هێرشی موشەكی بۆ سەر هەولێر
كوژراوێك و هەشت بریندار

هەولێر/15ی شوباتی 2021/ شوێنەواری موشەكێك كە بەر بینایەكی بازرگانی كەوتووە. فۆتۆ: رووداو

كەركوك ناو

لە هێرشە موشەكییەكانی شەوی رابردوو بۆ سەر شاری هەولێر، بەڵێندەرێك كە لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان كاری كردووە كوژراوە، هاوكات هەشت كەسی تر برینداربون. حكومەتی هەرێم و عیراق تائێستا بە رەسمی هیچ لایەنێكیان بەو هێرشانە تۆمەتبار نەكردووە، بەڵام لیژنەی لێكۆینەوەیان بۆ ئەو مەبەستە پێكهێناوە.

نزیكەی كاتژمێر 10ی شەوی رابردوو، چەند موشەكێك ئاراستەی شاری هەولێر كران، لە نێویاندا ناوەندی شار، نزیك هێزەكانی هاوپەیمانانان لە باكوری هەولێر و نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، بەپێی وتەبێژی هێزەكانی هاوپەیمانان، بەڵێندەرێك كە لەگەڵ هێزەكانیان كاری كردووە كوژراوە، هەروەها پێنج بەڵێندەری تریش برینداربون، لەگەڵ برینداربونی سەربازێكی ئەمریكی لەو هێرشانە.

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە راگەیەنراوێكیدا درەنگانێكی شەوی رابردوو، بڵاویكردەوە كە دوو كەسی مەدەنیش كە لە مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر كاریان كردووە برینداربون.

لە ناوەندی شاری هەولێر سێ موشەك كەوتونەتەوە، زیانی گیانی نەبووە، تەنیا زیانی مادیی بەر بینا و ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان كەوتووە.

مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشە موشەکییەکانەوە، لە راگەیەنراوێكیدا كە لە تویتەر بڵاویكردەوە، لەپاڵ ئیدانەكردنی ئەو هێرشانە، داوای لە خەڵكی کوردستان کرد "ئارام بن و هێزه‌ ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیەکی وردیان ده‌ستپێكردووه".

جەختیشیكردەوە كە له‌گه‌ڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراقدا له‌ په‌یوه‌ندیدایە بۆ "هاوئاهەنگیی پێویست بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌".

mushakkk

 هەولێر/15ی شوباتی 2021/ ئەم وێنەیە لەلایەن دژە تیرۆری كوردستانەوە بڵاوكراوەتەوە گوایا ئەو ئۆتۆمبێلەیە كە موشەكەكانی ئاراستەی هەولێر كردووە. (كەركوك ناو)، نەیتوانی راستی ئەم زانیارییانە پشتڕاست بكاتەوە.

ئەوەش هاوكات بوو لەگەڵ بڕیاری مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراق بۆ پێكهێنانی لیژنەیەك لە لایەنە تایبەتمەندەکانی هەرێمی کوردستانی عیراق "بۆ ئەوەی ئەو لایەنە بناسرێتەوە کە لە پشتی هێرشە موشەکییەکانی سەر فڕۆکەخانەی هەولێرەوە بون".

هێرشەكان بۆ سەر هەولێر و هێزەكانی هاوپەیمانان هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامی كۆبونەوەكانی هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و عیراق لەبارەی بودجەی 2021ی عیراق و پشكی هەرێم، هەروەها پرسی نەوت و خاڵە سنورییەكان. كە لەئێستادا وەفدێكی هەرێم بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هەمان مەبەست لە بەغدایە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 16ی شوبات، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ ئەو مەبەستە لەڕێی تەلەفونەوە گفتوگۆی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا كردووە.

لە دوایان پێشهاتدا دژەتیرۆری کوردستان، چەند وێنەیەكی بڵاوكردۆتەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە كە دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانان توانیویانە ئەو ئۆتۆمبێلە بدۆزنەوە کە موشەکەکانی ئاراستەی هەولێر كردووە، بەبێ ئەوەی زانیاریی زیاتر بڵاوبكەنەوە، تەنیا جەختكراوەتەوە لەوەی "دوای کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکان زانیاریی زیاتر دەخەینەڕوو".

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT