كەمپی جدعە لە نەینەوا دادەخرێت... 950 خێزانی داعش لێی نیشتەجێن

نەینەوا/ 11ی شوباتی 2021/ سەردانێكی ئیڤان فائق، وه‌زیری کۆچ و کۆچبه‌رانی عیراق بۆ كەمپی ئاوارەكانی جدعە. فۆتۆ: راگەیاندنی وەزارەت

عەمار عەزیز – نەینەوا

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق بڕیاریدا لە چەند رۆژی داهاتودا كەمپی جدعە لە پارێزگای نەینەوا بە تەواوی دابخات، كەمپەكە هەزار و 300 خێزان لە خۆدەگرێت، لەو ژمارەیە 950یان خێزانی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق/شام ناسراو بە (داعش)ن.

ئەو بڕیارە دوای سەردانێكی ئیڤان فائق، وه‌زیری کۆچ و کۆچبه‌رانی عیراق هات بۆ پارێزگای نەینەوا لە 11ی شوبات و كۆبونەوەی لەگەڵ نەجم جبوری پارێزگار و لێپرسراوانی ئەمنیی و ئیداری موسڵ و ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران.

عه‌لی عومه‌ر گه‌عبۆ، جێگری پارێزگاری نەینەوا بۆ کارۆباری ئاواره‌کان و رێکخراوه‌کان به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت "لە كۆبونەوەكەدا وەزیری كۆچ و كۆچبەران و پارێزگاری نەینەوا رێككەوتن كەمپی جدعە لەچەند رۆژی داهاتودا بە تەواوی دابخرێت و ئه‌و ئاوارانه‌ی له‌ناو که‌مپه‌که‌دا ده‌ژین بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناوچه‌کانی خۆیان".

"من وەكو جێگری پارێزگار دژی داخستنی که‌مپی جدعه‌م، لەمكاتەدا داخستنی كەمپەكە بەهۆی بونی خێزانی داعش تیایدا بە مەترسی دەزانم، به‌ڵام ئه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئێمەدا نییە و بڕیارەكە دەرچووە"، عەلی عومەر وایوت.

لەمكاتەدا داخستنی كەمپەكە بەهۆی بونی خێزانی داعش تیایدا بە مەترسی دەزانم

له‌ ناوه‌ڕاستی 2014 بەدواوە، حكومەتی عیراق 15 كەمپی بۆ ئاوارەكانی شەڕی داعش لە سنوری پارێزگای نەینەوا دروستكرد، تا كۆتایی ساڵی رابردوو  14 لەو كەمپانە داخران و تەنیا كەمپی جدعە مایەوە.

jd3aa

نەینەوا/ 11ی شوباتی 2021/ دیمەنێك لە كەمپی ئاوارەكانی جدعە. فۆتۆ: راگەیاندنی وەزارەت

دانەخستنی كەمپەكە لە ماوەكانی رابردودا، بەهۆی بونی 950 خێزانی داعشەوە بوو لە كۆی هەزار و 300 خێزانی نێو كەمپەكە.

حسێن حه‌سه‌ن نه‌رمو، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ لیژنه‌ی کۆچ و کۆچبه‌ران و بەشداربوی كۆبونەوەكەی 11ی شوبات لە موسڵ، بە (كەركوك ناو)ی وت "داخستنی که‌مپه‌کان به‌رنامه‌ی حکومه‌تی عیراقه،‌ ئه‌وان ده‌یانه‌وێت ئه‌مساڵ کۆتایی به‌ مه‌له‌فی ئاواره‌کان بهێنن و هه‌موو که‌مپه‌کان دابخه‌ن".

لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو سەدان خێزانەی داعش دوای داخستنی كەمپی جدعە، حسێن حەسه‌ن وتی "به‌رنامه‌یه‌کی باش له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌کانه‌وه‌ دانراوه‌، بۆ چاودێریكردنی ئەو خێزانانە لەو ناوچانەی خۆیان كە دوای بە جێهێشتنی كەمپەكە لێی نیشتەجێ دەبن"، زیاتر وتی "بەپێی بەرنامەكە پێموایە دەتوانن بە باشی چاودێرییان بكەن و لەژێر كۆنترۆڵدا بن، باوڕناكەم ببنە جێی مەترسی"، ئەو پەرلەمانتارە زانیاریی زیاتری نەدركاند لەبارەی چۆنیەتی چاودێریكردنیان.

كەمپی جدعە ده‌كه‌وێته‌ سنوری ناحیه‌ی گه‌یاره‌ لە باشوری پارێزگای نەینەوا.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT