دانیشتوانی كه‌مپی شێخان، حه‌وت ساڵه به‌ده‌ست تاڵی و سوێری ئاوی خواردنه‌وه‌وه ده‌ناڵێنن، له‌كاتێكدا حكومه‌ت له چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه‌دا كۆڵی داوه.
به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، ئه‌و ئاوه‌ی بۆ كه‌مپی ئاواره‌كانی شێخان دابینده‌كرێت، تامی هه‌یه؛ له‌یه‌ككاتدا تاڵه و سوێریشه، بۆیه خه‌ڵكه‌كه‌ی پشت به دانانی فلته‌ر ده‌به‌ستن، یان ئاوی ده‌به ده‌كڕن و ئه‌وانه‌یشی تواناى داراييان باش نییه به ناچاری به‌كاریده‌هێنن.
"ئه‌و ئاوه به‌هیچ جۆرێك به كه‌ڵكی خواردنه‌وه نایه‌ت، تامێكی زۆر ناخۆشی هه‌یه، جگه‌له‌وه‌ش لم و هه‌ندێكجار قوڕاوی تێدایه" سالم خه‌ڵه‌ف، دانیشتوی كه‌مپی شێخان بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.
ئه‌و كه خه‌ڵكی ناحیه‌ی گرعوزێری شنگاله و نزیكه‌ی حه‌وت ساڵه له‌و كه‌مپه نیشته‌جێیه، ده‌ڵێت هه‌وڵی زۆریانداوه بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌یان، به‌ڵام بێ سود بووه، له‌كاتێكدا پشكنینیان بۆ كردووه و پێویسته ئه‌و ئاوه به‌كارنه‌هێنرێت، ئه‌گه‌ر فلته‌ری (ئامێری پاڵاوتنی ئاو) بۆ دانه‌نرێت.
ئه‌و ئاوه به‌هیچ جۆرێك به كه‌ڵكی خواردنه‌وه نایه‌ت
به‌پێی ستاندارد و پێوه‌ره زانستییه‌كان ئاوی خواردنه‌وه پێویسته بێ تام، بێ بۆن و بێ ره‌نگ بێت.
سالم سه‌رباری ئه‌وه‌ی له بارودۆخێكی خراپی داراییدایه، به‌ڵام له‌به‌ر هه‌شت منداڵه‌كه‌ی ئاماده‌نه‌بووه ئه‌و ئاوه به‌كاربهێنێت و فلته‌ری به 125 هه‌زار دینار كڕیووه، "ماوه‌یه‌ك ئه‌و ئاوه پیسه‌مان خوارده‌وه .. به‌ڵام بیستمان كه‌سانێك توشی نه‌خۆشی بون، برایه‌كیشم به‌ردی گورچیله‌ی بۆ دروستبوو، ره‌نگه هۆكاره‌كه‌ی ئه‌و ئاوه بێت.. بۆیه تائێستا دوو ئامێری پاڵاوته‌ی ئاوم كڕیووه".
سه‌رچاوه‌ی دابینكردنی ئاوی كه‌مپی شێخان، چه‌ند بیرێكی ئیرتیوازییه، له‌وێوه ده‌خرێته نێو تانكی گه‌وره و دواتر له‌رێی تۆڕه‌كانی دابه‌شكردنی ئاوه‌وه به هاوڵاتیانی نێو كه‌مپه‌كه ده‌گات.
ماهر حه‌جی خدر، كه دانیشتوی كهمپهكهیه و پێشتر له‌گه‌ڵ رێكخراوی (ACF) بۆ فریاگوزاری ئاواره‌كان كاریكردووه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "له ساڵی 2015دا ئه‌و رێكخراوه ویستی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی ئاوی كه‌مپه‌كه بكات، هه‌موو تانكییه‌كانی گۆڕی، تۆڕی دابه‌شكردنی ئاوی نۆژه‌نكرده‌وه، رۆژانه‌ش كلۆری ده‌خسته نێو تانكییهكانهوه تا تامی ئاوه‌كه ئاسایی ببێته‌وه، به‌ڵام ئه‌و چاره‌سه‌ره‌ش یه‌كجاری نه‌بوو، كێشه‌كه هه‌ر مایه‌وه".
"ئێستا ئه‌و ئاوه ته‌نانه‌ت بۆ چا به‌كارناهێنین، ته‌نیا بۆ جلشتن و كاروباری دیكه‌یه، ئاوی ده‌به ده‌كڕین بۆ خواردنه‌وه و چێشتلێنان، یان له ناوچه‌كانی تری شێخان به ده‌به ئاو ده‌هێنین" به‌وته‌ی ماهر.
ئه‌و ده‌ڵێت له‌سه‌ردانی هه‌ر لێپرسراوێكدا به‌ڵێنی چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه دراوه، به‌ڵام ده‌ره‌نجامی نه‌بووه، "من له‌م كه‌مپه توشی نه‌خۆشی بوم، به‌ردی گورچیله‌م هه‌یه و له پشكنینهكانمدا لای پزیشك وتی به‌هۆی ئاوی پیسه‌وه‌یه".
كه‌مپی شێخان، ده‌كه‌وێته سنوری كارگێڕیی ئیداره‌ی پارێزگای دهۆك، 627 خێزانی ئاواره‌ی تێدایه كه له سێ هه‌زار و 145 هاوڵاتی پێكهاتون، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماره‌كانی ناوه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كان سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
كاروان زه‌كی، لێپرسراوی به‌شی راگه‌یاندن له ناوه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كان -كه سه‌رپه‌رشتی هه‌موو كه‌مپه‌كانی ئاواره‌یی ده‌كه‌ن- به (كه‌ركوك ناو)ی وت "دوای گله‌یی هاوڵاتیان له تاڵی ئاوی كه‌مپ، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك رێكخراو به‌دواداچونی وردمان كرد و دوای پشكنین ده‌ركه‌وت ئاوه‌كه له‌روی ته‌ندروستییه‌وه هیچ كێشه‌یه‌كى نییه، ته‌نیا ئه‌وه‌یه كه‌مێك تاڵه".
ئه‌و ده‌ڵێت سه‌ره‌تای ئه‌و كێشه‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵانی 2014 و 2015، ئه‌وكاته‌ی ئاواره‌كان له‌و كه‌مپه‌دا نیشته‌جێكراون و دوو بیری ئیرتیوازییان بۆ هه‌ڵكه‌نراوه.
ئاوه‌كه له‌روی ته‌ندروستییه‌وه كێشه‌ی نییه، به‌ڵام كه‌مێك تاڵه
"ئێمه بیرێكی دیكه‌ی ئاومان له كه‌مپه‌كه لێدا، ئه‌ویش دوای پشكنین هه‌مان ده‌ره‌نجامی هه‌بوو".
زه‌كی وتی "بۆ دڵنیایی زیاتر داوامان له ته‌ندروستی دهۆك كرد پشكنین بكه‌ن، ئه‌وانیش له چه‌ند كاتێكی جیاوازدا پشكنینیان بۆ ئاوه‌كه كرد و ده‌ركه‌وت له‌روی ته‌ندروستییه‌وه كێشه‌ی نییه، به‌ڵام كه‌مێك تاڵه، هۆكاری ئه‌وه‌ش بۆ سروشتی ناوچه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه و له ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌دا نییه".
له كۆی دانیشتوانی كه‌مپه‌كه نزیكه‌ی 400 خێزان ئامێری پاڵاوتنی ئاویان به‌ستووه كه نرخی هه‌ر ئامێرێك له نێوان 45 تا 125 هه‌زار دیناردایه.
قاسم حه‌سه‌ن موراد، ئاواره‌ی كهمپهكهیه و كاری به‌ستنی ئامێری پاڵاوته‌ی ئاو ده‌كات، ئه‌و به‌پێی به‌دواداچون و ئه‌زمونی له كێشه‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌ی كه‌مپی شێخان به (كه‌ركوك ناو)ی وت "رێژه‌ی خوێ له ئاوه‌كه‌دا بێ ئامێری پاڵاوتن به‌رزه، تامێكی ناخۆش به ئاوه‌كه ده‌دات و به كه‌ڵكی خواردنه‌وه نایه‌ت، به‌ڵام به ئامێره‌كه‌وه رێژه‌ی خوێ له ئاوه‌كه‌دا كه‌مده‌بێته‌وه".
"ژماره‌یه‌ك خێزان، كه زیاتر له 100 خێزان ده‌بن هه‌ژاران و له توانایاندا نییه ئه‌و ئامێره بكڕن، بۆیه ئاوه پیسه‌كه ده‌خۆنه‌وه" قاسم حه‌سه‌ن موراد وای وت، پێشنیازیشیكرد رێكخراوه مرۆییه‌كان یان حكومه‌ت ئامێری پاڵاوته بۆ ئاواره‌كان دابینبكه‌ن ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری یه‌كجاری بۆ ئاوی خواردنه‌وه ناكرێت.
زۆرینه‌ی ئاواره‌كانی ئه‌و كه‌مپه له پێكهاته‌ی ئێزیدی و خه‌ڵكی نه‌ینه‌وان، به‌شێكیان خانوه‌كانیان وێرانه‌یه و ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه، بۆیه به ناچاری له كه‌مپدا ماونه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌بێت خۆیان له‌گه‌ڵ تاڵی و سوێری ئاوه‌كه‌دا بگونجێنن.
ئه‌سكه‌نده‌ر محه‌مه‌د ئه‌مین، به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق له پارێزگای دهۆك به (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌رێی ئێوه‌وه زانیومانه ئه‌و كێشه‌یه هه‌یه، به دڵنیاییه‌وه به‌دواداچون ده‌كه‌ین و هه‌وڵده‌ده‌ین چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزینه‌وه".
ئه‌و داوایكرد ئیداره‌ی كه‌مپی شێخان به نوسراێك له ورده‌كاری كێشه‌ی ئاوی خواردنه‌وه ئاگاداریان بكاته‌وه تا لیژنه‌ی بۆ پێكبهێنرێت له‌سه‌ر ئاستی وه‌زاره‌ت و بودجه‌یان بۆ دابینبكرێت.
هێشتا له هه‌رێمی كوردستان زیاتر له 668 هه‌زار ئاواره هه‌ن و به‌شێكیان به‌سه‌ر 25 كه‌مپدا له پارێزگاكانی هه‌ولێر، سلێمانی و دهۆك دابه‌شبون.