رێککەوتنێکی نێوان فەرمانگەی کەرکوک و سلێمانی

كەركوك/2020/ دیمەنێك لە قەڵای كەركوك لەكاتی قەدەغەی هاتوچۆدا بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

هەردوو فەرمانگەی دادنوسی کەرکوک و بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی رێککەوتن راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ یەکتردا بکەن، ئەوەش لەپێناو کار ئاسانیکردن بۆ هاوڵاتیان.

ئەو رێککەوتنە دوای کۆبونەوەیەکی هەردولا هات کە ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی ئازار لە سلێمانی بەڕێوەچوو، ئەوەش دوای 10 ساڵ دێت لە پچڕانی "پەیوەندی راستەوخۆی نێوانیان"، بەپێی بەیاننامەیەكی دادنوسی كەركوك كە كۆپییەكی بۆ (كەركوك ناو) هاتووە.

پەیڕەو یاسین، بەڕێوەبەری دادنوسی کەرکوک، لەوباەیەوە بە (کەرکوک ناو)ی وت "10 ساڵ دەبێت هیچ پەیوەندییەکی ئیداریی راستەوخۆ لە نێوان دادنوسی کەرکوک و بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانیدا نەمابوو، ئەوەش کاری هاوڵاتیانی قورس کردبوو".

ئەو رونیکردەوە "پێشوتر هاوڵاتییەک ئەگەر بیویستایە مامەڵەی وەکالەتی ئۆتۆمبێل لە کەرکوک تەواوبکات، دەبوو کارەکەی لە دادنوسی ئێمە بکردایە، دواتر ئێمە رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دادنوسمان دەکرد لە وەزارەتی دادی عیراق، پاشان ئەوان نوسراوەکەیان بۆ وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم دەکرد، پاش ئەوە ئینجا رەوانەی هاوچۆی سلێمانی دەکرا، دواتر بە هەموو ئەو رێگایانەدا دەگەڕایەوە بۆ ئێمە، ئەوەش جاری وا هەبوو شەش مانگی دەویست".

hatucho-1
كەركوك/ 7ی ئاداری 2021/ لایەنێك لە كۆبونەوەی نێوان هەردوو فەرمانگەی دادنوسی كەركوك و هاتوچۆی سلێمانی. فۆتۆ: راگەیاندنی دادنوسی كەركوك

پەیڕەو یاسن وتی "دوای رێککەوتنی ئەمڕۆمان ئیتر هیچ پێویست ناکات هاوڵاتییەک سەردانی سلێمانی بکات بۆ مامەڵەی (وەکالەتی ئۆتۆمبیل)، ئێستا راستەوخۆ دەتوانێت لە هەر فەرمانگەیەکی دادنوسی کەرکوک بیەوێت مامەڵەکەی بکات و هاتوچۆی سلێمانیش مامەڵەکەی راستەوخۆ قبوڵدەکات".

وتیشی "لە هەوڵدانی هەمان رێککەوتن لەگەڵ هەردوو هاتوچۆی هەولێر و دهۆکدا بکەین".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT