‌وه‌ بۆ لای‌ فه‌رمانده‌ی‌ لیواكه‌و ده‌ڵێت: دیاربوو برادەرانی کەناڵ و بەشێک لە پەرلەمانتاران و ئەوکەسانەی کەپێشتر ئاگادارمان کردبوونەوە هەوڵی زۆریان دابوو بەرپرسانی حکوومەتی عێراقیان ئاگادارکردبۆوە کە ئازادمان بکەن، بۆ دواجار بەپڕکردنەوەی بەڵێننامەیەک کە ئیتر بۆمان نییە بێینە سنوورەکە، ئازادکراین.

له‌به‌رچاوی‌ فه‌رمانده‌كه‌ی‌ زله‌یه‌كی‌ لێدام

كاروان ساڵحی پەیامنێری ماڵپەری كەركوك ناو یه‌كێك بوو له‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ی‌ به‌ده‌ستی‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان ده‌ستگیركراوه‌و ئازاردراوه‌، كاروان به‌مجۆره‌ چیرۆكی‌ خۆی‌ ده‌گێڕێته‌وه‌:

لە 14ی ئایاری 2019 بوو چوینه‌ گوندی‌ پەڵكانەی سەر به‌ناحیەی سەرگەرانی قەزای دبس كە دەكەوێتە باكوری خۆرئاوای كەركوك  له‌دووری‌ 55 كیلۆمه‌تر بۆ رووماڵی‌ ناكۆكی‌ نێوان جوتیاره‌ كوردو عه‌ره‌به‌كان.

كه‌ گەیشتمە گوندی پەڵكانە، لەوێ‌ بینیم ژمارەیەك هاوڵاتیانی عەرەب كە بە 200 كەس مەزەندەدەكران، چوبونە ناو گوندەكەوەو داوایان دەكرد خێزانە كوردەكان ناوچەكە چۆڵبكەن، بەپاساوی ئەوەی موڵكی خۆیانە، ئەم كێشەیە درێژكراوەی كێشەی موڵكدارێتییە لەسەردەمی حزبی بەعس لەكۆتایی سەدەی رابردوەوە دەستپێكردوەو چارەسەرنەكراوە بۆیە جوتیارە كوردەكان ناڕازی بوون و گرژی لەنێوانیان دروست بوو سوپای عێراقیش ژمارەیەك خەڵكی لەهەردوو لا دەستیگركردبوو ، بۆیە كەرەستەكانم ئامادە كرد بۆ ئەوەی دەستبكەمە وێنەگرتن و لێدوان وەرگرتن لە خەڵكی گوندەكە لەو كاتەدا پەیامنێرێكی ئێن ئارتی و وێنەگرەكەی ئەوانیش گەیشت هەمەرێكی سەربازی هاتووو ووتی لێرە برۆن ئێرە ناوچەیەكی سەربازییە قەدەغەیە بۆ روماڵكردن، زۆرم پێ سەیر بوو گوندێك كە خەڵك تێیدا دەژی بۆ ناوچەی سەربازی بێت بۆیە ناسنامەكەم نیشانی ملازمەكە داو ووتم لێرە كێشە هەیەو خەڵك دەژی ووتی كەواتە برۆ لای ئەو دیوارە بوەستە لەبەردەم گەرمای هاوین ئێمەیان بۆ ماوەی یەك كاتژمێر هێشتەوە نەیاندەهێشت یەك وێنەش بگرین لەكاتێكدا مانگی رەمەزان بوو بەرۆژوو بووین.

دواتر ملازمەكەی سوپای عێراقی هاتە لای ئێمەو ووتی وێنەتان گرتووە یان ناو وتمان ئێمە ئێستا هاتووین ووتی كەواتە برۆن و ئێمەش بەدوای ئێوەدا دێن ئیتر بەرێكەوتین بەڵام دوای نزیكەی 2 كم ملازمەكە كەناو فۆرتێكی عەسكەری بوو هاتە پێشمان و ووتی ناتوانن برۆن دەبێت برۆینە بارەگای فەوج، ئیتر چووینە بارەگای فەوج و لەوێ‌ موقەدەمێك لێكۆڵینەوەی لەگەڵ كردین ووتی ئێوە هاتونەتە سنوری ئێمە بەبێ‌ پرس هەروەها لایڤتان كردۆتەوە ووتمان ئێمە هیچمان نەكردووە هەر گەیشتنی و رێگریمان لێكرا، بەڵام وەڵامەكەی ئێمە جێگەی خۆی نەگرت تاكو سەعات 4:30ی عەسر ئێمە لەبارەگای فەوج ماینەوە ئەوانیش سەیری پەیجی كەركوك ناوو ئێن ئارتیان دەكرد، موقەدەمەكە بە ئەفسەرەكەی دیكەی ووت ئەمەنە بەرن بۆ پۆلیسی سەرگەڕان و بە كەفالەت ئازادیان بكەن، ئیتر بەسەیارەی خۆمان بەدوای فۆرتەكەی سوپای عێراقییەوە بووین‌و چووینەوە ناو گوندی پەڵكەنە لەوێ‌ ملازمەكە ووتی لەناو ئۆتۆمبێلەكانی خۆتان دابەزن و لەدواوەی ئەو فۆرتە عەسكەرییە دانیشین ئیتر ئێمەی لەوێ‌ داناو بەبەرچاوی ئێمەوە خەڵكی كوردی گوندەكەیان دەردەكرد، بۆیە پرسیارم لە هاوڵاتیەكی كورد كرد چەند ماڵی كورد لێرە ناچار بەدەركردن كراوە لەو كاتەدا ئەفسەرێك بەناوی قاسم هاواری كرد ووتی بۆ بە كوردی قسە ئەكەیت ووتم چونكە هاوڵاتیەكە كوردە ووتی نەخێر كە من لێرە عەرەبم بۆت نیە بە زمانی كوردی قسە بكەیت، ووتم زمانی كوردی لە دەستووری عێراق بە زمانێكی فەرمی ناسراوە ئیتر زیاتر هاواری كرد ووتی دەمتداخە با پۆستاڵێك نەخەمە دەمتەوە.

thumbnail_Shwan Nawzad 03
هێزە ئەمنییەكانی كەركوك، لەكاتی قەدەغەی هاتوچۆدا لە سەردەمی بڵاوبونەوەی كۆرۆنا لە ساڵی 2020 فۆتۆ: شوان نەوزاد

كات گەیشتە شەشی ئێوارە ئێمە هەر لەناو ئەو ئۆتۆمبێلە عەسكەرییەن و رۆژوومان نەشكاندووە لەوكاتەدا بووە جموجۆڵی سەربازەكان ووتیان ئامر فەوج دێت، دوای كەمێك بەچەند ئۆتۆمبێلێك ئامر فەوجەكە كە ناوی سەباح عزی بوو گەیشت ئیتر ئێمەی بینی لەناو ئۆتۆمبێلە عەسكەرییەكە چووە لای ملازم سەجاد ووتی كەی بوو بەتۆم ووت ئەو رۆژنامەنوسانە بەرن بۆ پۆلیسی سەرگەران و ئازادیان بكەن، دواتر رووی كردە ئێمە و ووتی بۆ لێرەن نەمووت برۆن بۆ پۆلیسی سەرگەران، منیش ووتم ملازم قاسم دەڵێت من ئەفسەری هەواڵگریم و نابێت جارێ‌ برۆن دەبێت لێكۆڵینەوەتان لەگەڵ بكەم لەوكاتەی ئەو قسەیەم كرد بەهەموو توانایەكی ملازم قاسم زللەیەكی لێدام و ووتی بۆ درۆ دەكەیت، ووتم راستیم ووتوە ئەوە هەردوو هاوپیشەم شاهیدن وات ووت ئەگینا چۆن تا ئێستا ئێمە لێرەین ئیتر ئامر فەوجەكە هاواری كردە سەر قاسم و ووتی دواتر قسە لەگەڵ تۆ دەكەم، هاتە لای ئێمەش و داوای لێبوردنی كرد ووتی هەر ئێستا ئەتانێرم بۆ پۆلیسی سەرگەران و بە كەفالەت ئازاد ئەكرێن ئیتر بە شۆفێرەكەی ملازم سەجادی ووت لە پێشیانەوە برۆ بە ئەوانیش بەدوات بێن و رادەستی پۆلیسی سەرگەرانیان بكە ئیتر بەو شێوەیە بەرێكەوتین بۆ پۆلیسی سەرگەران بەڵام شۆفێری ملازم سەجاد هێندە بە تیژرەوی دەرۆیشت گێچی سەیارەكەم گەیاندە 140 نەدەگەیشتمەوە پێی، كاتێك گەیشتینە پۆلیسی سەرگەران لەگەڵ پۆلیسەكان رۆژووەكەمان شكاند ، ئینجا پۆلیسی عێراقی لەسێ‌ لاوە وەك تاوانبار وێنەیان گرتین و ئەوان رۆیشتن، پۆلیسی سەرگەرانیش دوای لێكۆڵینەوە بە كەفالەت ئازادی كرد ، بەڵام تا ئێستا دۆسیەكەمان دانەخراوە، مانگی 11ی ئەمساڵ لە پۆلیسی سەرگەرانەوە جارێكی تر تەلەفۆنیان بۆ كردینەوە ووتیان دادوەری دادگای قەزای دبس گۆراوە، ئەو دادوەرەی تازە هاتووە داواتان دەكات و دەیەوێت بزانێت هۆكارەكەی چیە ئەم دۆسیە دانەخراوە، ووتم لای ئێمە نییە پارێزەری سوپای عێراقی تا ئێستا نەهاتووە بۆ دادگا ووتی ئەوەی لەسەر ئێوەیە تەئیدی دەزگاكەت و سەندیكای رۆژنامەنووسان بهێن، بەڵكو ئەم دۆسیە دابخرێت بۆیانمان بردووە تا ئێستا دەنگیان نییەو چاوەرێی داخستنی یەكجارەی ئەو دۆسیەیەن.

دوجار پێشێلكاریی

چیا نوری‌ په‌یامنێری‌ كه‌ناڵی‌ (په‌یام)ه‌ له‌كه‌ركوك، تائێستا دووجار له‌لایه‌ن هێزه‌ عێراقییه‌كانه‌وه‌ رووبه‌رووی‌ پێشێلكاری‌ بووه‌ته‌وه‌، جارێكیان رۆژی‌ 12ی تەمموزی 2019 كاتێك له‌بازگه‌ی‌ نێوان داقوق بۆ كه‌ركوك ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌، چیا ده‌ڵێت "بۆ ماوەی دوو کاتژمێر ڕایانگرتین بەپاساوی ئەوەی دەزگای هەواڵگری پۆلیسی فیدراڵی زانیاری ئەوەی بەدەست گەیشتووە كە ئێمە راپۆرتێكمان ئامادەكردووە ترس بڵاودەكاتەوە، پاش لێکۆلینەوە لە گەڵمان و سەیرکردنی ڤیدیۆکانمان ئەفسەرەكەی هەواڵگری پۆلیسی فیدراڵی هەڕەشەی ئەوەیان لێکردن ئەو ڕاپۆرتەی ئەنجامان داوە سەبارەت بە جموجۆڵی داعش لەسنوری قەزای داقوق ئەوە رووبەرووی سزا و دەستگیركردن دەبینەوە لەبەرئەوە راپۆرتەكەمان بڵاونەكردەوە".

ده‌شڵێت "جاری دووەم رۆژی‌ 20ی شوباتی لە ڕوماڵی گرفتی خاوەنی دووکانەکانی قەیسەری كەركوك كە گردبونەوەیەكیان ئەنجامدابوو پۆلیسی ناوخۆی کەرکوک ویستی ڤیدیۆکانمان پێ بسڕێتەوە بەڵام ڕێگەمان نەداو دەمەقاڵێ لە نێوانمان دروست بوو ، دواتر شوێنەکەمان بە جێهێشت ، هەر چەندە ئەو پۆلیسە هەڕەشەی دەستگیرکردنی لێکردین بەڵام تا ئێستا سەلامەتین.

https://www.facebook.com/watch/?v=635528673903711

ئەرکان لەماڵەکەی خۆی کوژرا

ئەركان شەریف ماوەی 11 ساڵ وێنەگری كەناڵی ئاسمانی كوردستان تیڤی بوو لەقەزای داقوقی باشوری كەركوك 30ی ئۆكتۆبەری 2017 لەلایەن چوار چەكداری نەناسراو لەنێو ماڵەكەی خۆی لەگەرەكی خۆرسی  قەزای داقوق تیرۆرکرا.

ئەرکان لەساڵانی 2014 تا 2017 یەكێك بوو لە وێنەگرە دیارەكانی شەری دژ بە داعش، كاتژمێر 2ی بەرەیانی ٣٠ی ئۆکتۆبەر دوای ئەوەی كارەبای ماڵەكەی دەكوژێننەوە، چوار چەکدار لەسەر دیواری حەوشەكەی دەچنە ژوورەوە دواتر چەکدارەکان لەژوورێک دەیبەستنەوەو هاوسەرەكەی و دوو كچ و كورەكەشی لە ژوورێكی دیكە دەبەستنەوە،  دواتر بە حەربەی عەسكەری ئەركان شەریف دەكوژن.

بە ووتەی محەمەد شەریفی برای ئەركان هەشت حەربەی عەسكەری لەسەر سنگ و دڵ و پشتی دراوە تا ئەو كاتەی دڵنیادەبنەوە شەهید بووە ئینجا جێیانهێشتووە.

محەمەد شەریف، براگەورەی ئەرکان ووتیشی "سەرەتا كارەبا و كامێرای چاودێری ماڵی ئەركانی برامیان كوژادنەوە ، بەلایت هاتونەتە ژوورەوە ، دواتر ئەركانی برام پێیانی ووتوە چەند پارەتان دەوێ‌ دەتاندەمێ‌ پێیان ووتوە ئێمە بۆ پارە نەهاتووین ، بەجیا ژن و منداڵەكانی لە ژوورێك بوونە و ئەركانیش لە ژوورێكی تر بوونە ، هاوژینەكەی دەڵێت هەر كە دەنگی هاواری ئەركان نەما دڵنیابۆتەوە كە كوشتویانە".

هەرچەندە برای ئەركان چەکدارانی حەشدی شەعبیی تۆمەتباردەكات بە كوشتنی براكەیان، بەڵام عاتف نەجاڕ بەرپرسی رێكخراوی بەدر لە قەزای خورماتوو و داقوق دەڵێت "هەركەسێكی ئێمە لەو كردەوەیە تێوەگلابێت با ناوەكەیمان بدەنێ‌ سزای دەدەین ، ناكرێت بەبێ‌ بەڵگە ئێمە تۆمەتبار بكرێن." تائێستاش بکوژانی ئەرکان نادیارن.

لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بەهۆی كشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لە ناوچە جێناكۆكەكان و جێگرتنەوەیان لەلایەن هێزە عێراقییەكان ئەركان شەریف ماڵەكەی دەگوازێتەوە بۆ سلێمانی ، دوای 10 رۆژ مانەوەی لە سلێمانی دەگەرێتەوە بۆ داقوق هەرچەندە كەسوكارەكەی پێی دەڵێن دۆخی داقوق باش نیە ئەو دەڵێت من كێشەم لەگەڵ كەس نیە بچمەوە ماڵەكەی خۆم باشترە بۆیە لە 26 ئۆكتۆبەری 2017 دەگەرێتەوە قەزای داقوق.

پێشێلكارییه‌كان كێ‌ ده‌یانكه‌ن؟

ئێستا دۆسێی‌ ئه‌منی‌ كه‌ركوك‌و ده‌وروبه‌ری‌ به‌ده‌ست فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوكەوەيه‌، كە پێكهاتووە لە سوپای عێراقی و پۆلیسی ئیتحادی و پۆلیسی ناوخۆی كەركوك و هەواڵگری پۆلیس و سوپا و بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی نەوت و بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پاراستنی دەمودەزگاكانی دەوڵەت كە سەرجەمیان سەر بە وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی عێراقن.

به‌وته‌ی‌ ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ی‌ پێشێلكارییان به‌رامبه‌ر كراوه‌، هه‌روه‌ها به‌وته‌ی‌ مه‌هدى زریان سكرتێری لقی كەركوكی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان ئەو هێزانەی لەدوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 هاتوونەتە كەركوك راهێنانیان پێنەكراوە چۆن مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنووسان بكەن هەروەها ئەو هێزانە نامۆن بە خەڵكی شارەكە پێشێلكاری بەرانبەر بە رۆژنامەنووسان ئەنجام دەدەن.

زریان روونی‌ ده‌كاته‌وه‌ لە بنەرەتدا دەبێت هێزە ئەمنیەكان و دامەزراوە حكومییەكانی عێراق و لە نێویاندا كەركوك بەپێی بەندی یەكەمی ماددەی 61 لە یاسای پاراستنی ڕۆژنامەنوسان كە لەژێر رۆشنایی بەندی 3ی مادەی 73ی دەستوری عێراق داڕێژراوە مامەڵە بكرێت كە ڕۆژنامەنوسان مافی پێدان و بەدەستهێنانی زانیارییان لەلایەن دامەزراوە فەرمیەكانەوە پێدراوەو هیچ دەزگایەكیش مافی ڕێگری لە ڕۆژنامەنوسان نییە، بەڵام یاساكە وەك خۆی جێبەجێ ناكرێت و بەردەوام ڕۆژنامەنوسان رووبەرووی پێشێلكاریی دەبنەوە ، ئەو یاسایەی هێزە ئەمنییەكان یان دامەزراوە حكومییەكان بە پێی ماددەی 240ی سنوربەزاندن لێكۆڵینەوە لەگەڵ رۆژنامەنوسان دەكرێت، هەندێكجاریش ئەو هێزە ئەمنیانە رۆژنامەنوسیان  دەستگیركرووە بەبێ‌ یاسا بە پاساوی ئەوەی مۆڵەتی لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك وەرنەگرتووە بۆ ئەنجامدانی ئەو راپۆرتە.

به‌ڵێننامه‌ به‌رۆژنامه‌نووسان پڕ ده‌كرێته‌وه‌

زۆربه‌ی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ی‌ له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێن باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌مه‌رجی‌ پڕكردنه‌وه‌ی‌ به‌ڵێننامه‌ ئازاد ده‌كرێن.

له‌كاتی‌ نوسینه‌وه‌ی‌ چیرۆكه‌كان هه‌وڵی‌ زۆرماندا نموونه‌ی‌ یه‌كێك له‌به‌ڵگه‌نامه‌كانمان ده‌ست بكه‌وێت، به‌ڵام هه‌وڵه‌كان بێ‌ ئه‌نجام بوون، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ كۆپی‌ به‌ڵێننامه‌كان ته‌نیا لای‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان هه‌یه‌و هیچ كۆپییه‌كی‌ نادرێته‌وه‌ به‌رۆژنامه‌نووسه‌كان.

 

به‌پێی‌ قسه‌ی‌ رۆژنامه‌نووسه‌كان به‌ڵێننامه‌كه‌ نزیكه‌ له‌م شێوه‌یه‌وه‌:

بۆ...

بابه‌ت: به‌ڵێننامه‌

من (ناوی‌ رۆژنامه‌نووسه‌كه‌) به‌ڵێن ده‌ده‌م به‌بێ‌ فه‌رمانی‌ ........... هیچ كارێكی‌ میدیایی ناكه‌م‌و ئه‌گه‌ر جارێكی‌ تر یاسا شكێنیم كرد مافی‌ ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ به‌پێی‌ یاسای‌ سه‌ربازی‌‌و له‌دادگای‌ سه‌ربازی‌ حوكمم بده‌ن.

ئیمزا

ناوی‌ رۆژنامه‌نووسه‌كه‌

 

 

حوكمی‌ سه‌ربازی‌، جێهێشتنی‌ كه‌ركوك، داخستنی‌ میدیاكان

له‌دوای‌ 16ی‌ ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ به‌ده‌یان رۆژنامه‌نووس كه‌ركوكیان جێهێشتووه‌، به‌ڵام نه‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نووسانی‌ كوردستان‌و نه‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نووسانی‌ عێراق ئامارێكی‌ وردیان له‌به‌ر ده‌ستدا نییه‌ له‌باره‌ی‌ ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ی‌ به‌هۆی‌ پیشه‌كه‌یانه‌وه‌ كه‌ركوكیان جێهێشتووه‌، هه‌ندێ‌ له‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ دوای‌ هێربوونه‌وه‌ی‌ بارودۆخه‌كه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌و هه‌ندێكی‌ تریان هێشتا له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ كه‌ركوك ده‌ژین، ئه‌وه‌ی‌ روونه‌ به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ی‌ كه‌ركوكیان جێهێشتووه‌ ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌و ده‌زگا میدیاییانه‌ بوون كه‌ له‌پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانه‌وه‌ نزیكه‌.

سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نووسانی‌ كوردستان ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ی‌ ئێستا له‌كه‌ركوك به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووسان رووده‌دات، به‌هه‌موو پێوه‌رێك حوكمی‌ عه‌سكه‌رییه‌".

مه‌هدى زریان سكرتێری لقی كەركوكی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان ده‌ڵێت "چەندجارێك داوای كۆبونەوەمان لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك كردووە لەبارەی دۆخی رۆژنامەنوسان و ئەو پێشێلكارییەی هێزە ئەمنیەكانی عێراق بەرانبەر بە رۆژنامەنوسان ئەنجامی دەدەین لەگەڵیان كۆببینەوە بە پاساوی ئەوەی سەندیكاكەی ئێمە سەر بە حكومەتی هەرێمی رەتیان كردۆتەوە".

لە ساڵی 2005 تاكو 2017 له‌كه‌ركوك 114 رۆژنامە و گۆڤار و 10 كەناڵی تیڤی ناوخۆ و 3 كەناڵی ئاسمانی و 7 نوسینگەی كەناڵە ئاسمانیەكان 9 رادیۆ لەلای‌ سەندیكای رۆژنامەنوسان لە لیستی ناوی دەزگاكان تۆماركراوە.

ئێستا لەكۆی ئەو 114 رۆژنامە و گۆڤارە تەنها دوو دانەیان ماوە و سەرجەمیان داخراون ئه‌مه‌ش هه‌موو په‌یوه‌ندی‌ بە روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە نیە به‌ڵكو به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆریان پەیوەندی بە نەبوونی بودجەوە هەیە یان حزبەكان خۆیان دایانخستووە ، ئێستا 4 رادیۆ و 5 نوسینگە و 8 كەناڵی ناوخۆ و رۆژنامەیەك و گۆڤارێك ماوە ئەوەش بەپێی وتەی فواد عوسمان كارگێری لقی كەركوكی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان.

چیرۆكه‌كه‌ له‌پێش 16 ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات

كه‌ باس له‌پێشێلكارییه‌كانی‌ دوای‌ 16ی‌ ئۆكتۆبه‌ر ده‌كرێت، وانه‌بێت له‌پێش ئۆكتۆبه‌ری‌ ساڵی‌ 2017ه‌وه‌ دنیای‌ میدیاكارانی‌ كه‌ركوك دنیایه‌كی‌ بێ‌ كێشه‌و گرێوگۆڵه‌ بێت، به‌ڵكو وه‌ك رۆژنامه‌نووسان خۆیان ده‌ڵێن له‌چه‌ند ساڵی‌ پێشووتره‌وه‌ هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ده‌ستیان له‌گه‌ڵ ئه‌زێت دانی‌ رۆژنامه‌نووسان نه‌رمكردووه‌.

به‌پێی‌ ئه‌و ئامارانه‌ی‌ له‌ماڵپه‌ڕی‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نووسانی‌ كوردستان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ته‌نیا له‌ماوه‌ی‌ ساڵانی‌ نێوان سه‌ره‌تای‌ 2011 هه‌تا شه‌ش مانگی‌ یه‌كه‌می‌ ساڵی‌ 2016 ژماره‌ی‌ ئه‌و پێشێلكاریانه‌ی‌ لای‌ سه‌ندیكا تۆماركراون (23) حاڵه‌ت بوون كه‌ له‌نێویاندا كوشتن‌و برینداركردنیش هه‌بووه‌ " محەمەد ثابت بەرێوەبەری رادیۆی باباگورگور لە تۆری راگەیاندنی عێراقی له6ی 12ی 2016 بە دەسترێژی گوللە تیرۆر كرا ".

http://www.kurdjs.com/kurdish/

ئەگەر چاوێک بەمێژووی پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر بخشێنرێتەوە (نیسانی ٢٠٠٣ تا ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧) بەروونی هەست بە مەترسی سەر گیانی رۆژنامەنووسان دەکرێت، بەتایبەتی کە پێشێلکارییەکانی ئەو سەردەمە چیرۆکی مەترسیداری تێدایە

سۆرانی‌ مامه‌ حه‌مه‌.. ئایکۆنی ستەم لەرۆژنامەنووسان

كاتێك باسی‌ دۆخی‌ رۆژنامه‌نووسانی‌ كه‌ركوك ده‌كرێت ناكرێ‌ به‌بێ‌ ناوهێنانی‌ سۆرانی‌ مامه‌ حه‌مه‌ ئه‌و باسه‌ تێپه‌ڕ ببێت.

سۆران محەمەد ناسراو بە سۆرانی مامە حەمە پاش دەستبەكاربونی لە بواری رۆژنامەنوسیداو كاركردنی بۆ گۆڤاری لڤین وەك بەرپرسی نوسینگەی گۆڤارەكە لە كەركوك، لە نێو ماڵەكەی خۆیدا لە گەڕەكی رەشید ئاوای شاری كەركوك رۆژی ٢١ی تەمموزی ٢٠٠٨ تیرۆر دەكەن.

زۆر کەس رووداوی تیرۆرکردنەکەیان گرێدایەوە بە راپۆرتێکەوە کە 15ی حوزەیرانی 2018 بڵاوی کردەوەو تایبەت بوو بە ئاشکراکردنی تۆڕێكی لەشفرۆشی "كە چەندین بەرپرسی هێزە ئەمنییەكان تێوە گلابوون" بەتایبەتی کە بەقسەی کەسوکارەکەی پاش بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکە بە تەلەفۆن هەڕەشەی لێکرابوو.

فەرمان مامە حەمە برای سۆران دەڵێت "ئەوكاتەی تیرۆركرا لەماڵەوە نەبووم ناسیاوێكمان لە تەقینەوەیەكی كەركوكدا گیانی لەدەستدابوو لە مەیتخانەی كەركوك بووین ، هەروەها دایكیشم لە خەستەخانەی كەركوك بە دیارخوشكێكمەوە مابۆیەوە ، بەهۆی ڕۆشتنی من و  لەماڵ نەبونی دایكم، تەنها گەردەخانی خوشكم و دوو براژنم لەماڵەوە مابوونەوە".

پاش ئەوەی لە دەرگا دەدرێت و سۆرانی مامە حەمە بە پێ‌ پەتی بۆ كردنەوەی دەرگاكە دەچێتە دەرەوە، لە گەڵ كردنەوی دەرگاكەدا ڕاستەوخۆ سۆران دەدەنەبەر دەستڕێژی گولە و 7 فیشەكی پێوە دەنێن، بەهۆی پاڵەپەستۆی فیشەكە یەك لە دوای یەكەكانیشەوە سۆران بەرەو دواوەو و بۆناو باخچەكەی خۆیان دەگەڕێتەوە دواوە و دەكەوێتە سەر زەوی، لەو كاتەشدا ئەوانەی لە ژورەوەن تەنها هاواری "ئای مردم" ی سۆران دەبیستن. فەرمان دەڵێت "هەرچەندە لەو كاتەدا گەردە خانی خوشكم چەكێك هەڵدەگرێت و دەچێتە دەرەوە بەڵام بكوژەكان خێرا ناوچەكە چۆڵدەكەن، خوشكەكەم بە گریانەوە تەلەفون بۆ كردم ووتی فریامان كەوە سۆرانیان كوشت".

كاتێك سۆرانی مامە حەمە دەبەنە ناو نەخۆشخانەكەوە، دایكی سۆران كە لە نهۆمی دووەمی نەخۆشخانەكە بەدیار كچەكەیەوە دانیشتوە، تەرمەكە دەبینێت و بە كچەكەی دەڵێت"ئەبێ‌ چ گەنجێكی داماوی دیكە بێت كوشتویانەو جەرگی دایكیان سوتانداوە" پاش دەدەقەیەك دراوسێیەكیان دەچێتە سەرەو هەواڵی ئەوە بە شازادەخانی دایكی سۆران دەدات كە "جەنازی ئەو كوڕەی هێناویانە، سۆرانی كوڕیەتی".

بە ووتەی ئەفسەرێكی پلەباڵای كورد لەبەرێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركوك کە لەبەر هەستیاری بابەتەکە خۆی داوایکرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە "پیلانی شەهیدكردنەكەش بە شێوەیەك داڕێژراوە كە پێشتر بە وردی چاودێری ماڵی سۆرانی مامە حەمە كراوەو پیكابێكی سور بەردەوام بە كۆڵانەكەیاندا هاتو چۆی كردوە، بۆ شەوەكەی كاتژمێر 9، ئۆتۆمبێلێكی جۆری بی ئێم دەبلیوی ڕەش كە سێ‌ چەكداری تێدایە، دەچنە بەردەم ماڵەكەی و شەهیدی دەكەن".

پاش تێپەڕبونی 12 ساڵ بەسەر تیرۆركردنەكەی، خانەوادەی سۆران دڵنیان لەوەی كە تیمێكی تیرۆرکاری كوردی لەپشت تیرۆر كردنەوەكەوەیە، بەلام بە بیانوی نەبونی"بەڵگە" تا ئێستا تاوانباران دەستگیر نەكراون.

د.عەبدولستار تاهیر شەریف..قوربانییەک بێدەنگی لێکرا

تیرۆرکردنی د.عەبدولستار تاهیر شەریف یەکێک بوو لە دۆسێ دیارەکانی مەترسی سەر رۆژنامەنووسان لەکەرکوک، کە چەند مانگێک پێش سۆرانی مامەحەمە تیرۆر کرا.

لەماوەی ساڵانی 2004 تا 2008 چەندین دۆسیەی هەستیاری لەسەر شۆری كوردی و پەیوەندی حزبە كوردییەكان لەگەڵ حزبی بەعس هەڵدایەوە، ئەو کاتەی لە لە ٥ی ئازاری ٢٠٠٨ تیرۆر کرا کەسوکارەکەی کەیسی تیرۆرکردنەکەیان گرێدایەوە بەو دۆسێیانەوە.

ئیحسان نەجم كە پێشتر ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بووە و یەكێك لە كەسوكارانی بنەماڵەی د.عەبدولستار تاهیر شەریف دەڵێت "وەك خانەوادەكەی دكتۆر دڵنیاین بكوژانی نادۆزرێتەوە، تیرۆكردنەكەی بەرانبەر بە تیرۆركردنی سۆرانی مامە حەمە بێدەنگی لێكرا". بەشێویەکی تەمو مژاوی هێما بۆ ئەوە دەکات کە هەر یەکێ لەتیرۆرەکان لایەنێکی جیاواز کردوویەتی.

دەسەڵاتدارانی کەرکوک.. پێشێلکاری زۆر کەمن

مەروان ئیبراهیم بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندنییەكانی پارێزگای كەركوك کە خۆی لە دوای ١٦ ئۆکتۆبەرەوە ئەو پۆستەی وەرگرتووە ئەوە رەت دەکاتەوە کە پێشێلکارییەکان لەدوای ١٦ ئۆکتۆبەرەوە زیادیان کردبێت و دەڵێت 'بەشێوەیەكی فەرمی هیچ رۆژنامەنوسێكی كەركوك نوسراوێك یان سكاڵایەكی بۆ ئێمە نەهێناوە پێشێلكاری بەرانبەر كرابێت تاكو بەدواداچوونی بۆ بكەین، دواتر هەندێك ناوچە هەیە روماڵكردن تێدا قەدەغەیە ئەگەر پێشتر موڵەتی ئێمەی بۆ وەرنەگیرێت یان ئاگادار نەكرێنەوە".

دەشڵێت "لەوەتەی ئەم پۆستەمان وەرگرتووە نەمانهێشتووە رێگری یان دەستگیركردنی رۆژنامەنوسان ٢٤ كاتژمێر بخایەنێت‌و یەك حاڵەتی بەندكردنی رۆژنامەنوس بۆ ماوەی ٢٤ كاتژمێر تۆمار نەكراوە".

"پەیوەندی بە دەزگاکان خۆیانەوە هەیە"

قەیس زوبەیدی پەیامنێری كەناڵی عەهد لەكەركوك کە کەناڵەکەی سەر بە هێزە چەكدارەكانی عەسایب ئەهلی حەقە پێی وایە هەڵکشانی رێگری لەرۆژنامەنووسان پەیوەندی بەسیاسەتی کارکردنی کەناڵە کوردییەکانەوە هەیەو دەڵێ "پێشێلكارییەكان پەیوەندییەكان بە ڕوداوەكانی ١٦ ی ئۆكتۆبەرە نیە بەڵكو پەیوەندییان بە گۆڕانكاری ئاڕاستەی كاركردنی بەشێك لە میدیاكانەوە هەیە ، نمونە بەخەڵكی عەرەبی ڕەسەنی شارەكە ووتراوە بەعسییەكان عەرەبی هاوردە یان كێشەیەكی موڵكداری لە شوێنێك دەبێت راستەوخۆ دەڵێن لە كەركوك تەعریب لە كەركوك دەستیپێكردووە ئەمەش ئەبێتە ئیستفزازكردنی پێكهاتەیەكی رەسەنی شارەكە و دواتر دەزگا ئەمنییەكان كە ئەمە ئەبیستنەوە بەدڵنیاییەوە كاردانەوەیان دەبێت.”

لێدوان قەدەغە کراوە

کاتێک کەخەریکی ئامادەسازی نوسینەوەی ئەم راپۆرتە بووین، لەدەرگای زۆربەی ئەو هێزە ئەمنیانەماندا کە تۆمەتبار دەکرێن بە پێشێلکاریی بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان، بەڵام هیچ وەڵامێکمان دەست نەدەکەوت و هۆکاریشمان نەدەزانی.

دواجار وەڵامەکەمان لای فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك دەسکەوت ئەوان ووتیان ناتوانین لێدوان بدەین چونكە لێدوان لە فەرماندە سەربازییەكان قەدەغە كراوە بە بڕیاری فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق.

مێژوویەکی پڕ لەگۆڕانکاری

کە بەشوێن وردەکاری پێشێلکارییەکاندا دەچوین ئەوەمان کەوتە بەرچاو کە لەپێش ١٦ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەوە پێشێلکاری زۆر بەرامبەر رۆژنامەنووسان کراون، بەڵام لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەو بەرەچاوکردنی کورتی ماوەکە ژمارەکە زیاتر هەڵکشاوەو جیاوازی هەرەدیاریش ئەوەیە هێزە ئەمنی و سەربازییەکان زۆربەی بڕیارەکانی کەرکوک یەکلایی دەکەنەوە ئەمەش وا دەکات هەڵکشانی پێشێلکارییەکا چاوەڕوانکراو بێت.

 

سەرچاوە: رێكخراوی ئینتەرنیوز

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT