لوقا حەبیب کچە هەرزەکارێکی گوندنشینە و شەوی ڤالانتاین لە پشت ماڵی خۆیان قسە لەگەڵ خۆشەویستەكەیدا دەکات. برای کچە بە ژوانەکە دەزانێت و هەر دوو خۆشەویستەکە دەداتە بەر دەستڕێژی گولـلە؛ بە سێ فیشەك كۆتایی بە ژیانی لوقا دەهێنێت و کوڕەکەش قۆڵبەست دەکات.
روداوەكە كاتژمێر 8:30ی شەوی رابردوو 13ی شوبات لە گوندی ئوم حونتەی ناحیەی جەلەولا رویدا.
كەسوكاری لوقا (16ساڵ) بەرلەوەی بە خاكی بسپێرن، پشكنینی كچێنییان بۆ كرد، ئەنجامی پشكنینەكە رەنگە "كارئاسان"ی بكات بۆ ئەوەی لە سوڵحێكی عەشایەرییدا كۆتایی بەو كێشەیە بهێنرێت.
ساڵح محەمەد، خزمی نزیکى کچە کوژراوەکە و خەڵكی هەمان گوند، بە (كەركوك ناو)ی وت "ماڵى شێخ حەبیب شەوی رابردوو كچەكەی خۆیان كوشت... ئەو كوڕەی شەوی رابردوو لەگەڵ كچەكەیان بینراوە، ماوەیەكی زۆرە دەهاتە داوای لوقا و دەیویست هاوسەرگیری بكەن، بەڵام برا و باوكی كچەكە نەیانهێشتووە".
بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو) كە لە خەڵكی گوندەكەوە وەریگرتووە، باوك و براكانی كچەكە، چەند جارێك فشاریان لە لوقا كردووە تا شوو بە ئامۆزاكەی خۆی بكات، بەڵام كچەكە رەتیكردۆتەوە و سور بووە لەسەر ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ خۆشەویستەكەی بكات، كە خەڵكی هەمان گوندە و خزمی یەكن.
"ئەو كوڕ و كچە یەكتریان خۆشدەویست، كچەكە دەیویست تەنیا شوو بەو بكات... شەوی رابردوو لە پشتی ماڵی كچەكە یەكتریان بینیوە و قسەیان كردووە، لەوكاتەدا برایەكی كچەكە پێی زانیون و تەقەی كردووە و هەر لەوێ كچەكە فیشەكی بەركەوتووە و كوژراوە"، ساڵح محەمەد كە ئێستا لەگەڵ ژمارەیەك لە خەڵكی گوندی ئوم حونتە هەوڵی سوڵحی عەشایەری دەدەن، وای بە (كەركوك ناو) وت.
ئەو كوڕ و كچە یەكتریان خۆشدەویست، كچەكە دەیویست تەنیا شوو بەو بكات
هەر لەوێ باوك و براكانی كچەكە، كوڕەكەیان گرتووە و قۆڵبەستیان كردووە، بەڵام كاتژمێر 10ی شەو ئازادیان كردووە، ساڵح محەمەد لەبارەی ئازادكردنی كوڕەكە هیچ زانیارییەكی نەدركاند.
تا كاتژمێر 10:30ی شەو، باوك و براكانی لوقا، رێگەیان نەداوە تەرمەكە بەخاكبسپێردرێت، تا ساڵح محەمەد درەنگانی شەو تەرمی كچەكەی بۆ نەخۆشخانەی جەلەولا و لەوێوە بۆ بەعقوبە – مەڵبەندی پارێزگای دیالە - بردووە، تا پشكنینی پەردەی كچێنی بۆ بكەن.
ساڵح محەمەد وتی "راپۆرتی پزیشكی دادوەریم لایە و دەریدەخات كە لوقا پاكە و پەردەی كچێنی لەدەستنەداوە، منیش بە كەفیلیی و بە شایەتی زەویی و ئاسمان لای شێخە گەورەمان شایەتی دەدەم كە ئەو كچ بووە و پەردەی كچێنی مابوو، بۆیە هەر ئەوەم بە شێخی ناوچەكە و خەڵكی گوند گەیاند".
گوندی ئوم حونتە سەر بە ناحیەی جەلەولایە لە قەزای خانەقین، نزیكەی 500 خێزان لێی نیشتەجێن و خزم و كەسوكاری یەكترن. لەو ناوچەیەدا بڕیاری شێخ و سەرۆك هۆزەكان لە هەندێك كێشەی كۆمەڵایەتیدا لەسەروی بڕیاری دادگاوەیە.
ناحیهی جهلهولا؛ سهر بهقهزای خانهقینه لهپارێزگای دیاله و ناوچهی جێناكۆكه بهپێی دهستوری عیراق، دانیشتوانهكهی له عهرهب، كورد و توركمان پێكهاتون.
پۆلیسی جەلەولا بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە 14ی شوبات، خۆشەویستی كچە و برای کچەکەیان دەستگیركردووە.
سەرچاوەیەك لە هێزە ئەمنییەكانی جەلەولا كە لەبەر هەستیاریی بابەتەكە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەپێی لێكۆڵینەوەكانی ئێمە، ئەو كچ و كوڕە خۆشەویستی یەكتربون، بەڵام رێگریی هەبووە لەوەی هاوسەرگیری بكەن، رێگرییەكەش زیاتر باوكی كچەكە بووە... كەسوكاری ویستویانە شوو بە ئامۆزای خۆی بكات".
كەسوكاری ویستویانە شوو بە ئامۆزای خۆی بكات
"كوڕەكە چەند جارێك چۆتە داوای كچەكە و كۆڵی نەداوە، تا شەوی رابردوو كاتێك پێكەوە قسەیان كردووە، برایەكی كچەكە كە تەمەنی 17 ساڵە، سێ فیشەكی بە كچەكەوە ناوە و كوشتویەتی، كوڕەكەشیان دەستگیركردووە و دواتر ئازادیان كردووە"، سەرچاوەكە وایوت.
ئەو سەرچاوەیە جەختیشیكردەوە كە هەوڵێكی فراوان هەیە لەلایەن شێخەكانی ناوچەكەوە بۆ ئەوەی بەزوترین كات بە سوڵحی عەشایەری كۆتایی بە كێشەكە بهێنن. "لەم ناوچەیە شێخەكان دەسەڵاتێكی فراوانیان هەیە لەناو خزم و كەسوكار و گوێڕایەڵییان دەكەن".
ساڵح محەمەد، لەبارەی هەوڵەكان بۆ سوڵحی عەشایەری، وتی "كەسوكاری كچەكە سكاڵایان نەكردووە، چونکە بۆ ئەو كێشانە كە پەیوەندی بە شەرەفەوە هەیە، دۆسییەكان نابەنە دادگا و دەڵێن ئەگەر بە یاساش سزابدرێت، ئێمە خۆمان حەقی خۆمان دەكەینەوە".
وتیشی "هەوڵ هەیە چارەسەری ئەو كێشەیە نەكەوێتە بەیانیی و بە سوڵح و بە ئامادەبونی شێخەكانی ناوچەكە كۆتایی پێبێت".
تەرمی ئەو كچە هەر لە رۆژی ڤالانتایندا، كاتژمێر 1:30ی خولەكی نیوەڕۆی ئەمڕۆ دوای وەرگرتنی رەزامەندی باوكی، لە مزگەوتی گوندەكە نوێژی لەسەر كرا و دواتر بەخاكسپێردا، بەبێ دانانی پرسە.
بەپێی ئامارێكی ناڕەسمی كە ماڵپەڕی (كەركوك ناو) لە چەند رێكخراوێكی ناوخۆیی دیالەوە دەستیكەوتووە، تەنیا لە ساڵی 2020دا زیاتر لە 120 كەیسی توندوتیژی دژ بە ژنان لە ناحیەی جەلەولا تۆماركراون، لە نێویاندا كەیسی "شەرەف".
ئەمەل فوئاد، چالاکوانی ژنان لە خانەقین، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو كەیسانە كەم نین كە كە ژنان و كچان لەسەر شەرەف دەكوژرێن و دواتر سەرۆك عەشیرەتەكان سوڵحی عەشایەری بۆ دەكەن، لەو سوڵحانە هەمیشە ژنان قوربانین".
"ئەوە چارەسەرێكی دادپەروەر نییە و هەر خۆی توندوتیژییەكی ترە بەرامبەر بە ژنان... پێویستە یاسا لەم كەیسانەدا بڕیار بدات و بكەران سزاى یاسایی وەربگرن، نەوەك شێخ و سەرۆك هۆزەكان بڕیار بدەن"، ئەمەل وایوت.