سەرۆكایەتی زانكۆی كەركوك ئامادە نییە خوێندكارێكی كۆلێژی پزیشكی وەربگرێتەوە كە خۆی لەسەر پۆستێكی فەیسبوك فەسڵیكردووە، ئەوەش لەكاتێكدایە دادگا بەپێی دوو بڕیار دۆسییەكەی لە بەرژەوەندی قوتابییەکە یەكلاكردۆتەوە و مافی گەڕانەوەی بۆ كۆلێژ پێداوە.
ئەو كێشەیە بۆ ساڵی خوێندنی 2016 – 2017 دەگەڕێتەوە، كاتێك محەمەد عسمەت ئاوچی، خوێندكاری قۆناغی سێیەمی كۆلێژی پزیشكی زانكۆی كەركوك، پۆستێكی لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەسیبوك بڵاوكردەوە و تیایدا وەك خۆی دەڵێت "رەخنەم گرت لەوەی لەلایەن هەندێك مامۆستای كۆلێژەكەوە نادادی و جیاوازی لە نێوان خوێندكارەكاندا دەكرێت ".
نوسینی ئەو پۆستەی لە فەیسبوك دوای ئەوە هات، كە خوێندكارەكە لەگەڵ یەكێك لە مامۆستاكانی كۆلێژی پزیشكی بووە بە كێشەی.
دوای ئەوەی هیچ وەڵامێكی لە مامۆستاكەی دەستناكەوێت، هەمان رۆژ لە فەیسبوك رەخنەكەی بڵاودەكاتەوە، بەوهۆیەوە راگرایەتی كۆلێژی پزیشكی لیژنەی لێكۆڵینەوەی لەسەر دروستدەكەن و بڕیاری فەسڵكردنی دەدەن بۆ ساڵی خوێندنی 2016 – 2017، بەپێی گێڕانەوەی محەمەد ئاوچی بۆ (كەركوك ناو).
ئەو خوێندكارە دۆسییەكەی دەباتە دادگای باڵای ئیداری لە بەغدا بۆ گێڕانەوەی مافەكەی.
بەپێی داواكەی كە لە 12ی تشرینی یەکەمی 2017 ئاراستەی دادگای باڵای ئیداریی كردووە و كۆپییەكی لای (كەركوك ناو)ە، تیایدا هاتووە "من قۆناغی دووەمی کۆلێژی پزیشکی زانكۆی كەركوك بوم و ساڵی خوێندنی 2016 -2017م بە سەركەوتوی بڕیوە، بەڵام توشی شۆک بوم لەوەی بەپێی فەرمانێکی زانکۆیی لە 12ی تەمموزی 2017 بۆ ئەو ساڵی خوێندنە فەسڵکرام، بێ ئەوەی پێشوەختە ئاگادارم بکەنەوە و لەکاتی پشوی هاوینیشدا بڕیاری فەسڵكردنم دراوە، ئەوەش پێچەوانەی یاسایە، چونکە ئەنجامی كۆتایی ساڵم وەرگرتووە و دەرچوم بۆ قۆناغی سێ".
لەسەر ئەو سكاڵایە و لە 26ی ئازاری 2018دا، دادگای باڵای ئیداری لە بەغدا لە بەرژەوەندی محەمەد ئاوچی بڕیاردەدات و تیایدا هاتووە "دوای هەسڵگاندنی داواکە بڕیاردرا بە رەتکردنەوەی فەسڵکردنی محەمەد عسمەت ئاوچی".
محەمەد بۆ ساڵی خوێندنی 2017 – 2018 ئامادەنابێت بچێتەوە قۆناعی دووەمی پزیشكیی و لەو ماوەیەدا تەنیا سەرقاڵی دۆسییەكەی بووە و وەك خۆی دەڵێت "هەر بەڕێی بەغداوە بووە".
هەر بۆیە سەرۆكایەتی زانكۆی كەركوك لە 5ی تشرینی دووەمی 2017 جارێکی تر محەمەد ئاوچی بۆ ساڵی خوێندنی 2017 – 2018 فەسڵدەكەنەوە.
محەمەد لە 13ی شوباتی 2018دا داوایەكی تری لە هەمان دادگا دژی كۆلێژ و زانكۆكەی تۆماركردووە، دادگاش جارێكی تر و لە 28ی ئازار و دوای كەمتر لە دوو مانگ لە بەرژەوەندی ئەو بڕیاردەدات و فەسڵكردنەكە بە نایاسایی ناودەبات.
لە بڕیاری دادگای باڵای ئیداری بەغدا-دا هاتووە "دوای سەیرکردن و وردبینی لە بڵاوکراوەکانی محەمەد عسمەت ئاوچی لە سۆشیال میدیادا، دەرکەوتووە هیچ زیانێکی تیانییە بۆ سەر ناوبانگی کۆلێژ، هەروەها هیچ سوکایەتیی و ناوزڕاندنێکیشی تیا نییە و ئەوەی نوسیویەتی مافی ئازادی رادەربڕینە"، هەر بۆیە بڕیاری فەسڵكردنی بە نایاسایی دانراوە.
محەمەد بە (كەركوك ناو)ی وت "هەردوو بڕیارەكەی دادگا لە بەرژەوەندی من کۆتایی پێهاتووە، پۆستەكەی من لە فەیسبوك بە ئازادی رادەربڕین دانرا، بەڵام زانكۆی كەركوك ئامادەنییە بڕیارەكەی دادگا جێبەجێ بكات و نەیانهێشت بۆ خوێندن بگەڕێمەوە".
پۆستەكەی من لە فەیسبوك بە ئازادی رادەربڕین دانرا، بەڵام زانكۆی كەركوك ئامادەنییە بڕیارەكەی دادگا جێبەجێ بكات
د.سەباح ئەحمەد، سەرۆكی زانكۆی كەركوك، لەبارەی ئەو دۆسیەیەوە بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو خوێندکارە لەسەر بێڕێزی بەرامبەر بە مامۆستاکانی لە خوێندن دورخراوەتەوە، ئەگەر خۆشی باس لەوە دەکات کە دادگا بڕیاری لە بەرژەوەندی ئەو داوە راست نییە و تا ئێستا هیچ نوسراوێکی فەرمی دادگامان پێنەگەیشتووە".
وتیشی "هەرکاتیش نوسراوێکی فەرمیامن پێ بگات، ئەوا ئێمە پابەندی هەموو بڕێکارێک دەبین".
ئەو وتەیەی سەرۆكی زانكۆی كەركوك لەكاتێكدایە، سەرۆکی زانکۆی كەركوك و وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراق، لە 18ی نیسانی 2018 تانەیان لە دواین بڕیاری دادگا گرتووە لەبارەی ئەو دۆسیەیەوە، بەڵام دادگای تەمیز جارێكی تریش لە بەرژەوەندی محەمەد ئاوچی بڕیاریدا، ئەوەش بەپێی نوسراوەكانی دادگا كە كۆپییەكانیان لای (كەركوك ناو)ە.
ئەگەر هیچ كێشەیەك بەسەر پرۆسەی خوێندنی محەمەد عیسمەت ئاوچی-دا نەهاتبا، ئێستا ئەو قۆناغی شەشەم بوو لە كۆلێژی پزیشکی.
ئەو خوێندكارە دوای بێئومێدبونی لە گەڕانەوەی بۆ كۆلێژەكەی، بۆ خوێندن چۆتە توركیا و ئێستا قۆناغی دووەمی كۆلێژی پزیشكییە.
محەمەد ئاوچی وتی "چەندین ساڵی خوێندنم فەوتا، بەڵام دەست لە مافەكانم هەڵناگرم و داوای قەرەبوی 100 ملیۆن دینار دەكەم، لەپای لەدەستچونی چوار بۆ پێنج ساڵی خوێندن و ئەو مەسروفەی لەڕێی دادگا و پارێزەرەكانمەوە خەرجم كردووە".