لەژێر هەڕەشە و فشاردا ناچارکرام واز لە کارەکەم بهێنم

ئاشنا محه‌مه‌د*

گێچه‌ڵی‌ سێكی‌، تۆمه‌ت به‌خشینه‌وه‌، ناوزڕاندن، رێگری‌‌و سوكایه‌تی‌ پێكردن، ئه‌مه‌ هه‌موو له‌چیرۆكی‌ كاركردنی‌ مندا جێی‌ ده‌بێته‌وه‌ ساڵانێكی‌ زۆر نییه‌ وه‌ك رۆژنامه‌نووس كارده‌كه‌م.

كاری‌ رۆژنامه‌نووسی‌ بۆ پیاوان زۆر ئاسته‌م‌و پڕ زه‌حمه‌ته‌، جا چ جای‌ بۆ ژنان كه‌ له‌پاڵ هه‌موو رێگرییه‌ زۆرو زه‌وه‌نده‌كان ناوزڕاندن‌و گێچه‌ڵی‌ سێكسیشی‌ دێته‌ سه‌ر.

گێچه‌ڵی‌ سێكسی‌ له‌شوێنی‌ كاردا

سه‌ره‌تای‌ كاركردنم بوو له‌بواری‌ میدیا به‌هۆی‌ پیشه‌كه‌مه‌وه‌ رووبه‌رووی‌ گێچه‌ڵێكی‌ سێكسی‌ روون‌و ره‌وان بوومه‌وه‌.

ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ی‌ روویداوه‌ شتێكی‌ تازه‌ نه‌بێت، چونكه‌ له‌چه‌ند خانمێكی‌ دیكه‌ی‌ میدیاكارم بیستووه‌ كه‌ ئه‌وانیش له ‌شوێنی‌ كاره‌كه‌یان یان به‌هۆی‌ كاره‌كه‌یانه‌وه‌ رووبه‌رووی‌ گێچه‌ڵی‌ سێكسی‌ بوونه‌ته‌وه‌.

ساڵی‌ 2012 له‌یه‌كێك له‌كه‌ناڵه‌ كوردییه‌كان سیڤییه‌كه‌م پێشكه‌ش كرد بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌وێ‌ كار بكه‌م، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و قۆناغه‌م به‌سه‌ركه‌وتوویی تێپه‌ڕاند‌و یه‌كه‌مین كارم بڵاوبۆوه‌، كه‌سێكی‌ به‌رپرس له‌وێ‌ بابه‌تی‌ مانه‌وه‌ی‌ منی‌ گرێدایه‌وه‌ به‌وه‌ی‌ سێكسی‌ له‌گه‌ڵ بكه‌م، بۆیه‌ ده‌ستبه‌جێ‌  كه‌ناڵه‌كه‌م جێهێشت.

ئه‌مه‌ ئازایه‌تی‌ نییه‌، به‌ڵام له‌ناچاریدا منیش وه‌كو به‌شێكی‌ زۆر له‌و خانمانه‌ی‌ رووبه‌رووی‌ گێچه‌ڵ ده‌بنه‌وه‌، بێده‌نگیم هه‌ڵبژارد، هه‌موو جارێكیش هۆكاره‌كه‌ یه‌كه‌: كاتێك باسی‌ ده‌كه‌ین له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ پشتگیری‌ بكرێین، دیسانه‌وه‌ خۆمان له‌چاوی‌ كۆمه‌ڵگا ده‌بینه‌وه‌ قوربانی‌.

دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و كه‌ناڵه‌م جێهێشت بۆ ماوه‌ی سێ‌ مانگ له‌كه‌ناڵی‌ كه‌ی‌ ئێن ئێن كارم كرد، پێشتریش بۆ ماوه‌ی‌ ساڵێك وه‌ك په‌یامنێر له‌كه‌ناڵی‌ ئێن ئاڕتی‌ كارمكردبوو، پێش ئه‌وه‌ش دیسان ساڵێك وه‌ك نوسه‌ری‌ ده‌نگوباس له‌كه‌ناڵی‌ بادینان سات بوم.

به‌هۆی‌ هه‌ڕه‌شه‌و فشاره‌وه‌ وازم له‌كاره‌كه‌م هێنا

ساڵی‌ 2013 له‌نوسینگه‌ی‌ دهۆكی‌ كه‌ناڵی‌ كه‌ی‌ ئێن ئێن كارم ده‌كرد، ماوه‌یه‌كی‌ زۆر نه‌بوو له‌وێ‌ به‌رده‌وام بووم كه‌ راسپێردرام بۆ روماڵكردنی‌ ده‌نگدانی‌ تایبه‌ت له‌بنكه‌یه‌كی‌ قه‌زای‌ ئامێدی‌.

ده‌نگدانه‌كه‌ دوو رۆژ پێش ده‌نگدانی‌ گشتی‌ بوو، واته‌ له‌ 19ی‌ ئه‌یلولی‌ به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌وكات بزتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌كاریگه‌رترین بزوتنه‌وه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان بوو، كه‌ناڵی‌ كه‌ی‌ ئێن ئێن-یش كه‌ زمانحاڵی‌ ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ بوو دژایه‌تییه‌كی‌ زۆر ده‌كرا.

ئێمه‌ تیمێك بووین له‌گه‌ڵ وێنه‌گری‌ كه‌ناڵه‌كه‌ (شوكری‌ رێكانی‌) ره‌حمه‌تی‌ كه‌ سێ‌ ساڵ دواتر له‌رووداوێكی‌ ته‌مومژاویدا گیانی‌ له‌ده‌ستدا، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی‌ چووینه‌ بنكه‌كه‌ رێگریمان لێكراو به‌رپرسی‌ بنكه‌كه‌ كه‌ پله‌دارێكی‌ سه‌ربازیی بوو هه‌ڕه‌شه‌ی‌ لێكردین‌و وتی‌ ده‌ستبه‌جێ‌ ده‌بێت ئه‌و شوێنه‌ جێبهێڵین، ئێمه‌ش له‌به‌ر سه‌لامه‌تی‌ گیانی‌ خۆمان دووركه‌وتینه‌وه‌و خۆمان شارده‌وه‌.

رێبوار ناوی‌ خوازراوی‌ رۆژنامه‌نووسێكه‌ كه‌ رۆژی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ له‌ده‌زگایه‌كی‌ جیا له‌وه‌ی‌ (ئاشنا) كاری‌ ده‌كردو شایه‌ت بوو به‌سه‌ره‌ رووداوه‌كه‌وه‌، ده‌ڵێت "ئه‌و به‌رپرسه‌ زۆر به‌توندی‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ له‌..... كردو ئیتر دیاربوو ژیانی‌ .... له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دایه‌"، ئێستا ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ به‌هۆی‌ گۆڕینی‌ شوێنی‌ كاره‌كه‌یه‌وه‌ نایه‌وێت ناوی‌ راسته‌قینه‌ی‌ خۆی‌ ئاشكرا بكات.

هه‌ڕه‌شه‌و فشارو رێگرییه‌كان به‌رده‌وام بوون، من له‌زانكۆیه‌كی‌ ئه‌هلی‌ ده‌مخوێندو به‌رده‌وام دژایه‌تی‌ ده‌كرام‌و نمره‌كانم ده‌هێنرایه‌ خواره‌وه‌، له‌هه‌موو دام‌و ده‌زگا حكومییه‌كانی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ كارم رایی نه‌ده‌كرا، ده‌چوومه‌ هه‌ر شوێنێك ده‌یانوت: "ئه‌وه‌ تۆ په‌یامنێره‌كه‌ی‌ كه‌ی‌ ئێن ئێن-یت؟" وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ كاركردن له‌گه‌ڵ كه‌ی‌ ئێن ئێن تاوان بێت.

ئیتر زانیم كه‌ڵكی‌ كاركردن نه‌ماوه‌، بۆیه‌ له‌ژێر فشاردا وازم له‌و كه‌ناڵه‌ هێنا.

كاتێك ئیدیته‌ری‌ ئه‌م راپۆرته‌ داوای‌ له‌ (ئاشنا) كرد سه‌رنجی‌ كه‌ناڵه‌كه‌ی‌ بزانێت له‌باره‌ی‌ وازهێنانیه‌وه‌، ئه‌میر گۆران به‌رپرسی‌ نوسینگه‌ی‌ دهۆكی‌ كه‌ناڵی‌ كه‌ی‌ ئێن ئێن له‌نامه‌یه‌كدا نوسیبووی‌ ".... ....  لەو ماوەیەی کە وەکو پەیامنێر لەنوسینگەی دهۆکی کەناڵی KNN کاری دەکرد بوێرانەو دڵسۆزانە کارەکانی ڕادەپەڕاندو حەزو ئارەزوی لەوە زیاتری هەبوو، بەڵام بەهۆی بەربەست‌و رێگریەکانی بەردەمی ناچاركرا دەست لەکاری خۆی بەردات‌و ژیانی خۆی لەجیاتی پێشەی خۆی هەڵبژێرێت ".

شه‌ڕ له‌فه‌یسبووكه‌وه‌

له‌وه‌ته‌ی‌ وەک رۆژنامەنووس کاردەکەم رێگری زۆرم بۆ دروست بووە، كار به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌، له‌رێی‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ هه‌ڵمه‌تێكی‌ رێكخراو له‌دژی‌ من به‌ڕێوه‌ ده‌چێت بۆ ناوزڕاندنم، كاسانێك به‌ناوی‌ منه‌وه‌ ئه‌كاونتی‌ فه‌یسبووك ده‌كه‌نه‌وه‌و نامه‌ بۆ هاوڕێكانم ده‌نێرن‌و داوای‌ پاره‌یان لێده‌كه‌ن.

یاخود هه‌ندێ‌ پۆست‌و وێنه‌ به‌ناوی‌ منه‌وه‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ هه‌موو مه‌به‌ستیان ناوزڕاندن‌و سوكایه‌تی‌ پێكردنه‌، چه‌ندم كردووه‌ نه‌متوانیوه‌ بزانم ئه‌وانه‌ كێن، له‌بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ ناوچەکەی خۆمان سكاڵام تۆماركرد، ئه‌نجامێكی‌ ئه‌و تۆی‌ نه‌بوو، دواتر له‌بنكه‌یه‌كی‌ دهۆك سكاڵام تۆماركرده‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ كۆرۆناوه‌ رێوشوێنه‌كان باش نه‌چوون به‌ڕێوه‌، ئێستا ده‌ڵێن ئه‌و كه‌سانه‌ دۆزراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا ده‌ستگیر نه‌كراون.

سۆران ناوی‌ خوازراوی‌ پارێزه‌ره‌كه‌مه‌، له‌م دۆسێیه‌دا، كه‌ به‌رودی‌ چاودێری‌ ئه‌كاونته‌كه‌ی‌ كردووه‌، زانیوێتی‌ كه‌ نامه‌یان بۆ چه‌ندین هاوڕێم ناردووه‌و داوای‌ پاره‌و كارتی‌ مۆبایل‌و ئینته‌رنێتیان كردووه‌، ئه‌و ده‌ڵێت "ئه‌مه‌ به‌پێی‌ یاسای‌ خراپ به‌كارهێنانی‌ ئامێره‌كانی‌ په‌یوه‌ندی‌ تاوانه‌و ده‌بێت بكه‌ره‌كانی‌ ده‌ستگیر بكرێن".

باش ده‌زانم هه‌موو ئه‌م كارانه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌پیشه‌كه‌مه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌وانه‌ی‌ ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن ده‌شزانن ئاسانترین رێگا بۆ لێدانی‌ رۆژنامه‌نووسه‌ كچه‌كان ناوزڕاندنه‌، بۆیه‌ په‌نای‌ بۆ ده‌به‌ن.

له‌دهۆك كه‌سانێك هه‌ن كه‌ خۆیان ئاشكرا ناكه‌ن‌و وه‌ك شاره‌زای‌ بواری‌ ئینته‌رنێت خۆیان ده‌ناسێنن، ئه‌وان ده‌ڵێن كه‌ ده‌توانن ئه‌كاونته‌كان بسوتێنن‌و بكه‌ره‌ش بدۆزنه‌وه‌، به‌ڵام داوای‌ پاره‌یه‌كی‌ زۆر ده‌كه‌ن كه‌له‌ده‌سه‌ڵاتی‌ مندا نییه‌.

وازیشم هێناوه‌، به‌ڵام لێم ناگه‌ڕێن

له‌ژێر فشاره‌ زۆرو زه‌وه‌نده‌كان به‌ته‌واوی‌ له‌كاری‌ ته‌له‌فزیۆنی‌ دوور كه‌وتمه‌وه‌و ئێستا ناوه‌ ناوه‌ بۆ وێبسایته‌ كوردییه‌كان ده‌نوسم، به‌ڵام ئێستاش به‌شداری‌ هه‌ر جموجۆڵێكی‌ میدیایی بكه‌م فشارێكی‌ زیاترم ده‌خرێته‌ سه‌ر.

رۆژی‌ 13ی‌ ئابی‌ ئه‌مساڵ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك رۆژنامه‌نووس‌و چالاكوان كه‌ ده‌گه‌یشتنه‌ 10 كه‌س، چوینه‌ گۆڕستانی‌ شاخکێ له‌دهۆك بۆ ئه‌وه‌ی‌ یادی‌ چوار ساڵه‌ی‌ تیرۆركردنی‌ شه‌هید وه‌دات حسێن بكه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام به‌ر له‌گه‌یشتنی‌ ئێمه‌ هێزێكی‌ زۆری‌ ئه‌منی‌ له‌ناو گۆڕستانه‌كه‌دا بوون بۆ ئه‌وه‌ی‌ نه‌هێڵن كه‌س بچێته‌ ئه‌وێ‌.

من تاكه‌ كچ بووم له‌ناو ئاماده‌بواندا، چه‌ند خوله‌كێك پێش كاتی‌ دیاریكراوی‌ یادكردنه‌وه‌كه‌ به‌ته‌كسی گه‌یشتمه‌ شوێنه‌كه‌، یه‌كسه‌ر شه‌ش چه‌كداری‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان لێم هاتنه‌ پێشه‌وه‌و وتیان ده‌بێ‌ ئه‌وێ‌ جێبهێڵم، كه‌مێك وه‌ستام تا هه‌ڤاڵه‌كانی‌ دیكه‌ هاتن، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ ژماره‌یه‌كی‌ زیاتر له‌و چه‌كدارانه‌ له‌من نزیكبوونه‌وه‌و پله‌داره‌كه‌یان بوو به‌ده‌نگی‌ به‌رز كه‌وته‌ جنێودان‌و سوكایه‌تی‌ پێكردنم، مۆبایله‌كانیان لێسه‌ندین‌و هه‌موویان پشكنی‌‌و وتیان بڕۆن له‌بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ (گرێباز) وه‌ریبگرنه‌وه‌، دوای‌ پێنج كاتژمێر ئینجا مۆبایله‌كانیان داینه‌وه‌، له‌وێش پاش پرسیاری‌ ناو ناونیشان‌و وه‌رگرتنی‌ ژماره‌ی‌ ته‌له‌فۆن، ئینجا رێیاندا بڕۆین، به‌ڵام سێ‌ هه‌ڤاڵی‌ دیكه‌مان ده‌ستگیركران.

https://www.zamenpress.com/Details.aspx?jimare=31065

مه‌سعود هادی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ژووری‌ هه‌واڵ بوو له‌كه‌ناڵی‌ كه‌ی‌ ئێن ئێن‌و ئه‌و رۆژه‌ یه‌كێك بوو له‌ئاماده‌بوانی‌ مه‌راسیمه‌كه‌، له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت "لەرۆژی یادی تیرۆرکردنی رۆژنامەنوس وەدات حسێن رۆژنامەنوسی شاری دهۆک بەشێک لەرۆژنامەنوسان‌و چالاکوانی دهۆک لەو رۆژە ئامادەکاری کرابوو کە لەیادی تیرۆرکرنی لەسەر گۆڕەکەی لەگۆرستانی شاخکێ لەناو شاری دهۆک بەیانامە دەربکەن‌و داوای ئاشکراکردنی بکوژانی وەدات حسێن بکەن، بەڵام لەلایەن هێزی ئەمنیەکانی شاری دهۆک هەر دوو دەرگای گۆرستانی شاخکێیان داخست رێگەیاننەدا چالاکیەکە بەڕێوەبچیت‌و چەند رۆژنامەنوس چالاکوانیشیان دەست بەسەرکران ".

من ئه‌و كاته‌و ئێستاش په‌یوه‌ندیم به‌چه‌ند كه‌سێكی‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نووسان كرد له‌ناوچه‌كه‌، به‌ڵام كه‌سیان ئاماده‌ نه‌بوون نه‌ هاوكاریم بكه‌ن نه‌ لێدوان بۆ ئه‌م راپۆرته‌ بده‌ن.

وه‌دات حسێن

تیرۆركردنی‌ رۆژنامه‌نووس وه‌دات حسێن له‌و رووداوانه‌ بوو كه‌ ساڵی‌ 2016 ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی‌ زۆری‌ لێكه‌وته‌وه‌، چونكه‌ راسته‌ چه‌ندین جاری‌ دیكه‌ پێشێلكاری‌ زه‌ق به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووسان له‌دهۆك ئه‌نجامدراوه‌، به‌ڵام ئه‌م رووداوه‌یان زۆر جیاوازتربوو له‌وانی‌ دیكه‌.

وه‌دات حسێن له‌ 13ی‌ ئابی‌ ساڵی‌ 2016 له‌گه‌ڕه‌كی‌ ماڵتای‌ دهۆك، كه‌ قه‌ره‌باڵغترین گه‌ڕه‌كی‌ ئه‌و شاره‌یه‌، له‌لایه‌ن دوو ئۆتۆمبێله‌وه‌ رفێنراو دواتر كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ له‌نه‌خۆشخانه‌ی‌ ئازادی‌ شاری‌ دهۆك ته‌رمه‌كه‌یان وه‌رگرته‌وه‌ كه‌ شوێنه‌واری‌ ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی‌ زۆری‌ پێوه‌ دیاربوو.

وه‌دات حسێن له‌ئاژانسی‌ رۆژ نیوزی‌ نزیك له‌پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان كاری‌ ده‌كرد، كه‌سوكاره‌كه‌یی‌و ئاژانسه‌كه‌شی‌ هۆكاری‌ تیرۆركردنه‌كه‌یان گرێدایه‌وه‌ به‌پیشه‌كه‌یه‌وه‌.

ئاژانسی‌ رۆژ نیوز ئه‌وكات له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ كردبوو كه‌ پێشتر چه‌ند جارێك وه‌دات له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ دهۆكه‌وه‌ بانگكراوه‌و لێپێچینه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ كراوه‌.

https://www.snurmedia.com/all-details.aspx?jimare=15698

ئه‌مه‌ی‌ خوێندتانه‌وه‌، به‌شێكه‌ له‌چیرۆكی‌ قۆناغی‌ ژیانی‌ كچێكی‌ رۆژنامه‌نووسه‌ له‌ژینگه‌یه‌كی‌ زه‌حمه‌تی‌ كاركردندا، تائێستا هه‌موو ئه‌وانه‌م به‌سه‌رهاتووه‌و ناشزانم چی‌ دیكه‌ چاوه‌ڕێم ده‌كات.

*ئاشنا محه‌مه‌د، ناوی‌ خوازراوی‌ كچه‌ رۆژنامه‌نووسه‌كه‌یه‌، له‌به‌ر سه‌لامه‌تی‌ گیانی‌‌و له‌سه‌ر داوای‌ خۆی‌ ناوی‌ شاردرایه‌وه‌ -ئیدیته‌ر-

 

 

 

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT