عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی عیراق بە سەردانێكی رانەگەیەنراو گەیشتە پارێزگای كەركوك و لە دوو كۆبونەوەی جیادا لە داقوق و كەركوك، باسی "پلانی نوێی روبەڕوبونەوەی چەكدارانی داعش"ی كردووە.
غانمی، بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 15ی شوبات گەیشتە بارەگای لیوای 20ی پۆلیسی فیدراڵی لە باشوری داقوق، دواتر لە شاری كەركوك لەگەڵ فەرماندەیی فرقەی 5ی پۆلیسی فیدراڵی كۆبۆوە.
بەپێی سەرچاوەیەكی ئەمنی لە قەزای داقوق، لە كۆبونەوەكاندا باسی پلانی نوێی ئەمنی كردووە بۆ روبەڕوبونەوەی چەكدارانی داعش لە ناوچەكە، سەرچاوەكە وتی "ئامانج لە سەردانەكە بۆ چۆنیەتی كەمكردنەوە و بنبڕكردنی مەترسییەكانی چەكدارانی داعشە بۆ سەر پۆلیسی فیدراڵیی و خەڵكی ناوچەكەش"، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەكی تر بدركێنێت.
سەردانەكە هاوكات بوو لەگەڵ دوو هێرشی "چەكدارانی داعش"، بۆ سەر بارەگا و خاڵی پشكنینی پۆلیسی فیدراڵی لە سنوری قەزای داقوق 44كم باشوری كەركوك لە مانگی شوباتدا.
شەوی 5ی شوباتی 2021، ژمارهیهک چهکدار که بهوتهی هێزە ئەمنییەكان "داعش بون"، هێرشیانکرده سهر گوندهکانی جوبغان و مهتیق له باشوری قهزای داقوق كە چەند خاڵێكی سەربازی پۆلیسی فیدراڵی لێیە، بهوهۆیهوه روبهڕوبونهوه رویدا و لهو پێکدادانهدا پۆلیسێكی فیدراڵی كوژرا و دووانی تر برینداربون.
شەش رۆژ دوای ئەو روداوە و لە 11ی شوبات، بە هەمان شێوە لە گوندی عەرەب كۆی لە باشوری داقوق، ژمارەیەك چەكدار هێرشیانكردە سەر خاڵێكی سەربازی پۆلیسی فیدراڵی و لە روبەڕوبونەوەدا دوو پۆلیسی فیدراڵی كوژران و دووانی تر برینداربون.
پۆلیسی فیدراڵی یەكەیەكی سەربازی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عیراقە و لە چەند ناوچەیەكی دەروبەری پارێزگای كەركوك بونیان هەیە و بەشداربن لە بەڕێوەبردنی دۆسییەی ئەمنی كەركوك لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی ئەو پارێزگایە.