كچان به‌ره‌نگاری گێچه‌ڵی ئه‌لیكترۆنی ده‌بنه‌وه‌

به‌غداد/ 26ی شوباتی 2021/ كارمه‌ندانی پۆلیسی كۆمه‌ڵگه‌یی له‌ چالاكییه‌كدا فۆتۆ: وه‌زاره‌تی ناوخۆ

ئیناس حه‌سه‌ن – كه‌ركوك

"له‌رێی فه‌یسبوكه‌وه‌ یه‌كتریمان ناسی، به‌ناوی خۆشه‌ویستییه‌وه‌ هه‌ڵیخه‌ڵه‌تاندم و به‌ڵێنیدا هاوسه‌رگیریم له‌گه‌ڵدا بكات، پاشان داوای وێنه‌ی (نه‌شیاو) لێكردم، به‌ڵام نه‌چومه‌ ژێرباری خواستی ئه‌وه‌وه‌، دواتر بۆمده‌ركه‌وت درۆی كردووه‌ و پلانی هه‌بووه‌ له‌رێی ئه‌و وێنه‌یه‌وه‌ گێچه‌ڵم پێبكات" ره‌غد عه‌بدولره‌حمان وای وت.

ئه‌و داوای له‌ كچانی دیكه‌ هه‌بوو وێنه‌ی خۆیان بۆ كه‌س نه‌نێرن، چونكه‌ وه‌ك ئه‌وه‌یه‌ چه‌كێكی پاره‌ بۆ گێچه‌ڵكاران واژۆ بكه‌ن.

"ئه‌وانه‌ی گێچه‌ڵ ده‌كه‌ن، پێشتر دڵنیان‌ قوربانییه‌كه‌ له‌ ترسی ئابڕوچونی لای خێزانه‌كه‌ی ئاشكرای ناكات و باسی ناكات چی به‌رانبه‌ر كراوه‌" به‌وته‌ی مینا جاف، كارمه‌ندی پۆلیسی كۆمه‌ڵگه‌یی له‌ پارێزگای كه‌ركوك.

ئه‌وه‌شی بۆ (كه‌ركوك ناو) رونكرده‌وه‌ گێچه‌ڵكردن چه‌ندین مه‌ترسی بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ هه‌یه‌، له‌وانه‌ واده‌كات كچان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی خۆیان "كاری ناشه‌ریفانه‌" بكه‌ن، به‌وه‌ش زیان به‌ خۆیان ده‌گه‌یه‌نن، گۆشه‌گیر ده‌بن و باسی كێشه‌ خێزانییه‌كانیان ناكه‌ن.

"به‌ڵام بارودۆخی ئێستا له‌ جاران باشتره‌، كۆمه‌ڵگه‌ به‌ باشی له‌ مه‌ترسییه‌كانی گێچه‌ڵ ئاگادارن‌" جاف واده‌ڵێت.

ئێستا كۆمه‌ڵگه‌ به‌ ته‌واوی ئاگاداری مه‌ترسییه‌كانی گێچه‌ڵن

داواده‌كرێت ژنان به‌رانبه‌ر گێچه‌ڵ بێده‌نگ نه‌بن

پۆلیسی كۆمه‌ڵگه‌یی ئاشكرایده‌كات چه‌ندین گێچه‌ڵكاریان ده‌ستگیركردووه‌، له‌سه‌ر سكاڵای ژنان و دوای ئه‌وه‌ی له‌رێی هێڵی گه‌رمی (497)ـه‌وه‌ په‌یوه‌ندییان پێوه‌كردون‌، به‌وپێیه‌ی تۆمه‌تباره‌كان به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌كانیان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا هه‌ڕه‌شه‌یان لێكردون، ئه‌گه‌ر پاره‌یان پێنه‌ده‌ن یان نه‌چنه‌ ژێرباری ئاره‌زوه‌كانیانه‌وه‌.

ده‌ستگیركراوه‌كان رێكاری پێویستیان به‌رانبه‌ر ده‌گیرێته‌به‌ر، ئه‌وه‌ش پاڵپشت به‌ به‌ڵگه‌ و دوای سه‌لماندنی تێوه‌گلانیان له‌ گێچه‌ڵكردندا.

"هه‌ماهه‌نگی زۆر له‌ نێوان ئێمه‌ و پۆلیسی كۆمه‌ڵگه‌ییدا هه‌یه‌ بۆ پاراستنی خاوه‌نی دۆسیه‌كانی گێچه‌ڵ، هێڵی گه‌رمی په‌یوه‌ندیشمان هه‌یه‌ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی حاڵه‌تی له‌ناكاو" ئینتسار كه‌ریم عه‌بدوڵا، به‌ڕێوه‌به‌ری هۆبه‌ی تواناسازی ئافره‌تان له‌ دیوانی پارێزگای كه‌ركوك وای وت.

153258718_2901114043462143_1184654857463085265_o
نه‌ینه‌وا/ 24ی شوباتی 2021/ سیمینارێك بۆ بنه‌بڕكردنی گێچه‌ڵی ئه‌لیكترۆنی فۆتۆ: پۆلیسی كۆمه‌ڵگه‌یی

هه‌روه‌ها وتی "هێڵی گه‌رمی په‌یوه‌ندی رێگه‌یه‌كی پارێزراو و ئارامه‌ بۆ كچان تا باسی كێشه‌كانیان بكه‌ن، به‌وه‌ش ناچارنین بچنه‌ بنكه‌ی پۆلیس و دادگاكان كه‌ ره‌نگه‌ له‌وه‌دا به‌هۆی دابونه‌ریتی كۆمه‌ڵگه‌وه‌ روبه‌ڕوی مه‌ترسی ببنه‌وه‌".

ئینتسار كه‌ریم، ده‌رباره‌ی رێكاره‌كانی بنه‌بڕكردنی ئه‌و دیارده‌یه‌ ده‌ڵێت ئه‌وان و پۆلیسی كۆمه‌ڵگه‌یی، چه‌ند خولێكی راهێنانیان بۆ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆسیه‌كانی گێچه‌ڵكردن بینیووه‌ و پێكه‌وه‌ توانیویانه‌ چه‌ندین حاڵه‌تیش چاره‌سه‌ر بكه‌ن.

هێڵی گه‌رمی په‌یوه‌ندی رێگه‌یه‌كی پارێزراو و ئارامه‌ بۆ كچان تا باسی كێشه‌كانیان بكه‌ن

له‌ هه‌ردوو پارێزگای كه‌ركوك و نه‌ینه‌وا، زنجیره‌یه‌ك سیمیناری هۆشیاری بۆ ژنان به‌ڕێوه‌چووه‌، به‌ ئامانجی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی گێچه‌ڵ، ئه‌وه‌ش‌ به‌سه‌رپه‌رشتی رێكخراوه‌ ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.

كۆتا سیمینار 24ی شوباتی 2021 بوو، كۆمه‌ڵه‌ی ئافره‌تانی به‌غداد سیمینارێكی هۆشیارییان به‌ڕێوه‌برد ده‌رباره‌ی گێچه‌ڵی ئه‌لیكترۆنی و چۆنیه‌تی خۆپاراستن له‌و حاڵه‌ته‌، له‌گه‌ڵ رونكردنه‌وه‌ی ئه‌ركه‌كانی پۆلیسی كۆمه‌ڵگه‌یی بۆ ژنانی گه‌ڕه‌كی مه‌ساریف له‌ شاری موسڵ.

هه‌روه‌ها رێكخراوی مێرسی كۆر به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی نه‌ینه‌وا سیمیناری ده‌رباره‌ی گێچه‌ڵی ئه‌لیكترۆنی و چۆنیه‌تی پاراستنی هه‌ژماری تایبه‌تی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بۆ كچانی خوێندكار هه‌بووه‌.

 

هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌شت حاڵه‌ت له‌ كه‌ركوك و نه‌ینه‌وا

به‌پێی ئامارێكی پۆلیسی كۆمه‌ڵگه‌یی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق كه‌ ده‌ست (كه‌ركوك ناو) كه‌وتووه‌، هه‌شت حاڵه‌تی گێچه‌ڵی ئه‌لیكترۆنی ده‌رهه‌ق به‌ ژنان له‌ پارێزگاكانی كه‌ركوك و نه‌ینه‌وا له‌ماوه‌ی 40 رۆژی رابردودا هه‌ڵوه‌شێنراونه‌ته‌وه‌.

له‌ دوایین روداودا، پۆلیسی كۆمه‌ڵگه‌یی 28ی شوباتی 2021 توانیویانه‌ كۆتایی به‌ دوو هه‌ڕه‌شه‌ و گێچه‌ڵی ئه‌لیكترۆنی له‌ كه‌ركوك و نه‌ینه‌وا بهێنن.

له‌ 24ی شوباتی 2021یشدا پۆلیسی كۆمه‌ڵگه‌یی دوو گێچه‌ڵی ئه‌لیكترۆنییان دژی دوو كچ له‌ نه‌ینه‌وا راگرتووه‌، كه‌ روبه‌ڕوی هه‌ڕه‌شه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌كانیان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بونه‌وه‌.

پۆلیسی كۆمه‌ڵگه‌یی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ده‌ڵێت گێچه‌ڵكاری یه‌كه‌م داوای ملیۆنێك و 500 هه‌زار دینار و دوه‌میش داوای له‌ كچه‌كه‌ كردووه‌ بچێته‌ ژێرباری ئاره‌زوه‌كانیه‌وه‌.

118306901_3338187689579214_691592891533966296_n
وێنه‌یه‌كی هونه‌ری بۆ گوزارشتكردن له‌ گێچه‌ڵی ئه‌لیكترۆنی

 

له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ بۆ وڵاتانی رۆژئاوا

هاوڵاتییه‌ك له‌ كه‌ركوكه‌وه‌، گێچه‌ڵی به‌ كچێكی دانیشتوی یه‌كێك له‌ وڵاتانی رۆژئاوا كردووه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌كانی كردووه‌، ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵدا بپچڕێنێت.

پۆلیسی كۆمه‌ڵگه‌یی ده‌ڵێت له‌ 8ی شوباتی 2021 توانیویانه‌ ئه‌و گێچه‌ڵكاره‌ بدۆزنه‌وه‌، به‌ڵگه‌كانی تێوه‌گلانی خراونه‌ته‌روو، دانی به‌وه‌داناوه‌ گێچه‌ڵی به‌و كچه‌ كردووه‌ كه‌ پێشتر په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵدا هه‌بووه‌، بۆیه‌ رێكاری پێویستی به‌رانبه‌ر گیراوه‌ته‌به‌ر، دوای سڕینه‌وه‌ی وێنه‌كان و ئه‌و بابه‌تانه‌ی وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ له‌به‌رانبه‌ر كچه‌كه‌دا به‌كاریهێناوه‌.

له‌ روداوێكی دیكه‌شدا، هاوڵاتیه‌ك دوای ناسینی كچێك له‌رێی ئینستاگرام و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی به‌ هاوسه‌رگیری، هه‌ڕه‌شه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌كانی كردووه‌ ئه‌گه‌ر نه‌چێته‌ ژێرباری ئاره‌زوه‌كانیه‌وه‌ یاخود پاره‌ی پێنه‌دات.

 

گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پێنج ملیۆن دینار بۆ كچێك

پۆلیسی كۆمه‌ڵگه‌یی له‌ 28ی كانونی دوه‌می 2021، توانیویانه‌ دوو حاڵه‌تی گێچه‌ڵ و هه‌ڕه‌شه‌ به‌رانبه‌ر دوو كچی كه‌ركوكی هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌، بڕی پێنج ملیۆن دیناریشیان بۆ كه‌سوكاری یه‌كێكیان گه‌ڕاندۆته‌وه‌، كه‌ گێچه‌ڵكاره‌كه‌ له‌رێی هه‌ڕه‌شه‌وه‌ له‌ كچه‌كه‌یانی وه‌رگرتبوو.

گێچه‌ڵكارێك له‌ڕێی هه‌ڕه‌شه‌وه‌ پێنج ملیۆنی دیناری له‌ كچێك وه‌رگرتووه‌

ئه‌و چالاكییه‌كه‌ی پۆلیسی كۆمه‌ڵگه‌یی له‌سه‌ر داواكاری و دوای پێدانی زانیاری بووه‌ له‌لایه‌ن كه‌سوكاری یه‌كێك له‌ كچه‌كانه‌وه‌، كه‌ داوایانكردووه‌ كچه‌كه‌یان له‌ده‌ستی ئه‌و گێچه‌ڵكاره‌ رزگار بكرێت، چونكه‌ هه‌ڵیخه‌ڵه‌تاندووه‌ و وێنه‌ی بردووه‌، دواتر هه‌ڕه‌شه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌كانی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا كردووه‌، جگه‌ له‌وه‌ی به‌ هه‌ڕه‌شه‌ توانیویه‌تی ئه‌و پێنج ملیۆن دیناره‌كان لێوه‌ربگرێت.

به‌وته‌ی پۆلیس تۆمه‌تباره‌كه‌ دانی به‌وه‌داناوه‌ گێچه‌ڵی كردووه‌، بۆیه‌ رێكاری پێویست به‌رانبه‌ری گیراوه‌ته‌به‌ر، دوای ئه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی گێچه‌ڵ و وێنه‌كان سڕدراونه‌ته‌وه‌ و پاره‌كه‌یشی لێوه‌رگیراوه‌ته‌وه‌.

ره‌غد عه‌بدولره‌حمان، دوای ئه‌وه‌ی روبه‌ڕوی گێچه‌ڵی ئه‌لیكترۆنی بۆوه‌، پۆلیسی كۆمه‌ڵگه‌یی ئاگاداركرده‌وه‌ و خۆی پاراست، "وانه‌یه‌كی وام فێركرد كه‌ جارێكیتر هه‌وڵنه‌دات یاری به‌ كچانی دیكه‌ بكات" ره‌غد وای وت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT