یاسای ژنانی رزگاربوی ئێزیدی
دۆسیه‌ی منداڵانی "ده‌ستدرێژی داعش"ی یه‌كلایینه‌كرده‌وه‌

دهۆك، نیسانی 2019، پۆلێكی خوێندنگه‌ی كانی كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ خوێندنی ئایینی بۆ منداڵانی رزگاربوی ئێزیدی ژێر ده‌ستی داعش فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

عه‌مار عه‌زیز – دهۆك

په‌رله‌مانی عیراق، له‌سه‌ر داواكاری جڤاتی روحانی ئێزیدی بڕگه‌یه‌كی یاسای ژنانی رزگاربوی لابرد، كه‌ تایبه‌ت بوو به ‌یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی ئه‌و منداڵانه‌ی به‌هۆی ده‌ستدرێژی چه‌كدارانی داعشه‌وه‌ له‌ دایكبون.

یاسای ژنانی رزگاربوی ئێزیدی، 1ی ئاداری 2021 له‌ په‌رله‌مانی عیراق په‌سه‌ندكرا و تایبه‌ته‌ به‌ قه‌ره‌بوی دارایی و مه‌عنه‌وی ئه‌و خانمانه‌ی له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ رفێنران و روبه‌ڕوی توندوتیژی جیاواز بونه‌وه‌، به‌ ئامانجی دابینكردنی ژیانێكی شایسته‌ و دوباره‌ تێكه‌ڵكردنه‌وه‌یان به‌ كۆمه‌ڵگه‌.

حسێن حه‌سه‌ن نه‌رمۆ، په‌رله‌مانتاری ئێزیدی له‌ عیراق به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌ گرنگترین مادده‌كانی ناو یاساكه‌ پێدانی موچه‌یه‌كی مانگانه‌یه‌ كه‌ دوو هێنده‌ی موچه‌ی خانه‌نشینی بێت، ئێستا كه‌مترین موچه‌ی خانه‌نشینی 500 هه‌زار دیناره‌ و به‌وپێیه‌ش ژنانی رزگاربوی ئێزیدی له‌ ژیاندا بمێنن مانگانه‌ ده‌بێت موچه‌یه‌كی یه‌ك ملیۆن دیناری وه‌ربگرن".

هه‌ر له‌ یاساكه‌دا پێدانی پارچه‌یه‌ك زه‌وی نیشته‌جێبون یان شوقه‌ به‌ژنانی رزگاربو جێگیركراوه‌ له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك ناوه‌ندی ده‌رونی بۆ چاره‌سه‌ری رزگاربون و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و خانمانه‌ی به‌هۆی رفاندنیانه‌وه‌ له‌ خوێندن دابڕاون.

perleman
به‌غداد، 1ی ئاداری 2021، دانیشتنی په‌رله‌مانی عیراق كه‌ تیایدا یاسای ژنانی رزگاربوی ئێزیدی په‌سه‌ندكرا فۆتۆ: راگه‌یاندنی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان

پرۆژه‌یاساكه‌، ساڵی 2019 له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی كۆماره‌وه‌ ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان كرا، سه‌ره‌تا دوو مادده‌ی ته‌رخانكرابوو بۆ چاره‌سه‌ری دۆسیه‌ی ئه‌و منداڵانه‌ی له‌ دایكێكی ئێزیدی و به‌هۆی ده‌ستدرێژی داعشه‌وه‌ له‌دایكبون، ئه‌وه‌ش له‌رێی یاسا و به‌ پێكهێنانی دادگایه‌كی به‌رایی تایبه‌ت به‌و دۆسیه‌یه‌ له‌ ناوه‌ندی قه‌زای شنگال.

"بڕگه‌ و مادده‌ی تایبەت بە چارەسەرکردنی بابەتی منداڵانی داعش بەکۆی دەنگی په‌رله‌مانتاران و له‌سه‌ر داواکاری میری ئێزدییان و جفاتی روحانی ئێزیدی له‌ یاساكه‌دا لابرا" به‌وته‌ی په‌رله‌مانتاره ئێزیدییه‌كه‌ی به‌غدا.

ده‌زگای به‌رێوه‌بردنی ئێزیدییان له‌ جڤاتی روحانی و سه‌رۆكی جڤات (میر)، بابه‌ شێخ، شێخی وه‌زیره‌ و سه‌رۆكی قه‌والان پێكهاتوون، هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌ ده‌زگاكه‌دا ئه‌ندامن و بڕیار و فه‌توا‌كانی تایبه‌ت به‌و پێكهاته‌یه‌ ده‌رده‌كه‌ن.

بڕگه‌ و مادده‌ی تایبەت بە چارەسەرکردنی بابەتی منداڵانی داعش بەکۆی دەنگی په‌رله‌مانتاران لابرا

حسێن نه‌رمۆ ده‌ڵێت په‌رله‌مان به‌دوای جێگره‌وه‌یه‌كدا ده‌گه‌ڕێت بۆ چاره‌سه‌ری دۆسیه‌ی ئه‌و منداڵانه‌ و پێشنیاركراوه‌ یاسایه‌كی تایبه‌تیان بۆ ده‌ربكرێت، تا له‌سه‌ر ناوی دایكیان تۆماربكرێن.

به‌شێك له‌ ژنانی رفێنراوی ئێزیدی، به‌هۆی ده‌ستدرێژی سێكسی چه‌كدارانی داعشه‌وه‌ منداڵیان بوو، ئه‌وه‌ش روبه‌ڕوی ره‌تكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزیدی كردنه‌وه و ئاماده‌نه‌بون به‌ منداڵه‌كانیانه‌وه‌ وه‌ریانبگرنه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی ده‌ستبه‌رداری منداڵه‌كانیان نه‌بون نه‌یانتوانی بگه‌ڕێنه‌وه‌ نێو كه‌سوكاریان و هه‌ندێكیشیان تا دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری یاسایی له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كانه‌وه‌ داڵده‌دراون.

جه‌وهه‌ر عه‌لی به‌گ، جێگیری میری ئێزیدییان بۆ كاروباری راگه‌یاندن به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئێمه‌ داوای لابردنی بڕگه‌ی تایبه‌ت به‌ منداڵانی داعشمان كردبوو، دژی ئه‌و بڕگه‌یه‌ بوین، بۆیه‌ سوپاسی په‌رله‌مانتاران ده‌كه‌ین كه‌ بڕگه‌كه‌یان لابرد و ئێستا به‌ ته‌واوی یاساكه‌ قایلین".

ezidi-8
منداڵێكی ئێزیدی له‌ مه‌راسیمی یادكردنه‌وه‌ی "كۆمه‌ڵكوژی" ئێزیدییه‌كاندا به‌هۆی هێرشه‌كانی داعشه‌وه‌ له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی نه‌ینه‌وا فۆتۆ: رێكخراوی یه‌زدا

ئه‌نجومه‌نی باڵای روحانی ئێزیدیی، له‌ 24ی نیسانی 2019دا بڕیاریدا به‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ته‌واوی ژنان و هاوڵاتیانی رزگاربوی ده‌ستی داعش، به‌ منداڵه‌كانیشیانه‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌ نوسراوێكدا به‌ واژۆی حازم ته‌حسین سه‌عید، بریكاری ئه‌وكاتی ‌میر و سه‌رۆكی جڤاتی روحانی.

ئه‌و فه‌توایەی جڤات،‌ ناڕە‌زاییه‌كی فراوانی به‌دوای خۆیدا هێنا له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزیدیدا، بۆیه‌ سێ رۆژ دواتر له‌ نوسراوێكدا جڤاته‌كه‌ جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌ فه‌تواكه‌یاندا مه‌به‌ستیان وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و منداڵانه‌ نه‌بووه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجامی ده‌ستدرێژی چه‌كدارانی داعش بۆ سه‌ر كچان و ژنانی ئێزیدی له‌ دایك بون.

"ئێمه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و منداڵانه‌ قایل نابین، بۆیه‌ داوامانكرد له‌ یاساكه‌دا لاببرێت و لابرا" حه‌لا سه‌فیل، كچه‌ رزگاربوی ده‌ستی داعش وای وت، كه‌ له‌ چه‌ندین دانیشتنی تایبه‌ت به‌ نوسینه‌وه‌ و پێداچونه‌وه‌ی پرۆژه‌ی یاساكه‌دا ئاماده‌بووه‌.

حه‌لا به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "راسته‌ هیچ شتێك ناگاته‌ ئاستی ئه‌و زوڵم و ئازاره‌ی بینیومانه‌ به‌ده‌ستی داعش‌، چونكه‌ هه‌موو شتێكمان له‌ده‌ستدا، به‌ڵام په‌سه‌ندكردنی یاسا هه‌نگاوێكی باشه‌ و هه‌ستمان به‌وه‌كرد ئێمه‌ش پێكهاته‌یه‌كی تایبه‌ت و گرنگین له‌ عیراق".

هیچ شتێك ناگاته‌ ئاستی ئه‌و زوڵم و ئازاره‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی داعش بینیومانه‌ 

هێشتا دایك، باوك و سێ برای حه‌لا بێسه‌روشوێنن، له‌گه‌ڵ چوار خوشكی له‌ كه‌مپی بێرسیڤی زاخۆ ده‌ژی و به‌هیوایه‌ هه‌رچی زووه‌ بڕگه‌ و مادده‌كانی ناو یاساكه‌ به‌ كرداری ببینن.

چه‌كدارانی داعش؛ له‌ ئابی 2014دا ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر قه‌زای شنگالدا، شه‌ش هه‌زار و 417 هاوڵاتی ئێزیدییان رفاند، تائێستا زیاتر له‌ سێ هه‌زار و 500 ئافره‌ت و منداڵ و پیاو رزگاركراون، چاره‌نوسی زیاتر له‌ دوو هه‌زار و 700 كه‌سیشیان نادیاره‌، به‌پێی دوایین ئاماری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

نادیه‌ موراد، رزگاربوی ده‌ستی داعش و كچه‌ چالاكوانی ئێزیدی، كه‌ براوه‌ی نۆبڵی ئاشتی و باڵیۆزی نیازپاكی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌، له‌ په‌یامێكدا ده‌رباره‌ی په‌سه‌ندكردنی یاساكه‌ نوسیویه‌تی هه‌نگاوێكی ئه‌رێنی و گرنگه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی دادپه‌روه‌ری، دانپێدانانی حكومه‌ته‌ به‌ قوربانیانی توندوتیژی سێكسی و جه‌سته‌یی، به‌ ئامانجی قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتوانی ئێزیدی، تێكه‌ڵكردنه‌وه‌یان به‌ كۆمه‌ڵگه‌ و رزگاركردنی ئه‌وانه‌ی هێشتا بێسه‌روشوێنن.

هه‌روه‌ها یاساكه‌ به‌ مێژویی و سه‌ركه‌وتن بۆ ژنانی رزگاربوو ناوده‌بات، به‌پێویستیشی ده‌زانێت ده‌سه‌ڵاتداران یاساكه‌ بكه‌ن به‌ كردار.

nadia
به‌غداد، شوباتی 2021، گفتوگۆی به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق و نادیه‌ موراد، چالاكوانی ئێزیدی ده‌رباره‌ی چه‌ند ته‌وه‌رێك له‌ نێویاندا پرۆژه‌یاسای ژنانی رزگاربووی ئێزیدی فۆتۆ: سه‌رۆكایه‌تی كۆمار

به‌پێی یاسای ژنانی رزگاربوی ئێزیدی، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كی تایبه‌ت به‌ كاروباری رزگاربوان پێكده‌هێنرێت كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ی له‌ پێكهاته‌ی ئێزیدی ده‌بێت، ئه‌ركه‌كانیشی قه‌ره‌بوی زیانلێكه‌وتوان و دابینكردنی ژیانی شایسته بۆیان.

هه‌روه‌ها هاتووه‌ له‌ دامه‌زراندندا ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ رزگاربوان ده‌بێت، بێ مه‌رجی ته‌مه‌ن و تێكڕای نمره‌ش مافی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خوێندنیان هه‌یه‌.

یاساكه‌ روداوه‌كانی ده‌رهه‌ق به‌ ئێزیدی وه‌ك تاوان ناساندووه‌، جه‌ختیكردۆته‌وه‌ له‌ تۆماركردنی سكاڵا دژی ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و تاوانه‌ و 3ی ئابی هه‌موو ساڵێكیشی به‌ رۆژی نیشتمانی بۆ ناساندنی ئه‌و روداوه‌كه‌ دیاریكردووه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT