خوێندن دەبێت بە ئۆنلاین
عیراق: قەدەغەی هاتوچۆ بۆ دوو هەفتە راگەیەنرا

كه‌ركوك، ئاداری 2020، هه‌ڵمه‌تی پاككردنه‌وه‌ و ده‌رمانڕشتن له‌ مزگه‌وت و شوێنه‌ ئاینییه‌كان بۆ خۆپارێزی له‌ كۆرۆنا فۆتۆ: راگه‌یاندنی ئیداره‌ی كه‌ركوك

كەركوك ناو

لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتیمانی لە عیراق، بڕیاریدا قەدەغەی هاتوچۆی شەوانە لە كاتژمێر 8ی شەو بۆ 5ی بەیانی رابگەیەنێت، ئەوەش بەهۆی بەرزبونەوەی حاڵەتەكانی توشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عیراق.

ئەو لیژنەیە، دوای كۆبونەوەیەكی بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، كە ئەمڕۆ شەممە 13ی شوبات بەڕێوەچوو، كۆمەڵێك بڕیاری نوێی دەركرد لەبارەی خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا و تەواوی بڕیارەكانیش لە 18ی شوباتەوە دەچنە بواری جێبەجێكردنەوە.

بەپێی راگەیەنراوێكی كۆبونەوەكە، لە 18ی مانگەوە قەدەغەی هاتوچۆ لە تەواوی پارێزگاكانی عیراق – جگە لە هەرێمی كوردستان- لە كاتژمێر 8ی شەو تا 5ی بەیانی رادەگەیەنرێت، ئەوەش بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوادەبێت.

قەدەغەی هاتوچۆ، هەریەكە لە كەرتی تەندروستی، فەرمانگە ئەمنی، ئیداریی و خزمەتگوزارییەكان ناگرێتەوە، لەگەڵ بازاڕەكانی سەوز و میوە فرۆشتن.

هەروەها خوێندن لە تەواوی قوتابخانە، پەیمانگە و زانكۆكان دەبن بە ئۆنلاین، جگە لە قۆناغە كۆتاكان و خوێندكارانی كۆلێژی پزیشكی نەبێت.

لە راگەیەنراوەكەدا بڕیاردراوە بە داخستنی تەواوی مزگەوت، حوسەینییە و شوێنە پیرۆزەكان، تەنیا بۆ بانگدان نەبێت. لەگەڵ قەدەغەكردنی هەر كۆبونەوە، پرسە و ئاهەنگێك و داخستنی تەواوی هۆڵەكان.

 لیژنەكە بڕیاریداوە بە سزادانی ئەوانەی پابەندی بڕیارەكانیان نابن بە بڕی پێنج ملیۆن دینار.

لەبارەی ئەو بڕیارانەوە، لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتیمانی لە عیراق، لە راگەیەنراوەكەیدا رونیكردۆتەوە "ئاماره‌كانی رۆژانی پێشوی كۆرۆنا ئاماژه‌یه‌كن كه‌ شه‌پۆلی دووه‌می كۆرۆنا له‌ شه‌پۆلی یه‌كه‌م زۆر توندتر ده‌بێت".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT