ئەو ڤاكیسنەی كۆرۆنا كە لە چینەوە بۆ عیراق رەوانە دەكرێت، هەشت ملیۆن كەس لێی سودمەند دەبن، ئەوەش دەكاتە لەسەدا 20ی دانیشتوانی هەموو عیراق.
بەرەبەیانی سێشەممە 2ی ئازار، وەجبەی یەكەمی ڤاكسینی سینۆفارم كە 50 هەزار بوو، لە وڵاتی چینەوە گەیشتە عیراق و بەپێی ژمارەی دانیشتوان بەسەر تەواوی پارێزگاكان و هەرێمی كوردستاندا دابەشكرا.
سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عیراق، لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە "كۆی ئەو ڤاكیسنانەی لە چینەوە دەگەنە عیراق، 16 ملیۆنە، ئەوەش بەشی هەشت ملیۆن كەس دەكات كە لەسەدا 20ی كۆی دانیشتوانی عیراق دەكات".
هەر دوێنێ سێشەممە، كارمهندانی نەخۆشخانەكانی تایبەت بە توشبووانی كۆرۆنا لە رەسافەی بەغداد، یهكهم ژهمه ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرت و بڕیارە دوای 21 رۆژ ژەمی دوەمی ڤاكسینەكەیان پێبدرێت.
وەزارەتی تەندروستی لە راگەیەنراوێكیدا جەختیكردەوە كە بەپێی ریزبەندی، كارمەندانی پزیشكیی و تەندروستی یەكەم وەجبەی ڤاكسینەكەیان پێدەدرێت، دوای ئەوانیش سوپا و هێزە ئەمنییەكان، دواتر بە تەمەنەكان و ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە.
لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی ڤاكسینەكە بەهیچ شێوەیەك نادرێت لەو ئافرەتانەی دووگیانن یان شیر دەدەن، هەروەها نادرێت بە منداڵانیش.
وەرگرتنی ڤاكسینەكە بێ بەرامبەرە و وەرگرتنی ئارەزومەندانەیە، وەزارەت رونیكردۆتەوە "هیچ كێشەیەكی نییە و زۆر كاریگەرە".
هەركەسێك دوو ڤاكسینی پێدەدرێت بە مەرجێك نێوانی وەرگرتنی هەردوو ڤاكسینەكە 21 رۆژ بێت.
بەپێی ئەزمونی چەند وڵاتێك ڤاكسینی سینۆفارم كە لە وڵاتی چین بەرهەمدەهێنرێت، كارییەگەرییەكەی گەیشتۆتە لەسەدا 79، لە ساردكەرەوەی ئاسایی دوو بۆ هەشت پلەدا هەڵدەگیرێت، ئەوەش وادەكات گواستنەوەی ئاسانتربێت لە هەندێك ڤاكسینی تری كۆرۆنا.
نرخی ڤاكسینەكە جێگر نییە و لە نێوان 30 بۆ 75 دۆلاردا مامەڵەی پێوەدەكرێت، بەڵام عیراق هێشتا هیچ زانیارییەكی لەسەر ناوەڕۆكی ئەو گرێبەستە و نرخی ڤاكسینەكە ئاشكرانەكردووە.
بەپێی دواین خەمڵاندنی وەزارەتی پلانادانی عیراق كە كۆتایی ساڵی رابردوو بڵاویكردۆتەوە، ژمارەی دانیشتوانی عیراق 40 ملیۆنی تێپەڕاندووە.
سەیف بەدر وتی "ئێمە جگە لەو 16 ملیۆنە پێویستمان بە ڤاكسینی تر دەبێت... لە هەوڵداین ڤاكسینی كۆمپانیاكانی تر لەوانەش فایزەر دابینبكەین بۆ ئەوەش ملیۆنێك و 525 هەزار ڤاكسینی ئەو كۆمپانیایەمان حجز كردووە، بەڵام كۆمپانیاكە داوای پاڵپشتیی یاسایی دەكات".
ملیۆنێك و 525 هەزار ڤاكسینی كۆمپانیای فایزەرمان حجز كردووە، بەڵام كۆمپانیاكە داوای پاڵپشتیی یاسایی دەكات
"وەكو وەزارەت داوامان لە پەرلەمان كردووە یاسایەك لەوبارەیەوە دەربكەن"، سەیف وایوت.
پڕۆژە یاسای تایبەت بە وەرگرتنی ڤاكسین هێشتا لە پەرلەمانی عیراقە و پەسەند نەكراوە، چاوەڕواندەكرێت لە چەند رۆژی داهاتودا دەنگی لەسەر بدرێت.
ئەو 50 هەزار ڤاكیسنەی وەك وەجبەی یەكەم لە چینەوە گەیشتە عیراق، هەر دوێنێ سێشەممە 2ی ئازار بەسەر پارێزگاكاندا دابەشكرا. لەوانەش پێنج هەزاری رەوانەی هەرێمی كوردستان كرا.
لە ناوچەكانی جێناكۆكدا لەوانەش پارێزگای نەینەوا چوار هەزار و 800 ڤاكسین، كەركوك دوو هەزار و 90 ڤاكسین و دیالەش هەزار و 400 ڤاكسینی پێ گەیشت.
نەبیل حەمدی بوشناق، بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی كەركوك لەگەڵ گەیشتنی ڤاكسینەكە بە كەركوك، وتی "لە دوو رۆژى داهاتودا هەڵمەتی كوتان دەستپێدەكەین و سەرەتا ڤاكسینەكە دەدرێت بەو كارمەندانەی تەندروستی كە لە هێڵی پێشەوەی شەڕی كۆرۆنادان و پێشتر ناوی خۆیان تۆماركردووە بۆ كوتان".
"ئومێد دەكەین بە زوترین کات ڤاكیسنی ترمان پێبگات بۆ ئەوەی هاوڵاتیانیش سودمەندبن"، نەبیل وای وت.