نه‌وزاد 50 مه‌ترێك له بازگه هاوبه‌شه‌كه‌ی پۆلیس دورده‌كه‌وێته‌وه، سندوقی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی ده‌كاته‌وه و ده‌به‌یه‌ك به‌نزین ده‌رده‌كات، هه‌ر له‌وێ، به‌نزینه‌كه به خۆیی و ئۆتۆمبێله‌كه‌یدا ده‌ڕێژێت، ده‌چێته‌وه سه‌ر كوشنی شۆفێر و ئیتر كڵپه‌ی ئاگر به‌رزده‌بێته‌وه.
ئه‌و روداوه‌كه ئه‌مڕۆ هه‌ینی 19ی شوباتی 2021 بووه، ته‌نیا چه‌ند خوله‌كێك دوای ده‌مه‌قاڵی نه‌وزاد له‌گه‌ڵ ئه‌و پۆلیسانه‌ی له بازگه‌یه‌كی كاتی ناوشاری كه‌ركوك وه‌ستاون.
پۆلیسی هاتوچۆی بازگه‌كه به پاساوی شكاندنی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ، مۆڵه‌تی شۆفێری و ساڵانه‌ی ئۆتۆمبێل له نه‌وزاد وه‌رده‌گرن، پسوڵه‌یه‌كی غه‌رامه‌ی 100 هه‌زار دیناریشی بۆ ده‌كه‌ن.
نه‌وزاد قاسم (38 ساڵ) به‌و غه‌رامه‌یه قایل نییه، چونكه ده‌ڵێت به ناچاری له قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆدا چۆته ده‌ره‌وه و ده‌یه‌وێت بۆ چاره‌سه‌ر سه‌ردانی نه‌خۆشخانه بكات، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی شایه‌تحاڵ و برایه‌كی قوربانییه‌كه، به‌ڵام پۆلیسی هاتوچۆ قسه‌یه‌كی دیكه ده‌كه‌ن.
نه‌وزاد ویستویه‌تی بۆ چاره‌سه‌ر بچێته نه‌خۆشخانه به‌ڵام له بازگهیهكدا غه‌رامه كراوه
روداوه‌كه هاوكات بوو له‌گه‌ل قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی گشتی و ته‌واوه‌تی له شاری كه‌ركوك و چه‌ند پارێزگایه‌كی دیكه‌ی، به بڕیاری حكومه‌تی ناوه‌ندی و ئیداره‌ی پارێزگا، به ئامانجی خۆپارێزی له نه‌وه‌ی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا.
"دوێنێ له كاره‌كه‌ی زۆر هیلاك بووه، ویستویه‌تی بۆ چاره‌سه‌ری ئازاری قاچه‌كانی بچێته نه‌خۆشخانه‌ی كۆماری، له بازگهیهكدا راگیراوه و وتویانه قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆیه بۆ له ده‌ره‌وه‌ی، ئه‌ویش وتویه‌تی نه‌خۆشه، به‌ڵام بازگه‌كه گوێیان لێنه‌گرتووه و یه‌كسه‌ر ساڵانه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌یان لێوه‌رگرتووه، كاتێكیش بۆته ده‌نگه‌ده‌نگیان، به 100 هه‌زار دینار غه‌رامه‌یان كردووه" محه‌مه‌د قاسم، برای نه‌وزاد بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.
نه‌وزاد خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ته، هه‌ردوو قاچی نییه و قاچی ده‌ستكرد به‌كارده‌هێنێت، باوكی پێنج منداڵه و رۆژانه له چێشتخانه‌یه‌كی شاری كه‌ركوك كارده‌كات.
"دوای نوسینی غه‌رامه‌كه، نه‌وزاد وتویه‌تی ژماره‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌تان به هه‌ڵه نوسیوه، دوباره ده‌مه‌قاڵی دروستبووه، ئیتر نه‌وزاد بازگه‌كه‌ی به‌جێهێشتووه".
ڤیدیۆ: ئۆتۆمبێله‌كه‌ی نه‌وزاد قاسم دوای كوژاندنه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌ی له‌لایه‌ن تیمه‌كانی به‌رگری شارستانییه‌وه / كه‌ركوك ناو
ئه‌و بازگه‌یه له نزیكی پردی شه‌هیدانی ناوبازاڕی شاری كه‌ركوك بووه، پۆلیسی هاتوچۆ و فریاكه‌وتنی تێدا جێگیربون بۆ سه‌پاندنی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ.
وه‌ك محه‌مه‌دی برای نه‌وزاد ده‌ڵێت "نه‌وزاد كه‌مێك دوركه‌وتۆته‌وه و ده‌به‌یه‌ك به‌نزینی به خۆیی و ئۆتۆمبێله‌كه‌یدا كردووه و ئاگری له خۆی به‌رداوه، دواتر خه‌ڵك فریای كه‌وتون".
له‌و روداوه‌دا، نه‌وزاد به‌شێكی جه‌سته و قاچه ده‌ستكرده‌كانی ده‌سوتێن، تا له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه له‌ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌ی ده‌هێنرێته ده‌ره‌وه و ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه ده‌كرێت، ئێستا له‌ژێر چاودێری پزیشكیدایه و زیانی زۆریش به‌ر ئۆتۆمبێله‌كه تاكسییه‌كه‌ی كه‌وتووه.
شایه‌تحاڵێكی روداوه‌كه، كه داوایكرد ناوی بڵاونه‌كرێته‌وه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "كاتژمێر 12:30 خوله‌كی نیوه‌ڕۆ بوو، ئه‌و ئۆتۆمبێله تاكسییه له به‌رده‌می مندا وه‌ستا و ده‌به‌یه‌ك به‌نزینی له سندوقه‌كه ده‌رهێنا، به‌نزینه‌كه‌ی به‌خۆیی و ئۆتۆمبێله‌كه‌یدا كرد و ئاگری له خۆی به‌ردا".
"من و چه‌ند كه‌سێكی تر ده‌ستبه‌جێ له‌ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌دا ده‌رمانهێنا و نه‌مانهێشت بسوتێت، تا پۆلیس و كارمه‌ندانی بازگه‌كه كه نزیكبون، فریامانكهوتن".
ئه‌و هاوڵاتییه كاتێك له بازگه‌كه پرسیاری لێكراوه نه‌یوتووه نه‌خۆشه یان خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ته
روداوه‌كه‌ی كاردانه‌وه‌ی زۆری له كه‌ركوك لێكهوتهوه و سه‌عید حه‌ربییه، فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی پارێزگاگه لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ی پێكهێنا.
عه‌مید محه‌مه‌د ئیسماعیل عه‌لی، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هاتوچۆی كه‌ركوك به (كه‌ركوك ناو)ی وت "هێزه‌كانمان له‌كاتی ئه‌ركدا هاوڵاتییه‌كیان راگرتووه له‌به‌رئه‌وه‌ی له قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆدا له ده‌ره‌وه بوو، پرسیاری لێكراوه و ئه‌ویش نه‌یوتووه نه‌خۆشه یان خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ته، بۆیه غه‌رامه‌ی بۆ كراوه".
به‌پێی رێكاره‌كانی حكومه‌تی ناوه‌ندی غه‌رامه و سزای دارایی شكاندنی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و نه‌به‌ستنی ده‌مامك له 25 تا 100 هه‌زار دینار به‌پێی جۆری پێشێلكارییهكه.
به‌وته‌ی عه‌مید محه‌مه‌د، دوای ئه‌وه‌ی پسوڵه‌ی غه‌رامه بۆ ئه‌و هاوڵاتییه كراوه، "به‌هۆكاری نه‌خۆشی ده‌رونی ئاگری له خۆی به‌رداوه".
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه له سه‌ره‌تای كاره‌كانیدایه و هێشتا هیچ ده‌ره‌نجامێكی ئاشكرانه‌كردووه.
محه‌مه‌د قاسم، برای نه‌وزاد تۆمه‌ته‌كانی هاتوچۆ ره‌تده‌كاته‌وه و ده‌ڵێت "لێپرسراوانی هاتوچۆ تۆمه‌ت هه‌ڵه‌به‌ستن كاتێك ده‌ڵێن نه‌خۆشی ده‌رونی هه‌یه، براكه‌م هیچ نه‌خۆشییه‌كی هاوشێوه‌ی نییه، ئه‌و ماندووه، كرێچییه و به‌بێ قاچ رۆژانه به 10 هه‌زار دینار كارده‌كات".
لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه هه‌ر ئه‌مڕۆ هه‌ینی له نه‌خۆشخانه‌ی ئازادی سه‌ردانی نه‌وزاد نه‌وزاد-یان كرد.
نه‌بیل حه‌مدی بوشناق، به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی كه‌ركوك به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و هاوڵاتییه له‌ژێر چاودێری پزیشكیدایه، دۆخی جێگیره و رێژه‌ی سوتانی سه‌دا 10ـه‌یه، ئێمه چاودێری ده‌كه‌ین تا ته‌ندروستی باش ده‌بێت و نه‌خۆشخانه به‌جێده‌هێڵێت".
بڕیاره‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له عیراق، دوابه‌دوای تۆماركردنی نه‌وه‌ی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنایه، كه خێراتر بڵاوده‌بێته‌وه و نیشانه‌كانی توندترن.
قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له كه‌ركوك، كاتژمێر 8ی شه‌وی رابردوو ده‌ستیپێكرد و تا كاتژمێر 5ی به‌یانی دوشه‌ممه‌ی داهاتوو به‌رده‌وامبێت، رۆژانی دیكه‌ی هه‌فته‌كه‌ش نیمهقهدهغهی هاتوچۆی شه‌وان تا به‌ره‌به‌یان هه‌یه.