فه‌وزییه جاسم (12 ساڵ)، دوای ته‌واوكردنی ئه‌ركه‌كانی خوێندنگه، له ده‌ره‌وه‌ی خێوه‌ته‌كه‌یاندا یاری ده‌كات، وه‌ك منداڵانی دیكه‌ی كه‌مپی شاریا له پارێزگای دهۆك.
ئه‌وه‌ی فه‌وزییه له‌وانی تر جیاده‌كاته‌وه؛ یه‌كێك بووه له رفێنراوانی ئێزیدی و دوای رزگاركردنی له كه‌مپێكدا نیشته‌جێ بووه، دواتر له خانه‌یه‌كی بێسه‌رپه‌رشتان ژیاوه و جارێكی دیكه گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ كه‌مپ، به‌ڵام وازی له خوێندنه‌كه‌ی نه‌هێناوه و سه‌ركه‌وتووش بووه.
ئه‌وكاته‌ی له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا رفێنرا، له ساڵی 2014دا، فه‌وزییه ته‌مه‌نی ته‌نیا پێنج ساڵ بووه، كاتێك داعش ده‌ستی به‌سه‌ر گونده‌كه‌یاندا له قه‌زای شنگال و ناوچه‌یه‌كی فراوانی پارێزگای نه‌ینه‌وادا گرت.
سه‌رباری كه‌می ته‌مه‌نی له‌وكاته‌دا، هێشتا دیمه‌كانی ئه‌و روداوه له مێشكی‌دا ماونه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی خۆی كه به‌ئاماده‌بونی خێزانه‌كه‌ی قسه‌ی بۆ (كه‌ركوك ناو) كرد.
فه‌وزییه بیری دێته‌وه چۆن داعش به توندی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا كردووه، دوای رفاندن و گواستنه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ دایك، باوك، خوشك و براكانیدا له شنگاله‌وه بۆ شاری موسڵ.
چه‌كدارانی داعش تفیان لێده‌كردین و زۆر به خراپی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كردین
"چه‌كدارانی داعش تفیان لێده‌كردین و زۆر به خراپی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كردین، جارێكیان گواستراینه‌وه بۆ ناوچه‌یه‌كی پڕ له كه‌لاكی ئاژه‌ڵی كوژراو كه مێش و مێروی زۆری لێ كۆببۆوه، له‌كاتی تێپه‌ڕین به رێگایه‌كدا مێرویه‌ك به لوتیه‌وه دام و شوێنه‌كه‌ی ئاوسا" فه‌وزییه ده‌رباره‌ی رۆژانی رفاندنی له‌لایه‌ن داعشه‌وه وای وت.
دوای ساڵێك و هه‌شت مانگ، خاڵی فه‌وزییه توانی له به‌رانبه‌ر 22 هه‌زار دۆلاری ئه‌مریكیدا، ئه‌و و دایكی و خوشكه‌كه‌یی و برایه‌كی حه‌وت ساڵی له چه‌كدارێكی داعشی "بكڕێته‌وه"، به‌ڵام داعش به ئازادكردنی باوك و برا گه‌وره‌كه‌ی قایل نه‌بون.
رێككه‌وتنه‌كه به نێوه‌ندگیری "ئه‌بو شوجاع" بوو، له نێوان خاڵی فه‌وزییه و چه‌كدارانی داعش له سوریا، تا فه‌وزییه له‌گه‌ڵ نێوه‌ندگیره‌كه‌دا له ساڵی 2016دا گه‌یشته هه‌رێمی كوردستان.
فه‌وزییه له رفێنراوه‌وه بۆ ئاواره
دوای رزگاركردنی، فه‌وزییه له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا له كه‌مپێكدا نیشته‌جێبون، بێ باوك و برا گه‌وره‌كه‌ی، هه‌موو به‌رپرسیارێتی خێزانه‌كه‌ش كه‌وته سه‌رشانی دایكی، كه نه‌یده‌زانی چۆن جارێكی‌تر ژیان ده‌ستپێبكاته‌وه و له كوێ بژێوی منداڵه‌كانی دابینبكات.
دایكی فه‌وزییه له كه‌مپ روبه‌ڕوی مه‌ینه‌تییه‌كی دیكه بۆوه، دوای رزگاربونیان له ده‌ستی داعش، ئاواره‌ییش واقیعێكی كه‌متر نه‌بوو له رفاندن، له یه‌ككاتدا ده‌بوایه "رۆڵی دایك و باوك" ببینێت.
سه‌رباری هه‌وڵه بێ هیواكانی، دایكی نه‌یتوانی به ئاراسته‌ی بنیاتنانی ژیانێكی نوێی ئارام بۆ منداڵه‌كانی و له نێویاندا فه‌وزییه هه‌نگاو بنێت، بۆیه داوای هاوكاری له "ماڵی جڤینی خێرخوازی" كرد.
"ماڵی جڤینی خێرخوازی" دامه‌زراوه‌یه‌كی خێرخوازییه تایبه‌ت به هاوكاریكردنی منداڵانی بێ دایك و باوكی ئێزیدی و ئه‌وانه‌ی به‌هۆی هێرشه‌كانی داعشه‌وه زیانیان به‌ركه‌وتووه.
گه‌ڕانه‌وه بۆ خوێندنگه
ئه‌و ماڵه فه‌وزییه و خوشكه‌كه‌ی له خۆگرت، جگه‌له‌وه‌ش شوێنی مانه‌وه‌یان به ته‌واوی پێداویستییه‌كانی دیكه‌ی وه‌ك خۆراك و جلوبه‌رگه‌وه بۆ دابینكرد، به‌وته‌ی نه‌جوا شنگالی، فه‌رمانبه‌ری ماڵی جڤین.
فه‌وزییه له داعش و كه‌مپیش رزگاری بوو، دابینكردنی شوێنێكی نوێ بۆ مانه‌وه، ده‌رفه‌تی بۆ ره‌خساند له خوێندن دانه‌بڕێت و بۆ خوێندنگه بگه‌ڕێته‌وه.
ئه‌و ده‌ڵێت له ماڵی جڤین هه‌ستی به ئاسوده‌یی كردووه و ئه‌گه‌ر له‌وێ نه‌بوایه نه‌یده‌توانی له یه‌كه‌مه‌كانی خوێندنگه‌كه‌ی بێت.
هه‌رچه‌نده فه‌وزییه ئێستا له‌گه‌ڵ خوشكه‌كه‌یدا گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ كه‌مپ و له‌گه‌ڵ دایكیاندا ده‌ژین، به‌ڵام هه‌ر وازی له خوێندن نه‌هێنا، دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ماڵی جڤین-ـه‌وه موچه‌یه‌كی مانگانه‌یان بۆ بڕییه‌وه، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی فه‌رمانبه‌رێكی ئه‌و ماڵه بۆ (كه‌ركوك ناو).
لایه‌نی "ده‌رونی به‌هێز و ئه‌رێنی"
ئیناس هادی، پسپۆڕی ده‌رونی ده‌ڵێت سه‌رباری ئه‌و بارودۆخه خراپه‌ی فه‌وزییه پێیدا تێپه‌ڕی و ئه‌و توندوتیژییانه‌ی روبه‌ڕوی بۆته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جیای ده‌كاته‌وه "فڕێدانی رابردوی پڕ ئازار و ئه‌زمونی نه‌رێنی و گرتنه‌به‌ری رێگای دروسته".
ئه‌وه‌ی ژنانی شنگالی پێ جیاده‌كرێته‌وه لایه‌نی ده‌رونی به‌هێز و ئه‌رێنییه
ده‌رباره‌ی لایه‌نی ده‌رونی رزگاربوانیش به گشتی، ئیناس هادی به (كه‌ركوك ناو)ی وت ژنانی شنگالی "لایه‌نێكی ده‌رونی به‌هێز و ئه‌رێنی"یان هه‌یه، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا "توانییان تێكه‌ڵ به كۆمه‌ڵگه ببنه‌وه سه‌رباری ئه‌و تراژیدیایه‌ی توشی بون".
"ژنانی شنگالی باشترین نمونه‌ن بۆ ژنی به‌هێز و جێگیر له روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی بارودۆخی سه‌ختدا.. توانای خۆیان سه‌لماندووه له به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی پێیدا تێپه‌ڕیون، به زویی وه‌ڵامدانه‌وه‌یان بۆ چاره‌سه‌ر هه‌بووه و گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ باری ئاسایی" هادی وای وت.
"سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا"
"سه‌ركه‌وتن و ته‌حه‌دی بۆ رزگاربوان و ئاواره‌كان، سه‌ركه‌وتنه به‌سه‌ر داعش و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانیاندا، كه نوێنه‌رایه‌تی هیچ ئایینێك ناكه‌ن" حسێن نه‌رمۆ، په‌رله‌مانتاری عیراق له پێكهاته‌ی ئێزیدی واده‌ڵێت.
سه‌ركه‌وتن و ته‌حه‌دی بۆ رزگاربوان و ئاواره‌كان، وه‌ك سه‌ركه‌وتنه به‌سه‌ر داعش و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانیاندا
نه‌رمۆ وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك به دۆسیه‌كه‌ی فه‌وزییه به (كه‌ركوك ناو)ی وت، زۆرێك له رزگاربوان توانییان ته‌حه‌دای بارودۆخه‌كه بكه‌ن و درێژه به خوێندن بده‌ن، یه‌كێك له‌وان به‌مدواییه توانی به هه‌وڵ و توانای خۆی زانكۆی ئه‌مریكی له دهۆك ته‌واو بكات.
هه‌روه‌ها وتی گه‌ڕانه‌وه‌ی رزگاربوان بۆ ژیانی ئاسایی چه‌ندین "ته‌حه‌دی هه‌یه، پێویستی به هیوا و توانایه بۆ زاڵبون به‌سه‌ر سه‌ختییه‌كاندا، به ئامانجی تێپه‌ڕاندنی ئه‌و كاریگه‌رییه نه‌رێنییانه‌ی داعش له ده‌رونیاندا به‌جێیهێشت".
دوای تێپه‌ڕینی زیاتر له شه‌ش ساڵ به‌سه‌ر رفاندنی خێزانه‌كه‌ی فه‌وزییه‌دا، هێشتا باوكی ئه‌و منداڵه و برا گه‌وره‌كه‌ی چاره‌نوسیان نادیاره، سه‌رباری سه‌ختی زۆریش، به‌ڵام فه‌وزییه درێژه‌دان به خوێندنه‌كه‌ی به سه‌ركه‌وتن له‌م ژیانه‌دا ده‌زانێت.