تەواوی بازگەكانی پارێزگای كەركوك دادەخرێن
لەناو شار قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی رادەگەیەنرێت

كه‌ركوك، 2020، بازگه‌یه‌كی كاتی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ناوشاردا بۆ جێبه‌جێكردنی رێكاره‌كانی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و خۆپارێزی له‌ كۆرۆنا فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كەركوك ناو

شانەی قەیران لە كەركوك بڕیاریدا بە داخستنی تەواوی بازگەكانی كەركوك بەڕوی پارێزگاكانی تری عیراق و هەرێمی كوردستان، ئەوەش لە چوارچێوەی پلانی نوێی شانەكە بۆ روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا.

ئەو بڕیارە لە كۆبونەوەیەكیاندا هاتووە، كە ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی شوبات لە بینای پارێزگای كەركوك بەڕێوەچوو، تیایدا كۆمەڵێك بڕیاری نوێیان دەركرد.

گرنگترین خاڵی بڕیارەكە، كە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا خرایەڕوو، داخستنی تەواوی بازگەكانی كەركوكە  بەرەو روی پارێزگاكانی تری عیراق و هەرێمی كوردستان، جگە لە حاڵەتی "زۆر پێویست"دا نەبێت، ئەوەش تەنیا بۆ هاتوچۆی هێزە ئەمنییەكان و كەرتی تەندروستیی و گواستنەوەی نەخۆش و حاڵەتی كتوپڕ.

بڕیارەكە لە كاتژمێر 8ی شەوی هەینی 19ی شوباتەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، تاوەكو كاتژمێر پێنجی بەیانی یەكشەممە 21ی شوبات، ئەوەش لە چوارچێوەی رێنمایی و بڕیارەكانیان بۆ خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

هەورەها لەناو شاری كەركوك قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی دەبێت، تا دووشەممە, جگە لە دەرمانخانە، دوكانی سەوزە و میوە و دەوامی فەرمانگە ئەمنیی و تەندروستی و خزمەتگوزارییەكانی تر.

ئەو بڕیارانە دوای ئەوە هات كە حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستی عیراق رۆژی دووشەممە 15ی شوبات، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە بەغدا، جەختیكردەوە لە تۆماركردنی چەند حاڵەتێكی كۆرۆنای نوێ لە عیراق.

بەپێی وتەی وەزیری تەندروستی حاڵەتەكان لە نێو منداڵاندا تۆماركراون، دوای ئەوەی ئەنجامی چەند پشكنینێكیان بۆ گەڕاوەتەوە. هەروەها داوای لە هاوڵاتیانی عیراق كرد پابەندی رێنماییە تەندروستییەكان بن بۆ خۆپارێزیی و وتی "ئەم جۆرەیان بە خێرایی لە نێو هاوڵاتیاندا بڵاودەبێتەوە".

شەممەی رابردوو 13ی شوبات، لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتیمانی لە عیراق، بڕیاریدا لە 18ی شوباتەوە قەدەغەی هاتوچۆی شەوانە لە كاتژمێر 8ی شەو بۆ 5ی بەیانی رابگەیەنێت، ئەوەش بەهۆی بەرزبونەوەی حاڵەتەكانی توشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ دوو ئەوەندەی پێشوو لە رۆژێكدا.

شانەی قەیران لە كەركوك بڵاویكردەوە كە بریار و رێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستیش وەكو خۆی لە سبەی پێنجشەممە 18ی شوباتەوە جێبەجێدەكرێت، لەگەڵ تەواوی رێنمایی و بڕیارەكانی تری وەزارەت، لەوانە خوێندن لە تەواوی قوتابخانە، پەیمانگە و زانكۆكان دەبن بە ئۆنلاین، جگە لە قۆناغە كۆتاكان و خوێندكارانی كۆلێژی پزیشكی نەبێت.

هەروەها داخستنی تەواوی مزگەوت، حوسەینییە و شوێنە پیرۆزەكان، تەنیا بۆ بانگدان نەبێت. لەگەڵ قەدەغەكردنی هەر كۆبونەوە، پرسە و ئاهەنگێك و داخستنی تەواوی هۆڵەكان.

 

 

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT