چۆنیەتی دامەزراندنی 69 كەس لە دیوانی پارێزگای كەركوك

كەركوك/ 18ی ئابی 2020/ دەرچویەكی زانكۆ لەبەردەم بینای پارێزگا هوتاف دژی حكومەت دەڵێیتەوە و داوای دامەرزاندن دەكات فۆتۆ: كاروان ساڵحی

سۆران محەمەد – کەرکوك

ئەو 69 كەسەی راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت نوسراوی دەستبەكاربونی لە دیوانی پارێزگا بۆ دەركردون، بەپێی بڕیاری ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیران و رەزامەندی وەزارەتی دارایی حكومەتی عیراق دامەزرێنراون.

لە 8ی كانونی یەكەمی 2020دا راكان سەعید، نوسراوی دەستبەكاربونی بۆ 69 كەس كردووە لە دیوانی پارێزگا وەكو كارمەند، ئەو دامەزراندنە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا ناڕەزایی بەشێك لە دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكانی بەدواداهات، بەڵام سەرچاوەیەك راستی دامەزراندنەكە بۆ (كەركوك ناو) روندەكاتەوە.

سەرچاوەیەكە كە لە دیوانی پارێزگای كەركوك لێپرسراوێتی هەیە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو 69 كەسە، كەسوكاری پلەیەكی شەهید یان  زیندانیانی سیاسین و دامەزراندنیان بە چەند رێكارێك و دوای دەستبەكاربونی لیژنەیەك هاتووە بۆ لێكۆڵینەوە لە ناوەكان".

بەپێی نوسراوەكەی راكان سەعید، دامەزراندنی ئەو 69 كەسە، پاڵپشت بووە بە نوسراوی ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیران/ فەرمانگەی هەماهەنگی حكومیی و كاروباری هاوڵاتیان ئەوەش لە 6ی ئایاری 2019و پاڵپشت بە كۆنوسی لیژنەیەك كە تایبەت بۆ دامەزراندنی ئەو 69 كەسە پێكهێنرابوو لە ناوەڕاستی 2018دا.

دامەزراندنەكە هەروەها پاڵپشت بووە بە یاسای بودجەی 2019ەو دوای رەزامەندی وەزارەتی دارایی عیراق هاتووە لە كۆتایی ساڵی 2020دا.

ktab
چەند بەڵگە و نوسراوێكی جیاواز لەبارەی دامەزراندنی ئەو 69 كەسە

ناوەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بووەجێی رەخنەی هەندێك لەو دەرچووانەی زانكۆ و پەیمانگەكان و خەڵكی تر، كە ساڵانێكە داوای دامەزراندن دەكەن.

لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا زیاتر رەخنە لە بونی ناوی یاسین عزەدین، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان دەگیرا كە یەكێكە لە دامەزراوانی نێو ئەو 69 كەسە.

یاسین عزەدین، لەوبارەیەوە بە (كەركوك ناو)ی وت "بەڵێ من یەكێكم لەو 69 كەسەی كە ناوەكانیان بۆ دامەزراندن بڵاوبۆتەوە، ئەوانە هەموی كەسوكاری پلەیەكی شەهیدن یان زیندانیانی سیاسین، بەداخەوە بابەتەكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە سیاسیی كراوە".

زیاتر وتی "خۆی ئەم بابەتە بۆ ساڵی 2011 دەگەڕێتەوە، ئەوكات خەزێنەی دەوڵەت دوای لە کەسوکاری شەهیدان و وارسی زیندانیانی سیاسی کرد کە بەڵگەکانیان بۆ قەرەبوکردنەوە رادەست بكەن، ئەوکات من بەڵگەی خۆم رادەستكرد، لەو ساڵەوە نوسراوەکان ساڵ و ساڵی پێکراو ئەوەبوو لە ساڵی پار ناوەکان بە دامەرزاندن گەڕایەوە".

وتیشی "من تەمەنم 51 ساڵە، نە توانای دەوامم هەیە و نە ئامادەم بەم تەمەنەوە دەوامبکەم و پێویستم بەو دەوامەش نییە، نەک هەر فەرمانبەر، بمكەنە وەزیریش ئامادەنیم بچم". جەختیشیكردەوە كە ئەو كەسوكاری شەهیدی پەلەیەكە و كە ناوەكەشی گەڕاوەتەوە مافی خۆی بووە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT