پیاوێک و سێ منداڵی بەهۆی كەوتنەوەی ئاگر گیانیانلەدەستدا، ئاگرەكە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە (17ی شوبات) لە کەمپی ئاوارەکانی بیرسیڤ-2 لە پارێزگای دهۆک كەوتەوە.
ئەمیر عەلی، لێپرسراوی راگەیاندنی نەخۆشخانەی زاخۆ بە (کەرکوک ناو)ی وت "بەهۆی روداوەکە چوار کەس کە ئەندامی یەک خێزان بون گیانیانلەدەستدا، هاوکات دوو کەسی تر لەهەمان خێزان برینداربون".
ئەو كەمپە دەكەوێتە سنوری قەزای زاخۆ لە پارێزگای دهۆك و ئەو ئاوارانەی تیایدا نیشتەجێن لە پێكهاتەی ئایینی ئێزیدین.
بارزان شاقو، شایەتحاڵێکی روداوەکە، بە (کەرکوک ناو)ی وت "ئاگرەکە لەدوای سەعات 1:30ی شەو دەستیپێکرد، وەک دراوسێیەکان دەڵێن بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە". وتیشی ئاگرەکە لە خێوەتی خێزانێکی ئاوارە کەوتەوە کە لە باوک، دایک و چوار منداڵ پێکهاتبون.
شایەتحاڵەکە ئاماژەی بەوەدا "ئافرەتەکە لەترسا رایکردۆتەوە دەرەوە بۆ ئەوەی داوای یارمەتی لە خەڵك بکات، بەڵام بەداخەوە ئاگرەکە زیاتر تەشەنەی سەندوە و نەیتوانی بگەڕێتەوە تا منداڵەکانی رزگار بکات".
رونیشیکردەوە کە "خالد ئەلیاس (باوکی منداڵەکان) هەوڵیداوە خێزانەکەی رزگار بکات بەڵام ستونێکی ئاسنینی خێوەتەکە کەوتوە بەسەریدا و نەیتوانیوە نەخۆیی و نە منداڵەکانی رزگار بکات".
لە ئێستادا دایکەکە و یەکێک لە منداڵەکان کە لە روداوەکە رزگاریان بووە، گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی سوتاوی لە دهۆک.