15 حاڵەتی كۆرۆنای گۆڕاو لە كەركوك تۆماركران

كه‌ركوك، 19ی شوباتی 2021، سه‌پاندنی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له‌قه‌زای داقوق فۆتۆ: محه‌مه‌د ئه‌ڵماس

كەركوك ناو

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی کەرکوک، تۆماركردنی 15 حاڵەتی كۆرۆنای گۆڕاوی لە پارێزگاكە راگەیاند. هەر 15 حاڵەتەكە منداڵ و هەرزەكارن.

نەبیل حەمدی، ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی شوبات، لە لێدوانێكیدا بۆ (كەركوك ناو)، وتی "ژمارەیەک حاڵەتی كۆرۆنای گۆڕاو لە کەرکوک تۆمارکراون... توشبووەكان منداڵ و هەزرەكارن و دۆخی تەندروستییان جێگیرە".

تۆماركردنی ئەو حاڵەتانە دوای ئەوە هات كە لەچەند رۆژی رابردودا، فەرمانگەی تەندروستی كەركوك ژمارەیەک پشکنینی خوێنی منداڵ و هەزەكاری رەوانەی بەغدا كرد كە گومانی ئەوەیان لێدەكرا هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاوبن.

نەبیل حەمدی، وتی "پشكنینەكان گەڕاونەتەوە و دەركەوتووە 15 كەسیان هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاون".

فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک ئامێری تاقیگەی لەبەردەستدا نییە بۆ پشکنینی ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاو، بەوهۆیەوە ناچارە پشكنینەكان رەوانەی بەغدا بكات، ئەوەش هەر بەپێی وتەی نەبیل حەمدی.

لە 15ی شوبات یه‌كه‌م حاڵه‌تی توشبون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا نوێ له‌ عیراق تۆماركرا و بەهۆیەوە رێكارەكانی خۆپارێزی توندتر كران، لەنێویاندا داخستنی خوێندنگە و زانكۆ و پەیمانگەكان، هەروەها مزگەوت و شوێنە ئاینییەكان.

هەروەها لە شەوی پێنجشەممەی رابردوو 18ی شوبات تا دووشەممە 22ی هەمان مانگ قەدەغەی هاتوچۆ لە تەواوی پارێزگاكانی عیراق جگە لە هەرێمی كوردستان راگەیەنرا، لەئێستاشدا شەوانە لە كاتژمێر 8ی شەو تا 5ی بەیانی قەدەغەی هاتوچۆیە.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عیراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كۆتایی هەفتەی رابردوو جەختیكردەوە  كە لە سه‌دا 50ی توشبوانی كۆرۆنا له‌ عیراق له‌ نه‌وه‌ی نوێی ڤایرۆسه‌كه‌ن كە بە كۆرۆنای گۆڕاو ناودەبرێت.

به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌ پزیشكییه‌كان كۆرۆنای گۆڕاو، كه‌ چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر له‌ به‌ریتانیا و ئه‌وروپا به‌چڕی سه‌ریهه‌ڵدا، له‌ نه‌وه‌كانی پێشتری هه‌مان ڤایرۆسن و خێراتر بڵاوده‌بێته‌وه‌.

بەپێی ئامارەكانی تەندروستی عیراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی شوبات 55 حاڵەتی توشبون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەهەردوو جۆرەكەیەوە تۆماركراون و 42 حاڵەتی چاكبونەوەش هەبووە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT